سبەی
لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرا دوای بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، یاسای سزاکان بە جۆرێک هەموار بکرێتەوە، زەمینە بۆ ئەم پرۆسە نوێیە بڕەخسێنێت، کەچی ئاک پارتی و دەم پارتی لەمبارەیەوە نەگەیشتنە ڕێککەوتن و تەنیا زیندانییە نەخۆش و بەساڵاچووەکان دەتوانن لە هەموارکردنەوەی یاساکە سوودمەند بن.
هەرچەندە دوێنێ چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025 بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و 15 خولەک شاندی دەم پارتی و ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە، نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی چۆنێتیی هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان.
لە کاتێکدا دەم پارتی داوای کرد ئەو حوکمدراوانە سوودمەندبن لەو یاسایەی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید-19 لە نیسانی 2020 دەرچوو، بۆ ئازادکردنی مەرجداری ژمارەیەک لەو حوکمدراوانەی بەر لە 31ـی تەمموزی 2023 خرانەوە زیندان، بەڵام شاندی ئاک پارتی ئەمەی بە فراوانتر لە هەموارکردنەوەی یاسای سزادان زانی و نیگەرانبوون و هەراسانبوونی خەڵکی کردە پاساو بۆ ئەوەی هەموارکردنەوەی یاساکان بەو جۆرە بێت کە خۆی دەیەوێت.
لە بەرامبەردا شاندی دەم پارتی پێداگیری لەو داواکارییە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەموارکردنەوەیە جیاوازە لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بە پێویستی ئەم مادەیەش لە هەموارکردنەوەی یاساکان جێی بکرێتەوە.
کاتژمێر 15:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025 هەموارەکە پێشکەشی پەرلەمان کرا و لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند 10ـەمین پاکێجی چاکسازیی دادوەرییان پێشکەش کردووە کە لە 30 مادە پێکدێت.
لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەی ئەمڕۆ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان پێشکەشی پەرلەمان کراوە؛ سەزای تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند: "ئەمە تەنیا زیندانییە نەخۆشەکان دەگرێتەوە. بە داخەوە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گرنگ کە خەڵک چاوەڕێی دەکرد، لەو پاکێجەدا ناکرێت".
سەزای تەمەللی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاک پارتیی دەسەڵاتدار خوێندنەوەیەکی تەواوی نەکردووە، بۆیە گۆڕانکارییەکانی دیکە بۆ وەرزی پاییز جێ هێڵدراون.
مەزەندە دەکرێت لە ڕێگای ئەم هەموارکردنەوەوە 50 هەزار حوکمدراو کە کەمتر لە سێ ساڵیان ماوە سزای زیندانیکردنیان تەواوبێت، ئازاد بکرێن.
دەستەی چاودێری زیندان بڕیاری لەوە دەدات کام زیندانییانە لەو هەموارکردنەوەیە سودمەند ببن. ئەوانەی دۆخیان باش نییە ئازاد دەکرێن و ماوەی سزادانی ئەوانەش کەم دەکرێتەوە کە زیاتر لە جارێک تاوانیان ئەنجام داوە.