رۆژئاواى کوردستان و تورکیا؛ لە پێکدادانەوە بۆ دانوستان

#رۆژئاواى کوردستان#تورکیا
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەو چوارچێوەیەشدا هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا پێشنیازى بۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە کردووە لە دیمەشق کۆبنەوە، بەئامادەبوونى بەرپرسانى سوریا، ئەوەش بەپێی پێگەى ئەلمۆنیتۆر.
Primary Asset

سبەى

رۆژئاواى کوردستان و تورکیا بەرەو گفتوگۆ و دانوستان هەنگاو دەنێن، دواى ساڵانێکى درێژ لە هێرش و رووبەڕوبوونەوە، ئۆپراسیۆن و هێرشى تورکیا و گروپە چەکدارەکان بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان.

بەدرێژایی ساڵانى دواى دامەزراندنى ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا لە ساڵى 2013 ەوە تا ئێستا، پەیوەندییەکانى نێوان ئیدارەکە و تورکیا هەڵکشان و داکشانى زۆریان بەخۆوە بینیوە و گرژى و پێکدادان باڵى بەسەر پەیوەندییەکانیاندا کێشاوە.

لەدواى روخانى رژێمى بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵى رابردوو، گرتنە دەستى دەسەڵات لەلایەن گروپەکانى تەحریر شام بەسەرۆکایەتى ئەحمەد شەرع سەرۆکى ئێستاى سوریا، گەڕێکى دیکەى گرژى لەنێوان تورکیا و رۆژئاواى کوردستان سەریهەڵدایەوە، دواى ئەوەى تورکیا و گروپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانى ژێر کۆنتڕۆڵى هەسەدە بەتایبەتى بەنداوى تشرین لەسنورى مەنبج دەستپێکرد، بەڵام هەسەدە شکستى بە هێرشەکانیان هێنا.

ئەو گرژیی و ئاڵۆزیانە دواى چەند مانگێک هێوربوونەوەى بەخۆوە بینى، بەتایبەتى دواى رێککەوتنى نێوان 10 ى شوباتى 2025 لە نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بەسەرپەرشتى ئەمەریکا، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور.

سەرەڕاى ئەو هۆکارە، دانوستانى ئاشتى نێوان تورکیا و پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) گوڕێکى دیکەیدا بە ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەسەدە و ئەنقەرە، بەتایبەت کە تورکیا چاوى لەوەیە لە رێگەى ئەو پڕۆسەیەوە هەسەدەش چەک دابنێت، هەرچەندە هەسەدە رەتیدەکاتەوە کە ئەو پڕۆسەیە پەیوەندى بەئەوانەوە هەبێت.

لەگەڵ بەرەو پێشچوونى زیاترى پڕۆسەى ئاشتى و پەیوەندییەکانى نێوان هەسەدە و دیمەشق، ئەمەریکا هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە بۆ کۆبوونەوەى راستەوخۆى نێوان تورکیا و دیمەشق لەگەڵ هەسەدە.

لەو چوارچێوەیەشدا هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا پێشنیازى بۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە کردووە لە دیمەشق کۆبنەوە، بەئامادەبوونى بەرپرسانى سوریا، ئەوەش بەپێی پێگەى ئەلمۆنیتۆر.

لاى خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتى هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس رایگەیاند، لە پەیوەندی راستەوخۆدان لەگەڵ تورکیا و ئامادەیە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا کۆبێتەوە.

دەشڵێت، ماوەى دوو مانگ و نیوە، لە ئاگربەستێکى کاتى و مەرجداردان لەگەڵ تورکیا، هیوادارن ئەوەش بگۆڕێت بۆ ئاگربەستێکى هەمیشەیی.

مەزڵوم عەبدی ئاماژەى بەوەکردووە، لە ئێستادا کاردەکەن بۆ رەواندنەوەى نیگەرانییەکانى تورکیا، وەک دۆسیەى ئەمنى و پرسەکانى پەیوەست بە هێڵەکانى پێکدادان و خاڵى بەریەککەوتن.

ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵى ئیدارەکەدایە نزیکەی نیوەی درێژی سنووری تورکیا و عێراق پێکدەهێنن. هێڵى سنووری لەگەڵ عێراق لە باکوری پارێزگای حەسەکەوە دەستپێدەکات تا باغۆز، بە درێژایی زیاتر لە 460 کیلۆمەتر.

 ناوچەی جیاکراوەى نێوان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیا لە عەین دیوارەوە، لەسەر سێگۆشەی سنووری سوریا-عێراق-تورکیا، تا دەگاتە سنورى مەنبەج دەستپێدەکات، کە درێژییەکى زیاتر لە 420 کیلۆمەترە. جگە لە نزیکەی 130 کیلۆمەتر لە ژێر کۆنترۆڵی گروپەچەکدارەکانى سەر بە تورکیادایە.

فەتحوڵا حوسەینى نوێنەرى ئیدارەى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا لە هەرێمى کوردستان بە سبەى راگەیاند، بە هەوڵى ئەمەریکا لێکتێگەیشتنى باش هەیە لەنێوان هەسەدە و تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان و هەنگاوى باشى بڕیوە.

وتیشى ئەو هەنگاوە بەلاى ئەوانەوە زۆر گرنگە، بەتایبەت ئەگەر تورکیا لەجیاتى ئەوەى ببێتە هەڕەشە، ببێتە دراوسێیەکى باش، ئیدارەى خۆسەر هەمیشە دەستى بۆ ئاشتى درێژکردووە بۆ هەر کەس و وڵاتێک کە ئاشتى بوێت.

تورکیا تا ئێستا سێ ئۆپەراسیۆنى لە ناوچەکانى ژێر کۆنتڕۆڵى هەسەدە ئەنجام داوە، مانگى ئابى ساڵى ٢٠١٦ لە ئۆپراسیۆنى فوراتدا دەستیگرت بەسەر شارۆچکەکانى (جەرابلوس و عەزازو راعى)، لە ئۆپەراسیۆنى دووەمدا لەژێر ناوى "چڵە زەیتون" لە شوباتى ٢٠١٧ دواى ٥٦ رۆژ بەرگری دەستى بەسەر عەفریندا گرت، سێیەمیان لە مانگی ٩ى ساڵى ٢٠١٩ بوو لەژێر ناوى "کانى ئاشتى" کە تێیدا چووە ناوچەکانى سەرێکانى و گرێسپیەوە.

ئۆپراسیۆنەکەى ساڵى 2017ى تورکیا، کۆتایی بە هەوڵى ئیدارەکە هێنا. بۆ پێکەوە بەستنى كانتۆنەكانی كۆبانی‌و عەفرین‌و جەزیرە، کەخەونێکى گەورەى کوردانى رۆژئاواى کوردستان بوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی