بەوێنە؛ منداڵێکی ئۆتیزم بە دروستکردنی گەورەترین تابلۆی قوماش ناوی دەچێتە کتێبی گینسەوە

#منداڵ#ئۆتیزم#کتێبی گینس#ژمارەی پێوانەیی#گەورەترین تابلۆ
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • منداڵێکی نەیجیری تەمەن 15 ساڵ و توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم، بە دروستکردنی گەورەترین تابلۆ لەسەر قوماش ناوی دەچێتە ناو کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.
Primary Asset

سبەی

منداڵێکی نەیجیری تەمەن 15 ساڵ و توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم، بە دروستکردنی گەورەترین تابلۆ لەسەر قوماش ناوی دەچێتە ناو کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان.

منداڵەکە ناوی کانی یاچوکۆ تاجبو ئۆکیکیە، توانیویەتی لەماوەی کورت و دیاریکراودا گەورەترین تابلۆ لەسەر قوماشێک بە روبەری 12304 مەتری چوارگۆشە دروست بکات، کە چەندجارێک گەورەترە لە روبەری یاریگایەکی نموونەیی تۆپی پێ کە روبەرەکەی 7140 مەتری چوارگۆشەیە.

تابلۆکە لە هەناوی هەستکردن بە تەنهایی و گۆشەگیرییەوە کێشراوە، و هەڵگری پەیامێکی گەورە و چەندین مانایە بۆ ژیانی تەنهایی و دەرونی ئەو منداڵە.

تابلۆکە چەندین ماناو ئاماژە و هەستی جیاوازی لە خۆگرتووە کە گوزارشت لە ناخی ئەو منداڵە و هەزاران منداڵی دیکەی نەیجیریا دەکات کە لە دۆخێکی ناهەمواردان و لە پەراوێزی ئەو کۆمەڵگا پەراوێزخراوەدان.

لە رۆژی جیهانی توشبوانی ئۆتیزمدا، چالاکوانانی نەیجیریا داوایان لە کتێبی گینس کرد سەردانی وڵاتەکەیان بکات و تابلۆکە وەک گەورەترین تابلۆ تۆمار بکات، دواتر گینس تابلۆی منداڵەکەی وەک گەورەترین تابلۆی نەخشێنراو لەسەر قوماش تۆمارکرد.

بەوەش منداڵە نەیجیرییەکە ژمارەی پێشووی شکاند کە بەناوی عیماد ساڵحی تۆمارکرابوو، کە روبەرەکەی 9652 مەتر چوارگۆشە بوو، لەسەر دەستی نیگارکێشێکی تەمەن 42 ساڵ نەخشێنرابوو.

کانیی نەیجیری بە قورسی دەتوانێت قسەبکات، بەڵام تەنها ئەوەندەی وتووە کە "هەست بە باشی دەکات .. دڵخۆشە"، هەرچەندە ووشەکان کەم و سادەن، بەڵام مانایەکی گەورەیان هەیە بۆ دۆخی منداڵێکی تەنها و توشبووی نەخۆشییەکی لەوشێوەیە.

باوکی منداڵەکە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرسێسی وتووە: ژیان و مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێک کە توانای قسەکردن و گوزارشت کردنی نییە زۆر قورس و بە ئازارە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی تەواومان بە تواناکانی هەیە و هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ پشتیوانی و هاوکاری کردن و سەرکەوتنی.

کانی لە کەنەدا لە دایک بووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ نەیجیریا، لە ناو دنیایەکی بێدەنگ و پەراوێزخراودا پەرەی بە بەهرەکەی داوە، تابلۆکانی گوزارشت لە دەنگی هەزاران منداڵی بێدەنگ و تەنها دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی