سبه‌ی
دوو هاوڵاتی له پیره‌مه‌گروون به‌شه‌ڕهاتن و یه‌كێكیان ئه‌وی دیكه‌یانی كوشت. كه‌سێكی ئاگادار له ڕووداوه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه قوربانییه‌كه به بۆریی كوژراوه، به‌ڵام پۆلیس ده‌ڵێت، "به به‌رد و له‌ته‌بلۆك كوژراوه".
سبه‌ی زانیویه‌تی كوژراوه‌كه ناوی غەنی سەید وەلییه و نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 30ـی ئایاری 2025، لە نزیک مزگەوتی "حاجی هەمزائاغا" له شارۆچكه‌ی پیره‌مه‌گروونی سنووری پارێزگای سلێمانی كوژراوه.
یه‌كێك له دانیشتووانی ناوچه‌كه كه نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت بۆ "سبه‌ی" دوا و وتی، "غەنی به بۆریی لێیدراوه و كوژراوه".
له‌باره‌ی ورده‌كاریی ڕووداوه‌كه‌وه، سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی به "سبه‌ی"ـی وت، "دوو كه‌س كه دراوسێی یه‌كدیین له‌سه‌ر ئاسن و ورده‌واڵه بووه به شه‌ڕیان، یه‌كه‌میان هه‌ندێك ئاسنه‌شكاوی هه‌بووه دیارنه‌ماوه و دواتر له نزیك باخی كه‌سی دووه‌م دۆزیویه‌تییه‌وه، به‌و هۆیه‌وه ده‌مه‌قاڵێ له نێوانیاندا ڕوویداوه و په‌ره‌یسه‌ندووه بۆ شه‌ڕ".
وتیشی، "له ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌دا كه‌سی یه‌كه‌م به به‌رد و له‌ته‌بلۆك له ئه‌وی دیكه‌ی داوه".
وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی ده‌ڵێت، "برینداره‌كه ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای شه‌ڕه‌كه و له ڕێگه‌ی گه‌یاندنی به نه‌خۆشخانه، گیانیله‌ده‌ستداوه".
سه‌باره‌ت به‌و دوو گێڕانه‌وه جیاوازه‌ی بۆ چۆنێتیی كوشتنی هاوڵاتییه‌كه ده‌كرێن، سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وتی، "تۆمه‌تباره‌كه دانی به‌وه‌دا ناوه كه به به‌رد و له‌ته‌بلۆك كوشتوویه‌تی، ئه‌مه وته‌ی فه‌رمییه".
بگوێره‌ی وته‌ی سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، تۆمه‌تباره‌كه له شوێنی ڕووداوه‌كه هه‌ڵاتووه، به‌ڵام له لایه‌ن بنكه‌ی پۆلیسی پیره‌مه‌گروونه‌وه ده‌ستگیركراوه و "به بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ره".