وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حكومەتی دیمەشق كۆبوونەوە

#ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری#سوریا#دیمەشق
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەم كۆبوونەوەیە لە دیمەشق، تەواوكاریییە بۆ سێ كۆبوونەوەی پێشتر كە بۆ هەماهەنگی بووە لەنێوانیان و لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچووە، یەكەم دیدار لە 19 ی ئادار دەستیپێكرد واتە نۆ رۆژ دوای رێككەوتنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، دیداری دووەمیش لە 12 ی نیسان بەڕێوەچوو، سێیەم كۆبوونەوەش هەفتەی رابردوو لە كەمپی هۆل بەڕێوەچوو.
Primary Asset

ئەندامانی وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری

سبەی

وەفدی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" لە دیمەشق لەگەڵ وەفدێكی دەسەڵاتدارانی حكومەتی نوێی سوریا كۆبوونەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ جێبەجێكردنی زیاتری خاڵەكانی ئەو رێككەوتنەی 10 ی ئاداری ئەمساڵ لەنێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا واژۆكرا.

بەپێی لێدوانی وتەبێژ بەناوی وەفدی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، كۆبوونەوەكە تیشكی خستووەتەسەر ناسینی ئەندامانی نوێی وەفدی دیمەشق كە بۆ گفتوگۆ پێكهێندراوە، لەگەڵ گفتوگۆكردنی بەرنامەی هاوبەش بۆ بەردەوامیی دانوستانەكان لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان.

وەفدەكەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان 12 ی نیسان پێكهێندرا، پێكدێت لە فەوزە یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە، عەبد حامد مەهباش هاوسەرۆكی حزبی سوریای داهاتوو، سەنحاریب بەرسوم هاوسەرۆكی حزبی یەكێتی سریانی، ئەحمەد یوسف هاوسەرۆكی دەستەی دارایی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، سۆزدار حاجی ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەپەژە، مریەم ئیبراهیم هاوسەرۆكی دەستەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و یاسر سلێمان جێگری هاوسەرۆكایەتی ئەنجومەنی گەلی دیموكراتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

وەفدی دەسەڵاتدارێتی دیمەشق پێكدێت لە عەبدولغەنی محەمەد بەڕێوەبەری ئەمنیی ناوخۆی پارێزگای حەلەب، محەمەد قەناتری جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی ئەمەریكای وەزارەتی دەرەوەی سوریا، مەسعود بەتاڵ بەرپرسی دۆسیەی عەفرین لە ئەمنیی حكومەتی دیمەشق، لەگەڵ زیاد فەواز عایش یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری مەدەنی.

ئەم كۆبوونەوەیە لە دیمەشق، تەواوكاریییە بۆ سێ كۆبوونەوەی پێشتر كە بۆ هەماهەنگی بووە لەنێوانیان و لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچووە، یەكەم دیدار لە 19 ی ئادار دەستیپێكرد واتە نۆ رۆژ دوای رێككەوتنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، دیداری دووەمیش لە 12 ی نیسان بەڕێوەچوو، سێیەم كۆبوونەوەش هەفتەی رابردوو لە كەمپی هۆل بەڕێوەچوو.

كۆبوونەوەكان بۆ ئەوەن خاڵەكانی رێككەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع جێبەجێ بكرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی