سبه‌ی
به‌رپرسێك و فه‌رمانبه‌رێكی كاره‌با له سنووری دهۆك زیاتر له 680 ملیۆن دیناری پاره‌ی كاره‌بان بردووه، پاره‌كان ئه‌و قه‌رزانه بوون كه له‌پای به‌كاربردنی كاره‌با لای هاوڵاتییان بوون و دوای دانه‌وه‌یان، له بری خه‌زێنه‌ی گشتی، چوونه‌ته گیرفانی ئه‌و دوو كه‌سه‌وه.
"سبه‌ی" به‌دواداچوونی بۆ ئه‌و پرسه كرد و هلز ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، ورده‌كاریی هه‌ردوو دۆسیه‌كه‌ی بۆ "سبه‌ی" ئاشكراكرد و به‌پێی وته‌ی ئه‌و، بەڕێوەبەری گەنجینەی یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی کارەبا له سنووری پارێزگای دهۆك، بڕی (604) ملیۆن دیناری پاره‌ی كاره‌بای بردووه.
وتیشی، "پارەکە قەرزی کارەبا بووە لای هاوڵاتییان و خاوەنی کارگە و شوێنە بازرگانییەکان، کاتێک پارەکانیان بردووە بۆ دانه‌وه‌یان، ئەو کەسە بردوونی بۆ خۆی نەیگەڕاندوونەتەوە بۆ خەزێنە".
له‌باره‌ی دۆسیه‌ی دووه‌مه‌وه هلز ئه‌حمه‌د ڕایگه‌یاند، فه‌رمانبه‌رێك كه له هه‌مان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بژمێره و كاری نووسینی بڕی كاره‌بای به‌كاربراو و تێچووه‌كه‌یه‌تی، نزیکەی (80) ملیۆن دیناری بردووە.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "سبه‌ی" ئه‌و دوو كه‌سه ماوه‌ی مانگێكه ده‌ستگیركراون و له گرتن و گواستنه‌وه‌ی دهۆک ده‌ستبه‌سه‌رن.
په‌رله‌مانتاره‌كه ده‌ڵێت، "داواکاری گشتی و 'دەستەی دەسپاکی' هاتوونەتەسەر هێڵ و دۆسیه‌ی دوو تۆمه‌تباره‌كه له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دایه" و پێشبینییكرد کەسی تریش له‌و دوو دۆسیه‌یه‌دا تێوەگلابن، چونکە وه‌ك خۆی وتی، "ئاسان نییە تەنها دوو که‌س ئه‌و بڕه زۆره‌ی پاره ببه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ئاگاداربێت".