سێڵفییەك بە مۆبایلی قوربانییەكە؛ تۆمەتبارێكی كوشتن ئاشكرادەكات

#ئیتاڵیا#کوشتن
یەک مانگ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • چەند میدیایەكی جیاوازی ئیتاڵیا لەوبارەیەوە ئاشكرایانكردووە، باوكی قوربانییەكە دوای هەوڵێكی زۆر توانیویەتی مۆبایلی زیرەكی كوڕەكەی بكاتەوە، لەناو مۆبایلی كوڕەكەیدا گرتەی ڤیدیۆیی تۆماركراوی گومانلێكراوەكەی پاش تاوانەكە دەبینێت.
Primary Asset

چەند ئەندامێکی پۆلیسی ئیتاڵیا

سبەی

دوای زیاتر لە ساڵێك لە تاوانێكی كوشتن لە ئیتاڵیا، ڤیدیۆیەكی سێَڵفی خەریكە بكوژێك ئاشكرا دەكات، كە لەلایەن بكوژەكەوە بە مۆبایلی قوربانییەكە گیراوە.

چەند میدیایەكی جیاوازی ئیتاڵیا لەوبارەیەوە ئاشكرایانكردووە، باوكی قوربانییەكە دوای هەوڵێكی زۆر توانیویەتی مۆبایلی زیرەكی كوڕەكەی بكاتەوە، لەناو مۆبایلی كوڕەكەیدا گرتەی ڤیدیۆیی تۆماركراوی گومانلێكراوەكەی پاش تاوانەكە دەبینێت.

چیرۆكەكە بەمشێوەیە دەستپێدەكات، ساڵی رابردوو پرسێكی كوشتن لە ئیتاڵیا بووە مانشێتی كەناڵەكانی راگەیاندن، كاتێك تەرمی پیاوێكی 32 ساڵ دۆزرایەوە كە بە چەقۆ لە كۆتاییەكانی مانگی نیسانی 2024 لە شارۆچكەی فیلفرانكا بادوڤانا كوژرا، ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارۆچكەیە 10 هەزار كەسە و دەكەوێتە باكوری ئیتاڵیاوە.

بە خێرایی یەكێك لە نزیكەكانی گومانی ئەوەی لێكرا كە بكوژ بێت، ئەو كەسە دووساڵ لەخۆی گەورەتر بوو، دواتر دەستگیركرا، سەرجەم هەوڵەكانی پۆلیس بۆ كردنەوەی كۆدی نهێنی مۆبایلی قوربانییەكە شكستیهێنا، بۆ ئەوەی بەڵگەیەك لەسەر تاوانەكە بدۆزنەوە.

لە كۆتاییدا پۆلیس مۆبایلی كوژراوەكەی گەڕاندەوە بۆ باوكی، بەڵام كاتێك باوكی كۆدی نهێنییەكەی بە راستی لێدابوو، مۆبایلی كوڕەكەی كرابوەوە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی ناوخۆیی "ئیل گازیتینۆ" ئەو گرتە ڤیدیۆییەی تۆمەتبار تۆماریكردووە لە چەند چركەیەك تێپەرناكات و لە شوێنی تاوانەكە تۆماركراوە.

دەوترێت لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا تۆمەتبارەكە چەند رستەیەك دەڵێت كە ناڕوونن، دواتر دەستی دەهێنێت بە قژیدا.

ئەو كەسەی گومانی بكوژی لێدەكرێت، تەمەنی 34 ساڵە و دەستگیركراوە، بڕیارە لە ئەیلولی داهاتوو دادگایی كردنی دەستپێبكات.

بكوژەكە پێشتریش دۆسیەی ماددەی هۆشبەری هەبووە، لە سەنتەرێكی شیاندنەوەدا دەستبەسەر بووە، بەم تاوانەش كە بەسەریدا ساغ ببێتەوە بۆ ماوەیەكی زۆر سزای زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

وەك میدیاكانی ئیتاڵیا ئاماژەیان پێداوە، بكوژو كوژراو هاوڕێی منداڵی یەكتربوون، بەڵام پێشتر چەند جارێك بەشەڕهاتوون.

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی