دوای 26 ساڵ .. ئۆجەلان چاوی بە ئەندامانی خێزانەکەی دەکەوێت

#عەبدوڵا ئۆجولان#ئیمراڵی#سەردانی خێزانیی#26 ساڵ بەندکردن
6 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شەش زیندانی تر لە ئیمرالی لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆبونەوە
  • ئۆجەلان پەیامی جەژنی قوربانی بەبێ قوربانیدان ئاڕاستەی گەلی کورد کرد
  • دوای ئەو پرۆسە نوێیەی دەستی پێکردووە، سێ بەندکراوی دیکەی پەکەکە گواستراونەتەوە بۆ دورگەی ئیمرالی
  • شەش زیندانی کراوی دیکەی دورگەی ئیمراڵی چاویان بە خێزان و کەسوکارەکانیان کەوتووە
Primary Asset

سبەی

بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و شەش زیندانی تر لە ئیمرالی لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆبونەوە، سێ ئەندامی دیکەی پەکەکە گواستراونەتەوە بۆ هەمان زیندان، ئۆجەلانیش پەیامی جەژنی بێ قوربانیی گەیاندە گەلی کورد.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە: بە بۆنەی جەژنەوە لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوەیەکی خێزانیی و بنەماڵەیی بەڕێوەچووە، تیایدا بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان و  بنەماڵەی زیندانیانی دیکەی ئیمرالی، عومەر هەیری کۆنار، هەمیلی یەڵدرم، وەیسی ئاکتاش، زەکی بەیهان، مەهمووت یامەلاک و ئەرگین ئەتابەی، لە جەژنی قورباندا لەگەڵ بنەماڵەکانیان کۆبوونەوە.

دیدارەکە دووەم رۆژی جەژنی قوربان بەڕێوەچووە، تیایدا ئۆجەلان لەگەڵ برازاکانی عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی و عەلی ئۆجەلانی برازای و ژمارەیەک لە برازا و منداڵەکانیان کۆبونەوە، ئەوەش یەکەمجارە لە 26 ساڵی رابردووی دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا لەگەڵ برازا و نەوەکانی براکەی کۆببێتەوە.

سێ زیندانی دیکە نێردراون بۆ ئیمرالی

وەیسی ئاکتاش، زیندانییەکی دوورگەی ئیمرالی، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ براکەی کۆبووەوە، ئەرگین ئەتابەی، مەهمود یامەلەک و زەکی بەیهانێ کە ماوەیەکی کەم پێش ئێستا رەوانەی ئیمرالی کرابوون، لەگەڵ براکانیان کۆبوونەتەوە.

پەیامی جەژنی بێ قوربانیدانی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە میانی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیامی "جەژنی قوربانی بەبێ قوربانیدانی بۆ گەلی کورد ناردووە.

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری دەم پارتی لە رەحاوە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو پەیامەکەی ئۆجەلانی بڵاوکرەوە و تیایدا هاتووە: "جەژنی قوربان بەبێ قوربانیدان لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم".

عۆمەر ئۆجەلان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە و رایگەیاند: بە بۆنەی جەژنەوە یەکترمان بینیوە و باوەڕمان وایە ئەو پڕۆسەیەی کە بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دەستیپێکردووە، سیاسەتێکی نوێ و ڕێکخستنێکی نوێ و کردنەوەی دەرگای نوێ  لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت".

دوو رۆژ پێش جەژنی قوربان "سبەی" بڵاوی کردەوە، رۆژی دووەمی جەژنی قوربان ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەوادەکەی کە چەند نەوەیەکی فاتیمەی خوشکی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن لە دورگەی ئیمراڵی.

محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندبوو: بە ئەگەری زۆرەوە رۆژی دووەمی جەژن ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەوادەکەی، سەردانی ئۆجەلان دەکەن و بۆ یەکەمجاریش چەند منداڵێک کە خوشکەزای ئۆجەلان، سەردانی دورگەی ئیمرالی دەکەن.

لەبارەی ئەوانەی بۆ جەژن سەردانی ئۆجەلان دەکەن محەمەد ئۆجەلان دەڵێت: "فاتیمەی خوشکم، عومەری کوڕم و دوو نەوەی فاتیمەی خوشکم دەچنە ئیمراڵی، ئەمجارە من ناچم".

محەمەد ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکەمجارە منداڵ دەچن بۆ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بۆ جەژنی رەمەزانی ئەمساڵيش هەریەک لە محەمەد ئۆجەلان و عومەری کوڕی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی