رووخانی باڵەخانەکانی تەلئەڤیڤ بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە
سبەی
دوای گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پێشبینی دەکرا ئەمەریکا بەشداربێت لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەڵام واشنتن تائێستا بەشدار نەبووە. ترەمپ دەڵێت ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی ئیسرائیلەوە نییە. لە رۆژانی رابردوودا ئیسرائیل داوای لە ئەمەریکا کردووە بەشدار بێت، بەڵام ئەمەریکا ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، لە دوو رۆژی رابردوودا، ئیسرائیل داوای لە ئەمەریکا کردووە بەشداربێت لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران، بەڵام تائێستا بەشداربوون لە هێرش بۆ سەر ئێران لە پلانەکانی ئەمەریکادا نییە.
ئەکسیۆس بەپشتبەستن بە دوو سەرچاوەی فەرمی ئیسرائیل، ئاشكرای کردووە، لە 48 کاتژمێری رابردوودا، ئیسرائیل داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کردووە بەشداربێت لە هێرش دژی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام بەفەرمی ئەو داوای ئیسرائیل لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە رەتکراوەتەوە.
ئیسرائیل پێویستی بە هاوکاری ئەمەریکایە بەتایبەت بۆ لەناوبردنی ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی فرۆدۆ کە لەژێر چیا سەختەکانی شاری قومدایە، چونکە سوپای ئیسرائیل ئەو توانایەی نییە بە تەنها ئەو ناوەندە بکاتە لەناوببات.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، "هەرشتێک رووبدات لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ناتوانرێت رێگریلێبکرێت، بەڵام ئێمە توانای ئەوەمان هەیە بە دانوستانی ئاشتیانە کێشەکان لەگەڵ تاران چارەسەر بکەین، ئەگەر تاران بیەوێت."
ئەکسیۆس ئاشکراشی کردووە، ترەمپ بە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، "ئەمەریکا ئەو کاتە بیر لە لێدانی ناوەندی فۆردۆ دەکاتەوە ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێویست بێت بۆ رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە."
کۆشكی سپی بە فەرمی رەتیکردەوە کە ترەمپ بیر لە هێرش بۆ سەر ئێران بکاتەوە و واشنتن پێیوایە ئێستا کاتی هێرش نییە بۆ سەر تاران.