" بۆمبەکانی ئیسرائیل نەخشەی ئێران دەکێشنەوە"؛ ئایا ئەزمونی باشور و رۆژئاوای کوردستان لە رۆژهەڵات دووبارە دەبێتەوە؟

#ئێران#ڕۆژهەڵاتی کوردستان#پژاک#تورکیا#ئیسرائیل
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر تەورێز و ئورمیە، ماکۆ و خۆی و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کردنەوەی ڕێگایە بە ڕووی هێزە کوردییەکان بۆ ئەوەی بە جۆرێک تورکیا گەمارۆ بدەن کە لە دەریای ڕەشەوە درێژ ببێتەوە تاکوو دەگاتە دەریای ناوەڕاست.
  • هەوڵی زۆر دەدرێت لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران، تەواوی چەکەکان بکەونە دەست پژاک و بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕی تورکی ئازەری لە دژی پژاک، ناوەندە لۆجیستییەکانی وەک بنکەی ئەلمەهدی بە ئامانج دەگیرێن.
Primary Asset

سبەی

چەند چالاکوانێکی تورکی ئازەر لە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر تەورێز و ئورمیە، ماکۆ و خۆی و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کردنەوەی ڕێگایە بە ڕووی هێزە کوردییەکان بۆ ئەوەی بە جۆرێک تورکیا گەمارۆ بدەن کە لە دەریای ڕەشەوە درێژ ببێتەوە تاوەکو دەگاتە دەریای ناوەڕاست.

مەجید جەوادی، وتەبێژ و پسپۆڕی ستراتیجی لە ڕێکخراوی خەباتی نیشتمانیی باشوری ئازەربایجان بە ڕۆژنامەی تورکیا'ی نزیک لە حکومەتی تورکیای ڕاگەیاندووە ئەو پێشهاتانەی لە باتومەوە تاوەکو یەریڤان و باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوو دەدەن بۆ ئەوەیە تورکیا گەمارۆ بدرێت.

مەجید جەوادی بانگەشەی ئەوە دەکات هەر بۆمبێکی ئیسرائیل لە ئێران بکەوێت خوارەوە، ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە و دەڵێت: "ئورمیە وەک دوایین بازنەی پلانی گەمارۆدانی تورکیا لە دەریای ڕەشەوە تاوەکو دەریای سپی ماوەتەوە".

جەوادی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە لە کاتێکدا چەندین دامەزراوەی گرنگی سەربازیی لە ئیسفەهان و کرماشانن، کەچی ئیسرائیل بنکە سادەکانی هێزە ئەمنییەکانیش لە ئورمیە و تەورێز بە ئامانج دەگرێت.

مەجید جەوادی بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاکە هۆکاری بۆردومانکردنی ئورمیە و تەورێز بۆ ئەوەیە ڕێگە بە ڕووی پژاکدا بکرێتەوە، وەک چۆن لە سوریا ڕێگا بە ڕووی یەپەگە (هەسەدە)دا کرایەوە و ئەوان لە نزیک سنورەکانی تورکیا جێگیر کران و دەڵێت: "ئەمە زۆر لەمێژە پلانی بۆ داندراوە و ئیدی بە ئاشکرایی کار بۆ پلانەکە دەکرێت".

ئایا سێیەم پارچەی کوردستان دەکەوێتەوە دەست کورد؟

جەوادی ئاماژە بەوە دەدات کە خەڵکی ئێران بە تایبەت کورد و بەلوج زۆر لە ڕژێم بێزارن و لە دوای هاتنی ئاخوندەکانەوە پێکهاتەی دەوڵەتی ئێران بە تەواوی لاواز بووە، دەڵێت: "ئیسرائیل چۆنی بوێت ئاوا کایەی ئاسمانی ئێران بەکار دەهێنێت. ڕژێم لە پەلەقاژەی مەرگدایە".

مەجید جەوادی ئاماژەی بەوە دا کە دەویسترێت کورد، فارس و تورکمان بڕژێنە سەر شەقام و دوای تێکچوونی دۆخەکە ئێران پارچە پارچە ببێت و دەڵێت: "ڕەزای کوڕی محەمەد ڕەزا شای دوایین شای ئێرانیش داوای ئەوە دەکات و دەیەوێت هاوڵاتییان و فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی یاخی بببن و بە خەونی ئەوەوە دەژی لە ئەمریکاوە بچێتەوە ئێران". 

بۆچی ئورمیە و تەورێز بۆردومان دەکرێن؟

مەسعود هارای توێژەی کاروباری ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل دەیەوێت ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات کە ژمارەیەک زۆر تورکی ئازەری بۆ هێندراون و نزیکن لە سنوری باکوری کوردستانەوە، دەڵێت: "بەم جۆرەیش پەیوەندیی لە نێوان تورکە ئازەرەکانی ئێران و تورکیا دەپچڕێت. بۆیەیش پژاک ڕەتی کردەوە پابەند بێت بە داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە کە داوای چەکدانانی لە پەکەکە کرد".

مەسعود هارای ئاماژەی بەوە دا کە ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە چەندین ساڵ بوو بەتایبەت لە تەورێز و ئورمییەوە موشەکی ئاراستەی ئامانجەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکرد لە ناوچەکە. 

لە کاتێکدا بە هۆی ئەوەی تورکە ئازەرەکانیش وەک حوکمڕانانی ئێران مەزهەبیان شیعەیە لە سەردەمی سەفەوییەکان و وەک بەشێک لە بەشیعەکردن هێندراونەتە ناوچەکانی وەک ئورمییە، خۆی و ماکۆ، کەچی مەسعود هارای بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە حکومەتی ئێران بە هێنانی هەزاران کورد دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی گۆڕیوە و دەڵێت: "ئامانجی ئیدارەی ئێران ئەوەیە کە ئەگەر ئەوان لە حکومدا نەمان، ئێران نەکەوێتە دەست تورک و تورکیا نەبێتە کاراکتەرێکی سەرەکی لەوێ".

ئەو قسانەی مەسعود هارای لێکدژییەکی زۆری تێدایە چونکە هەر خودی عەلی خامەنەیی، ڕابەری ئێران و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران هەردووکیان تورکی ئازەرین و تورکە ئازەرەکان لە جومگە هەرە سەرەکی و هەستیارەکانی ئێراندان، بە پێچەوانەی کورد و بەلوچ و تورکمانەکان پەراوێزخراوترین نەتەوەکانی ئێرانن.

ئایا تورکە ئازەرەکان سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەکەن؟

مەسعود هارای بانگەشەی ئەوە دەکات ئیتڵاعاتی ئێرانی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکەی خۆی باس لەوە دەکات کە گوایە تورکەکان لۆکەیشنی ناوچەکان بە ئیسرائیلییەکان دەدەن و دەڵێت: "ئەوان هەروەها دەڵێن کە لیستی ئەو کەسانەمان لایە زانیارییان بە ئیسرائیل فرۆشتووە و بەمەیش جارێکی دیکە تورکە ئازەرەکان بە ئامانج دەگرن".

مەسعود هارای بانگەشەی ئەوە دەکات، بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تورکە ئازەرەکانی لێ دەژین بە تاکتیکێکی تایبەتە و پژاک لە ئامادەباشیدایە بۆ هێرش و دەڵێت: "پلان داندراوە ڕێڕەوێکی کوردی لەو ناوچانە دروست بکرێت و ئیسرائیلیش پشتیوانی ئاسمانی بۆ دابین دەکات".

ناوبراو هەروەها باس لەوە دەکات هەوڵی زۆر دەدرێت لە دوای ڕوخاندنی ڕژێم، تەواوی چەکەکان بکەونە دەست پژاک و دەڵێت: "هەوڵی زۆر زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی چەکەکان نەکەونە بن دەستی تورکە ئازەرەکان و بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕی تورکی لە دژی پژاک ناوەندە لۆجیستییەکانی وەک بنکەی ئەلمەهدی بە ئامانج دەگیرێن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی