کۆبوونەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
سبەی
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان داوای پێكهێنانی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی هاوبەشی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ پژاك داوای كاری پێكەوەیی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی كرد و رایگەیاند "بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی دیموكراسی گەلەكەمان یەكگرتن و هاوكاری سەرجەم هێزە دیموكراتییەكان پێویستە".
لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل لە رۆژی هەینیەوە هێرشی چڕی بۆسەر ئێران دەستپێكردووەو ئێرانیش وەڵامی هێرشەكان دەداتەوە، هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە پێشتر بەهۆی فشاری ئێران چالاكیەكانیان سنورداربوو كەوتوونەتەوە جموجوڵ و بانگەوازی یەكڕیزی جەماوەری و كاری پێكەوەیی حزبی دەكەن لەناو رۆژهەڵاتی كوردستان.
لەوبارەیەوە، كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان رایگەیاند:" كۆبوونەوەی بەرفراوانی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و كۆماری ئیسلامی و گۆڕانكاریەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەكان و بەتایبەت دۆخی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرێوە چوو".
دەشڵێت "بە گرنگمان زانی لەم قۆناغەدا هەموو حێزب و رێكخراوە سیاسیەكان دوور لە هەر جۆرە كێشە و جیاوازییەك، بە ئەركی خۆیان هەستنەوەو پلان و بەرنامەی هاوبەش و گونجاویان هەبێ تا بە كۆدەنگی و یەكگرتووانە بزاڤی خەڵكی كوردستان رێبەری بكەن".
"بۆیە كومیتەی ناوەندی جەختی لە سەر پێكهێنانی «كومیتەی بەرێوەبەریی هاوبەشی» هەموو حێزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نیشتەجێی لە باشوور كردەوە تا بتوانن وەڵامی شایستە به داخوازی بەرینی خەڵكی كوردستان بۆ یەكگرتوویی حێزبەكان بدەنەوە و بە كەمترین خەسار، ئەم قۆناغەی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان تێپەرێنن". كۆمەڵە وا دەڵێت.
راگەیەندراوەكەی كۆمەڵە لەكاتێكدایە، دوێنێ پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "پژاك" رایگەیاند:" هێرشە پێچەوانەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاستێكدا نییە بتوانێت ڕۆڵی بەربەست لە بەرامبەر گورزە كوشندەكانی ئیسرائیلدا بێت. ئەم شەڕە كۆتا گورزی سیستەمی دەسەڵاتی جیهانییە دژی دەسەڵاتی ئێران و بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی بەتەواوی مەترسی و كاریگەرییە ئەگەرییەكانی ڕژێمەكە كۆتایی پێدێت، بێ گومان ئەمە پرۆسەیەكی كورتخایەن نییە و بەشی سەرەكییە لە جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، كە دەرئەنجامی سیاسەتەكانی سێدارە، سەركوتكردن، هەڵاواردن، گەندەڵی و ڕووتاندنەوە، بێهیوایی و ڕق و كینەی كۆمەڵگە و خەڵكی ئێرانە بۆ ئەو سیستەمە كە ئەوانی ناچار بە دژایەتیكردنێكی تەواو ڕادیكاڵ و ڕەتكردنەوەی ڕژێمەكە كردووە".
پژاك ئەوەشی خستەڕوو "ئەم جەنگە ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندییە ناكۆكەكانی هێزەكانە نەك شەڕی ئازادی كۆمەڵگە و نەتەوەكان. ئەم جەنگە لە ئەنجامی سیاسەتی شەڕانگێزی و فراوانخوازانەی كۆماری ئیسلامی سەریهەڵدا، بەبێ گوێدانە ئازارەكانی گەلی ئێران، باجی شەڕخوازی فەرمانڕەواكانی كۆماری ئیسلامی لە ئەستۆی ئەو كەسانەیە كە لە قەیرانی كۆمەڵایەتی و ئابوورییدا تێوەگلاون، ژمارەی زۆری قوربانییانی مەدەنی بەتایبەتی ژن و منداڵ لە ئێران و ئیسرائیل لەو هێرشانەدا ئەو ڕاستییە دەردەخات كە ژیانی خەڵك لە ڕوانگەی حكومەتەوە بایەخ پێنادرێت".
" پارتی ژیانی ئازادی كوردستان وێڕای دژایەتی سەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی ئێراندا، جەخت لەسەر تێكۆشانی دیموكراتیكی ئەو گەلانە دەكاتەوە، ئەوەی ئازادی دەخاتە ئاسۆی داهاتووی گەلی ئێرانەوە، تێكۆشانی دیموكراتیك و شۆڕشی ناوازەی ژن، ژیان، ئازادییە. بێگومان بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی دیموكراسی گەلەكەمان یەكگرتن و هاوكاری سەرجەم تاكەكانی ئازادیخواز و هێزە دیموكراتییەكان و تێكۆشەرانی گەلان و ژنان و ناسنامەكان پێویستە، زۆر گرنگە هاوكاری حزبە كوردییەكان و گواستنەوە لە چەمكی حوكمڕانی حزبییەوە بۆ بەڕێوەبردنی جەماوەری كوردستان، بەئەركێكی مێژوویی دەزانین لەم قۆناغە هەستیار و یەكلاكەرەوەیەدا، ئێمە داوای هاوكاری هەموو هێز و پارت و ڕێكخراوە مەدەنییەكان دەكەین بە سەركردایەتی ژنانی ئێران بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەم دەستپێكردنە ڕادەگەیەنین".
پژاك هەروەها دەشڵێت "ئێمە پێمانوایە گواستنەوە بۆ كۆماری دیموكراتی ئێران لە ئەنجامی گۆڕانی تێڕوانین و دووركەوتنەوە لە دەسەڵاتخوازی و ناسیۆنالیزم و پیاوسالاریی و مەركەزیەت دەگونجێت و تاكە بژاردەیە بۆ ئایندەیەكی سەقامگیر و دیموكراسی بۆ وڵاتی ئێران. هەروەها ڕایدەگەیەنین كە بەرگریكردن لە گەلەكەمان و گەلانی دیكەی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە سەركوتكردن و هەڕەشەی كۆمەڵكوژی بە ئەركی خۆمان دەزانین و لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوادا بەرگری لە ماف و بوونی خۆمان دەكەین داوا لە سەرجەم خەڵكی ئێران و بەتایبەتی خەڵكی كوردستان دەكەین كە خۆیان لە شێوەی ڕێكخراوی جەماوەری دیموكراتیدا ڕێكبخەن و كاریگەرییە وێرانكەرەكانی جەنگ لەسەر یەكتر كەم بكەنەوە و هاوپشتی تەواویان هەبێت پێكهێنانی گرووپی پشتیوانی بۆ قوربانییانی جەنگ، كۆمیتەی خۆجێی بۆ یارمەتیدانی زیانلێكەوتووان، كۆمیتەی هاوكاری دارایی و هەروەها بە دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی خۆجێی و دوورخستنەوەی بەكرێگیراوانی دەوڵەت لە كاریگەری لەسەر خەڵك دەتوانێت هەنگاوێكی گرنگ بێت بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی خۆبەڕێوەبردن و دیموكراسی. لەم ڕووەشەوە داوا لە سەرجەم وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان و ئەندامانی پارتەكەمان دەكەین هاوكاری بكەن".