سبەى
30ی ئەیلولی هەموو ساڵێک بە رۆژی وەرگێڕانی جیهانی دیاریکراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە مەبەست لەم رۆژە رێزگرتنە لە پیشەگەرەکانی زمان، کە رۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە کۆکردنەوەی گەلان و ئاسانکاری بۆ گفتوگۆ و بەشداریکردن لە گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بەپێی ئامارەکانی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، لە جیهاندا 7102 زمان قسەی پێدەکرێت، ئاسیا بە 2301 زمان لە پێشەنگدایە و ئەفریقا 2138 زمان لە پلەی دووەمدایە.
وەرگێڕان ئەمڕۆ لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد، رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە. ئامرازە پێشکەوتووەکانی وەرگێڕان، داهاتووی وەرگێڕانی مرۆڤیان خستۆتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە.
لێرەدا دیارترین هەڵەکانی وەرگێڕان بیردەخەینەوە، کە بە درێژایی مێژوو دۆخی پێکەنیناوی و هەندێکجاریش کارەساتباریان دروستکردووە.
مۆکوساتسۆ؛ وشەیەک کە کارەساتێکی گەورەی نایەوە
جاڕنامەی پۆتسدام لە نزیک کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا، بەدیاریکراوی لە 26ی تەمموزی 1945 داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ژاپۆنی دەکرد. سوزوکی کانتارۆ، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە وشەی "مۆکوساتسۆ" وەڵامی ئەو جاڕنامەیەی دایەوە.
میدیاکان لەو کاتەدا ئەمەیان وەک رەتکردنەوە یان پشتگوێخستنی جاڕنامەکە لێکدایەوە. کە دواتر دەرکەوت کە کانتارۆ مەبەستی ئەوە بووە کە هیچ کۆمێنتێکی نییە، بەڵام وەرگێڕانە خراپەکە کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە. بەجۆرێک دوای چەند رۆژێک و لە 6ی ئابی 1945، سوپای ئەمەریکا بۆمبی ئەتۆمی لە هێرۆشیما بەکارهێنا و بەشێکی زۆری شارەکەی وێران کرد. دوای سێ رۆژیش ناکازاکی بۆردومانی ئەتۆمی کرا.
جەنگی ڤێتنام
جەنگی ڤێتنام یەکێک بوو لە کارەساتەکانی مێژووی ئەمەریکا و رووداوی کەنداوی تۆنکین رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پەرەسەندنیدا.لە 2ی ئابی 1964 بەلەمەکانی ڤێتنامی باکور هێرشیان کردە سەر کەشتیی USS Maddox لە کەنداوی تۆنکین.
دوای دوو رۆژ، هێرشی دووەم لە 4ی ئابدا راگەیەندرا، ئەمەش وایکرد لیندۆن جۆنسن سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا، داوای مۆڵەتی سەربازی فراوان لە کۆنگرێس بکات، کە بە بڕیارنامەی کەنداوی تۆنکین ناسراوە، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ دەستێوەردانەکانی ئەمەریکا. بەڵام لێکۆڵینەوەکانی دواتر دەریانخستووە، کە هێرشی دووەم رووی نەداوە.
رووداوی وەرگێڕانی هەڵە و هەواڵگری چەواشەکارانە لە کەنداوی تۆنکین بە دڵنیاییەوە ئەو پریشکە بوون، کە پاساوی فەرمی بە کۆشکی سپی دا بۆ فراوانکردنی جەنگەکە، کە دواتر بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزار ڤێتنامیی و دەیان هەزار سەربازی ئەمەریکی.
جەنگی جیهانییەکان
کاتێک فەلەکناسی ئیتاڵی جیۆڤانی ڤێرجینۆ لە ساڵی 1877 دەستی بە نەخشەکێشانی مەریخ کرد، درکی بەوە نەدەکرد کە شەپۆلێکی تەواوی زانستی خەیاڵی لێدەکەوێتەوە. ئەو هێڵە درێژ و تەنکانەی کە لە رێگەی تەلەسکۆپەکەیەوە بینیویەتی بە "کانالی" ناوی بردووە، بە زمانی ئیتاڵی بە سادەیی واتای "شەقامەکان"ە.
بەڵام لێرەدایە کە هەڵە تێگەیشتنەکە روویدا: وشەکە بە زمانەکانی دیکە بە "کاناڵ" وەرگێڕدرا، بە واتای "کەناڵە دەستکردەکان کە مرۆڤ دروستی کردووە"، ئەمەش بیرۆکەی ئەوەی لێکەوتەوە، کە شارستانیەتێکی زیرەک ئەم کەناڵانەی هەڵکەندووە بۆ ئاودێریکردنی زەوییەکانی.
پێرسیڤاڵ لۆوێڵ زانای ئەمەریکی یەکێک بوو لە دیارترین لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە. ئەو پێی وابوو کە ئەوانە کاری ئەندازیارانی مەریخن، کە هەوڵی گواستنەوەی ئاوی لە جەمسەرەکانەوە بۆ ناوچە وشکەکان دەدەن.
لە نێو ئەوانەی کە زۆرترین کاریگەری ئەم چەمکەیان لەسەر بوو، نووسەرێکی بەریتانیبوو کە رۆمانی بەناوبانگی جەنگی جیهانەکانی لە ساڵی 1897 بڵاوکردەوە. کە دواتر بووەتە بەردی بناغەی ئەدەبیاتی زانستی خەیاڵی مۆدێرن.
هەڵەیەکی 71 ملیۆن دۆلاریی
هەندێک جار، وەرگێڕانێکی هەڵە دەتوانێت لێکەوتەی کارەساتباری هەبێت، وەک ئەوەی لە یەکێک لە بەناوبانگترین حاڵەتە پزیشکییەکاندا روویدا. لە ساڵی 1980 گەنجێک بە ناوی ویلی رامیرێز بەبێ هۆشی گەیەندرایە نەخۆشخانەی فلۆریدا. دایک و باوکی ئیسپانی زمان هەوڵیاندا بارودۆخەکەی بۆ پزیشکەکە روون بکەنەوە، بەڵام پزیشکەکە لە زمانەکەیان تێنەدەگەیشت. کارمەندێکی نەخۆشخانە وەرگێڕانی بۆ پزیشکەکان کرد.
کارەساتەکە بە یەک وشە دەستی پێکرد: دایک و باوکەکە وشەی "intoxicado"یان بەکارهێنا، کە بە زمانی ئیسپانی بە واتای "ژەهراوی" دێت. بەڵام وشەکە وەرگێڕدرا بۆ"سەرخۆش". لەسەر بنەمای ئەم تێنەگەیشتنە، پزیشکەکان مامەڵەیان لەگەڵ رامیرێز کرد، کە تووشی ژەمی زۆری ماددە هۆشبەرەکان بووە، لەکاتێکدا باری راستەقینەی ژەهراویبوونی توندی خۆراک بووە.
هەڵەی وەرگێڕان بووە هۆی چارەسەری نادروست، لە ئەنجامدا ویلی ڕامیرێز تووشی ئیفلیجی هەمیشەیی بوو. دواتر نەخۆشخانەکە سزادرا و قەرەبووی رامیرێزی بە 71 ملیۆن دۆلار کردەوە.
"ئارەزوەکان"ی پۆڵەندییەکان
سەردانەکەی جیمی کارتەر سەرۆکی ئەمەریکا لة سالآنى (1977-1981) بۆ پۆڵەندا لە ساڵی 1977دا پەیوەندی بە یەکێک لە هەڵە بەناوبانگەکانی وەرگێڕانی دیپلۆماسییەوە هەبوو. کارتەر لە وتارێکدا کە لەو کاتەدا پێشکەشی کرد، ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی "ئاواتەکانی گەلی پۆڵەندا بۆ داهاتوو" بزانێت. بەڵام وەرگێڕەکە دەستەواژەکەی بە "ئارەزوەکانی پۆڵەندییەکان بۆ داهاتوو" وەرگێڕا، کە واتایەکی نەخوازراو بوو لای پۆڵەندییەکان.
ژەمی زۆری تیشکدانەوە
لە ساڵی 2004 چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەیەکی فەرەنسا بە تاوانی کوشتنی بێ مەبەست سزادران، دوای ئەوەی زیاتر لە 450 تووشبووی شێرپەنجە لە ماوەی چوار ساڵدا چارەسەری نادروستی تیشکییان بۆ کرا، کە لە ئەنجامدا حەوت کەسیان گیانیان لەدەستدا.
هۆکاری سەرەکیش خراپ بەکارهێنانی ئامێری نوێی تیشکی ئێکس بوو. کتێبی رێنماییەکان بە زمانی ئینگلیزی نووسرابوو، لەکاتێکدا ستافەکە فەرەنسی بوون. ئەمەش بووە هۆی تێنەگەیشتن و وەرگێڕانی هەڵە، کە بووە هۆی خەمڵاندنی هەڵەی ژەمە تیشکدانەوەکان. ئەمەش وایکرد ئەم رووداوە ببێتە یەکێک لە نموونەکانی دەرئەنجامەکانی وەرگێڕانی هەڵەی پزیشکی لە فەرەنسا.
"ئێمە دەتنێژین"
لە ساڵی 1956دا لێدوانێکی نیکیتا خرۆشۆف سەرۆکی ئەوکاتەی سۆڤیەت، جەنجاڵییەکی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر دیپلۆماتکارانی رۆژئاوا لێکدرایەوە.
خرۆشۆڤ لە میانی پێشوازی لە باڵیۆزی پۆڵەندا لە مۆسکۆ وتی: ئێمە دەتنێژین. ئەم دەستەواژەیە بە خێرایی بووە مانشێتی رۆژنامە و گۆڤارەکانی رۆژئاوا و گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و رۆژئاوا پەرەیسەند. بەڵام خرۆشۆف مەبەستی هەڕەشەی راستەوخۆ نەبووە، بەڵکو گوزارشت لە قەناعەتێکی ئایدیۆلۆژی دەکرد، کە کۆمۆنیزم لە سەرمایەداری زیاتر دەخایەنێت. ئاماژەی بە بڕگەیەک لە "مانیفێستی کۆمۆنیست"ی کارل مارکس دەکرد، کە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بۆرژوازی "گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت".
پەیماننامە ساختەکە
پەیماننامەی وایتانگی لە ساڵی 1840 لە نێوان بەریتانیا و نزیکەی 500 سەرکردەی گەلی رەسەنی نیوزلەندا واژۆ کرا.
دەقی ئینگلیزی پەیماننامەکە سەروەری تەواوی بە بەریتانیا بەخشی، لە کاتێکدا وشەی گەلە رەسەنەکەی نیوزلەندا "کاوانانگا"، بە واتای "حوکمڕانی یان بەڕێوەبردن"، وایکرد باوەڕیان بەوە هەبێت، کە کۆنترۆڵی زەوی و سەرچاوەکانیان دەهێڵنەوە. ئەم ناتەباییەی نێوان ئەو دوو دەقەیە بووەتە هۆی دروستبوونی ململانێی لەمێژینەیە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.