لەماوەی هەفتەیەکدا بۆ جاری دووەم پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستى باڵا کۆبوونەوە
سبەى
لەماوەی هەفتەیەکدا بۆ جاری دووەم پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستى باڵا کۆبوونەوە و دانوستانەکانیان بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى نوێ خێرا کردووە، ئەوەش لە ژێر "فشارى قورسى" ئەمەریکادا، لەکاتێکدا راوێژکارێکى بارزانى یەکێتى بە هۆکارى دواکەوتنى پێکهێنانى کابینەکە تۆمەتبار دەکات.
بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەتەوە، بە ئامادەبوونى بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری، لەكاتێكدا سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پیرمام لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆبوەوە.
دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەژێر “فشاری قورسی” ئەمەریکادا بووە، واشنتۆن هەوڵدەدات دامەزراوەکانی ناوچەکە بنیات بنێتەوە لە کاتێکدا قەیرانی شەرعیەت لە پەرەسەندندایە، ئەوەش بەپێی پێگەى “ناشناڵ کۆنتێکست” .
زیاتر لە ١١ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی کوردستان تەنها جارێک کۆبووەتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕواندەکرێت لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا پەرلەمان دەستبکات بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کاتی، بەڵام تا ئێستا دڵنیایی نییە کە ئایا ئەمە ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت یان نا.
یەکێتی پێداگری لەسەر ڕێکخستنی هاوسەنگتری دابەشکردنی دەسەڵات بە تایبەتی لە پرسی ئەمنیدا کردووە، داوای وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکى ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، ئەو دامەزراوانەی کە لەمێژە پارتی دیموکراتی کوردستان زاڵن بەسەریاندا.
ناکۆکییە سەرەکییەکان لەو بارەیەوەبە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. یەکێتی دەڵێت، لەکاتێکدا هەردوو سەرۆک وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم لەلای پارتی دیموکراتی کوردستانن، پێویستە جومگە سەرەکییەکانی دیکەی حوکمڕانی هاوبەش بن.
پێدەچێت هەردوولا بیانەوێت بڕیارى کۆتایی بۆ پێکهێنانى حکومەت تا دوای هەڵبژاردنەکانی 11ی تشرینی دووەمی عێراق دوابخەن، بەو هیوایەی دانوستان لەسەر پۆستەکانی هەرێم و بەغدا بکەن وەک بەشێک لە پاکێجێکی فراوانتر.
کیفاح مەحمود راوێژکارى راگەیاندنى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى، پێکنەهێنانى حکومەت بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێنێتەوە، کە بەوتەى ئەو لە زۆرینەیدا یەکێتى هۆکار بووە، سەربارى هۆکارەکانى پەیوەست بە دۆخى سیاسی عێراق و دەستوەردانى هەندێ لایەن.
کیفاح مەحمود بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى راگەیاندووە، "دواکەوتنەکە کاریگەری لەسەر رۆڵى حکومەت نەبووە، بەڵکو هاوکاری نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەکانیان هێزێکی زیاتری بە حکومەت بەخشی، بەتایبەتی کۆبوونەوەکانی بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لە ئەنجامدا واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت".
پێشیوایە حکومەتی نوێی هەرێم "ڕەنگە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕابگەیەندرێت، بەو پێیەی پڕۆسەی پێکهێنانی لە قۆناغی کۆتاییدایە".
دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان دواى زیاتر لە مانگێک هات لە پچڕانى پەیوەندییەکانى هەردوولا بەهۆى رووداوەکانى 22ى ئابى سلێمانییەوە.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "داوای شەراكەتی راستەقینەمان كردووە لەم قۆناغەدا نەك پەنجا بە پەنجا، پێویستە كۆمەڵێك پۆست بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت، سورین لەسەر ئەوەی بەزووترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا خەبەری خۆشمان دەبێت، لەگەڵ پارتی دوورنین لەیەكەوە، هەندێك بۆچونی جیاواز هەیە، دەتوانین بەچەند كۆبونەوەیەك ئەو بۆچوونانە لێكنزیك بكەینەوە و بگەیەنە رێككەوتنی كۆتایی".
وتیشى "بەگرنگی دەزانین پێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كابینەیەكی بەهێزمان هەبێت و ناوچەكە بە گۆڕانكاری گەورەدا تێپەڕدەبێت و نازانین دۆخی دوای هەڵبژاردن چۆن دەبێت".