بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان؛ ژمارەی رۆژە گەرمەکانى ساڵ 25% زیادیکردووە

#پلەى گەرما
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ژمارەی رۆژەکانی سەرووی 35 پلەی سەدی لە رۆما و بەیجین دوو هێندە زیادی کردووە و لە مانیلاش سێ هێندە زیادی کردووە. لە مەدرید ئێستا بە تێکڕا 47 رۆژ لە ساڵێکدا پلەکانی گەرما 35 پلەی سەدی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا پێشتر 25 رۆژ بووە. تەنانەت لە لەندەن کە کەشوهەوای تاڕادەیەک فێنکە، ژمارەی رۆژەکانی سەرووی 30 پلەی سەدی دوو هێندە زیادی کردووە.
Primary Asset

سبەى

شیکارییەکی نوێ ئاشکرای کردووە، گەورەترین پایتەختەکانی جیهان، بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان ژمارەی رۆژە گەرمەکانیان لە ساڵێکدا بە رێژەی 25% زیادیکردووە.

ئەم دیاردە مەترسیدارەی کەشوهەوا هەڕەشە لە ملیۆنان دانیشتووی شارە گەورەکان دەکات لە واشنتۆنەوە تا تۆکیۆ. لە کاتێکیشدا پایتەختە جیهانییەکان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تۆمار دەکەن، شیکارییە نوێیەکە داتاکانی پلەی گەرمی 40 پایتەختی پڕ دانیشتووان و سێ شاری دیکە کە کاریگەری سیاسییان هەیە شیکردووەتەوە.

هەڵسەنگاندنی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ ژینگە و گەشەپێدان (IIED) دەریخستووە، کە ژمارەی ئەو رۆژانەی پلەی گەرمییان لە 35 پلەی سەدی زیاترە لە 43 پایتەختى پڕ دانیشتووی جیهان، لە ماوەی ساڵانی 1994-2003 بە تێکڕای 1062 رۆژ بۆ 1335 رۆژ لە ماوەی نێوان 2015-2024 بەرزبووەتەوە.

ژمارەی رۆژەکانی سەرووی 35 پلەی سەدی لە رۆما و بەیجین دوو هێندە زیادی کردووە و لە مانیلاش سێ هێندە زیادی کردووە. لە مەدرید ئێستا بە تێکڕا 47 رۆژ لە ساڵێکدا پلەکانی گەرما 35 پلەی سەدی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا پێشتر 25 رۆژ بووە. تەنانەت لە لەندەن کە کەشوهەوای تاڕادەیەک فێنکە، ژمارەی رۆژەکانی سەرووی 30 پلەی سەدی دوو هێندە زیادیکردووە.

لە بەشێکی تری هەڵسەنگاندنەکەی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ ژینگە و گەشەپێدان  هاتووە، نۆ شار لە ساڵی 2024دا ژمارەیەکی پێوانەییان لە ژمارەی رۆژانی گەرمدا تۆمارکردووە، ئەوانیش ئەنتاناناریڤۆ، قاهیرە، جۆهانسبێرگ، کینشاسا، مانیلا، رۆما، تۆکیۆ، واشنتۆن دی سی و یاوەندین.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی