سبەى
نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە دیارەکانی سەردەمی ئێستا، بەپێی ئامارەکانى رێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 830 ملیۆن کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، لەکاتێکدا زیاتر لە نیوەی ئەوانەی تووشی دەبن چارەسەری گونجاو وەرناگرن.
سەرەڕای ژمارە سەرسوڕهێنەرەکان، لایەنی گەشاوە ئەوەیە، کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم تا رادەیەکی زۆر دەتوانرێت رێگری لێبکرێت، بە گرتنەبەری هەشت خووی تەندروست.
خواردنی بەردەوامی ریشاڵی خۆراک
پزیشکان رێنمایی دەدەن رۆژانە نزیکەی 35 گرام ریشاڵ بخورێت، چونکە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە تا 30% کەم دەکاتەوە. ریشاڵەکان هەرسکردن خاو دەکاتەوە، رێگری دەکات لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی شەکر لە خوێندا. ریشاڵ بە شێوەیەکی سروشتی لە دانەوێڵەی تەواو و پاقلەمەنییەکان و میوە و سەوزەدا هەیە.
چالاکیی جەستەیی بەردەوام
وەرزشکردن بەرگری ئەنسۆلین بە ڕێژەی 40-50٪ کەمدەکاتەوە. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە 150 خولەک چالاکیی وەرزشی مامناوەند بۆ بەهێز لە هەفتەیەکدا، وەک رۆیشتنێکی خێرا یان پاسکیلسواری، کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر دەکات.
پاراستنی کێشێکی تەندروست
دابەزاندنی 5-10%ی کێشی جەستەت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بە نزیکەی 58% کەمدەکاتەوە. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی هەستیاری ئەنسۆلین و کەمکردنەوەی فشار لەسەر پەنکریاس. ئەمەش دەتوانرێت لە رێگەی خۆراکی هاوسەنگ و چالاکیی جەستەیی رۆژانەوە بەدەستبهێنرێت.
هەڵبژاردنی دانەوێڵەی تەواو
گۆڕینی دانەوێڵەی پاڵاوتە (وەک نانی سپی و برنج) بە دانەوێڵەی تەواو، دەتوانێت بەرزبوونەوەی شەکری خوێن بە رێژەی 25-30% کەم بکاتەوە.
دارچین بخۆ
لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە خواردنی 1-6 گرام دارچینی رۆژانە دەبێتە هۆی باشترکردنی هەستیاری ئەنسۆلین بە رێژەی 20%، ئەمەش وایکردووە زیادکردنێکی خۆراکی سودبەخش بێت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەکرە.
خەوی گونجاو بەدەست بهێنە
کەم خەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە تا 50٪ زیاد دەکات. بۆیە باشتر وایە رۆژانە 7-8 کاتژمێر بخەویت. خەوی باش هاوسەنگی هۆرمۆنەکان دەپارێزێت.
خواردنی ژەمی بچووک
ژەمە گەورەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی شەکری خوێن، لەکاتێکدا خواردنی ژەمە بچووک و هاوسەنگەکان بە درێژایی رۆژ یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی ئاستی گلوکۆز بە جێگیری.
ئاو بخۆرەوە و دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوە شیرینکراوەکان
خواردنەوە شیرینکراوەکان پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بە رێژەی 26% هەیە، بۆیە باشترە خۆت لێی بەدوور بگرێت و خۆت سنووردار بکەیت بە خواردنەوەی 2-3 لیتر ئاوی رۆژانە، بۆ پاراستنی شێداری و پاڵپشتی گورچیلەکانت و نەهێشتنی شەکری زیادە.