خامنەیی و ترەمپ و نەتەنیاهۆ
سبەی
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێران ناوی لەناو ئەو لیستەدا بووە کە ئیسرائیل هەوڵی داوە لە هێرشەکەی رۆژی هەینی بۆ سەر ئێران بیکوژێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی نەبووە ناوبراو بکوژرێت.
هەرچەند هێشتا بە تەواوی دیار نییە کە ئیسرائیل بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکەی 13ی حوزەیران بۆ سەر ئێران کە بە هۆیەوە چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی ئێرانی کوژران، ئەمەریکای لێ ئاگادار کردووەتەوە یان نا؛ بەڵام ئاژانسێکی هەواڵی بەریتانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ترەمپ ڕازی نەبووە ئیسرائیل لەو هێرشەدا عەلی خامنەیی بکوژێت.
دوو گەورە بەرپرسی ئەمەریکی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت لەبارەی بەشداریکردنی ئەمریکا لەو شەڕەدا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە: "هێشتا ئێران هیچ ئەمەریکییەکی نەکوشتووە و تاوەکو ئەمەیش ڕوو نەدات تەنانەت هەر باسیش لە هێرشکردە سەر سەرکردە سیاسییەکانیان ناکەین".
ئەو دوو گەورە بەرپرسە ئەمەریکییە ئاماژەیان بەوە داوە، زانیویانە ئیسرائیلییەکان دەتوانن باڵاترین سەرکردەی ئێرانیش بە ئامانج بگرن، بەڵام ترەمپ باوەڕی پێ هێناون ئەم کارە نەکەن.
هەرچەندە ئەو گەورە بەرپرسە ئەمەریکییانە باسیان لەوە نەکردووە کە ئیسرائیلییەکان ڕاستەوخۆ ترەمپیان لەوە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام دەزانرێت ترەمپ بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.
گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گۆڕدرا بۆ جەنگی موشەك و درۆن، دوای ئەوەی ئیسرائیل رۆژی هەینی هێرشی بەرفراوانی بۆسەر پێگە سەربازییەكانی ئێران دەستپێكرد، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆری بەرپرسی باڵای سەربازیی ئێران كوژران و تائێستاش ئاڵۆزییە سەربازییەكان بەردەوامن