شەڕی ئێران-ئیسرائیل؛ خراپترین سیناریۆکان چین؟

#ئیسرائیل#ئێران#ئەمەریکا#کەنداو#BBC
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتی پێگەی بی بی سی بەریتانی، دەکرێت شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوابێت و پەرەبستێنێت، پێگەکە ژمارەیەک سیناریۆی خراپی خستووەتەڕوو لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە.
Primary Asset

ئێران و ئیسرائیل

سبەی

تائێستا شەڕى نێوان ئێران و ئیسرائیل سنووردارە بۆ شەڕی نێوان دوو وڵات، بەڵام چی روودەدات ئەگەر شەڕەکە زیاتر پەرەیسەند و فراوانتر بوو؟ 

بەپێی راپۆرتی پێگەی بی بی سی بەریتانی، دەکرێت شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامبێت و پەرەبستێنێت، پێگەکە ژمارەیەک سیناریۆی خراپی خستووەتەڕوو لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە کە بریتین لە:

بەشداری ئەمەریکا

هەرچەندە تائێستا ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە بەشداربێت لە هێرشەکانی سەر ئێران، بەڵام بەشداربوونی یەکێک دەبێت لە خراپترین سیناریۆکان.

دەکرێت ئێران بنکەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانج. ترسی ئەمەریکا لە کردنە ئامانجی بنکەکانی هۆکار بوو کە وڵاتەکە بەشێک لە هێزە ناپێویستەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکە بکشێنێتەوە. ئەمەریکا هۆشداری توند بە ئێران دەدات لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر بنکە و بەرژوەندییەکانی لە ناوچەکە لەلایەن ئێران یان بریکارەکانییەوە.

ئەگەر بە هۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، هاوڵاتییەکی ئەمەریکی لە تەلئەڤیڤ یان هەر شوێنێکی دیکە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بکوژرێت چى روودەدات؟ لەو کاتەدا دۆناڵد ترەمپ ناچار دەبێت بەشداربێت لە لێدان لە ئێران. ئیسرائیل پێویستی بە هاوکاری ئەمەریکایە بەتایبەت بۆ لەناوبردنی ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ کە لەژێر چیا سەختەکانی شاری قومدایە، چونکە سوپای ئیسرائیل ئەو توانایەی نییە بە تەنها ئەو ناوەندە بکاتە لەناوببات.

بەشداری وڵاتانی کەنداو

ئەگەر ئێران بە موشەکە بالیستییەکانی نەیتوانی زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت، دەکرێت ئێران موشەکەکانی ببەخشیت بەو بریکارانەی کە باوەڕی پێی هەیە، وەک حوسییەکانی یەمەن.

لە ماوەکانی رابردوودا حوسییەکان، جگە لە ئیسرائیل، ژمارەیەک وڵاتی کەنداوی بە ئامانج گرت وەک سعودییە و ئیمارات. ئێران باوەڕی وایە ئەو دوو وڵاتە بە نهێنی هاوکاری ئیسرائیل دەکەن. هەروەها ئەو دوو وڵاتە ژمارەیەک بنکەی ئەمەریکیی لەخۆ گرتووە، کە راستەوخۆ پاڵپشتی لە بەگریی ئیسرائیل دەکەن.

ئەگەر ئەو وڵاتانە لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە بە ئامانج بگیرێن، ئەوا داوا لە ئەمەریکا دەکەن بەرگرییان لێبکات، وەک چۆن بەرگریی لە ئیسرائیل دەکات، ئەوەش ئەو وڵاتانە پەلکێشی شەڕەکە دەکرێن.

شکستی ئیسرائیل لە لەناوبردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران

یەکێکی دیکە لە سیناریۆ خراپەکان، شکستهێنانی ئیسرائیلە لە لەناوبردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام چى روودەدات ئەگەر ئێران بووە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی؟

هەرچەندە ئیسرائیل ژمارەیەک زانای ئەتۆمی ئێرانی کوشتووە، بەڵام تائێستا هیچ ناوەندێکی ئەتۆمی ئێران بە تەواوەتی لەناونەبراوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە.

بەڵام چى روودەدات ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل ئەو باوەڕە لای بەپرسانی باڵای ئێران دروست بکات کە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی تاکە گەرەنتی مانەوەی رژێمی تارانە؟

ئەو هۆکارانە وا لە ئیسرائیل دەکەن کە بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، ئەوەش شەڕەکە درێژە دەکێشێت و ناسەقامگیریی زیاتر بەرۆکی ناوچەکە دەگرێت. ئەو ستراتیژییە، ئیسرائیل ناوی لێناوە "بڕینی چیمەن" واتە رێگریکردن لە زیادبوونی چیمەن نەک لەناوبردنی.

قەیرانی دارایی جیهانی

شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەئێستاوە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمز قەیرانەکە سەختتر دەبێتەوە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری شەڕی روسیا و ئۆکراینا، چونکە لە سیناریۆیەکی هاوشێوەدا روسیا سودمەندی یەکەمە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

رووخانی رژێمی ئێران

یەکێکی دیکە لە سیناریۆ خراپەکان، رووخانی رژێمی ئێرانە. بەپشتبەستن بە نموونەکانی وەک لیبیا و عێراق، کە دوای روخانی حکومەتە ناوەندییەکان، ناسەقامگیرییەکی زۆر رووی لە وڵاتەکەیان کرد، وەک شەڕی ناوخۆ.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی