ئێران مەرجى راگرتنى هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل ئاشکرادەکات

#
12 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
Primary Asset

تاران تا ئێستا ئاماری نوێکراوی قوربانیانی رانەگەیاندووە، بەڵام لە ئیسرائیل تا ئێستا لانى کەم 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسى دیکەش برینداربوون

سبەى

وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانى بۆ سەر وڵاتەکەیان رابگرێت ئەوانیش رایدەگرن، لەگەڵ بەردەوامى هێرشەکانى هەردوولا بۆ سەر یەکتر.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکای بە تێوەگلان لە هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاران "بەڵگەی سەلماندنی تێوەگلانی واشنتۆن"ی لەبەردەستدایە.

عەراقچی لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی بیانی لە تاران، کە لە تەلەفزیۆنی فەرمى ئێرانەوە پەخشکرا، وتی "ئەمەریکا هاوبەشی ئەم هێرشانەیە و ئێمەش بەڵگەی ئەوەمان لەبەردەستە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل هەموو هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەکانی بەزاند بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان و وەڵامدانەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافێکی ڕەوایە".

وتیشى "هێرشەکانی ئێران بەردەوام دەبن لەکاتێکدا تەلئەبیب دانوستاندن و هەوڵى دیپلۆماسی ڕەتدەکاتەوە".

عەراقچی جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەشداریکردن لە "هەر ڕێککەوتنێک کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بێت لە خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی ئێران"، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە تاران "هیچ ڕێککەوتنێک قبوڵ ناکات کە ئامانج لێی زەوتکردنی مافە ئەتۆمییە ڕەواکانی بێت".

جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئیسرائیل دان بە هیچ ڕێسایەکی یاسایی نێودەوڵەتیدا نانێت و هەر هەڵکشانێکى سەربازی لە ناوچەیەکی زۆر هەستیاردا دەتوانێت ببێتە هۆی ململانێیەکی جیهانی.

بۆ سییەم رۆژ لەسەریەک، شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و بەهۆیەوە سەدان کەس لەهەردوولا کوژران و برینداربوون.

ئیسرائیل و ئێران لەشەوى رابردووەوە تا بەرەبەیانی یەکشەممە شەپۆلێکی نوێی هێرشیان بۆ سەر یەکتر ئەنجامدا و  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە ململانێکان بە ئاسانی کۆتایی پێبێت.

دانوستانە ئەتۆمییەکان هەڵوەشایەوە

تاران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانیداوە، کە واشنتۆن بە تاکە ڕێگە بۆ ڕاگرتنی بۆردومانی ئیسرائیل وەسفی کرد، هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ئێران تا ئێستا هیچ نییە بە بەراورد بەوانەی لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕووبەڕووی دەبنەوە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەگەری سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەڕێوە بچێت. لەجیاتى ئەوە، بۆ شەوی سێیەم، ئیسرائیل لە قوڵایی دڵی ئێراندا هێرشی ئەنجامدا، لە کاتێکدا تاران بە دوو قۆناغ مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.

تاران تا ئێستا ئاماری نوێکراوی قوربانیانی رانەگەیاندووە، بەڵام لە ئیسرائیل تا ئێستا لانى کەم 10 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسى دیکەش برینداربوون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی