بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیی 20 لاپەڕەیە و پێنج بڕگە لە خۆ دەگرێت، کە یەکێکیان تایبەتە بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و تەوتینى مووچە
سبەى
سکاڵاکارانى دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانن لەم هەفتەیەدا دادگاى فیدراڵى بڕیار لەسەر سکاڵاکەیان بدات و بڕیارەکەى تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، لەگەڵ دانانى وادەیەک بۆ جێبەجێکردنى تەوتینى مووچە.
بڕیارەکەى 28 ى ئایارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، جارێکى تر کێشەى مووچەى هێنایەوە خاڵى سەرەتا، ئەوەش دواى چوار مانگ لەناردنى مووچە بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەرەتاى ئەمساڵدا.
هەریەکە لە هەرێم و بەغداد یەکترى تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنى بڕیارى دادگاى فیدراڵى کە ساڵى 2024 دەریکرد و تێیدا مووچەى فەرمانبەرانى بەدەرکرد لە کێشەکانى هەرێم و بەغداد.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەى کێشەکە، گروپێک فەرمانبەر و مامۆستاى ناڕازیی لە چەند هەفتەى رابردوودا دوو سکاڵایان لەسەر بەرپرسانى هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکرد.
دادگاى فیدراڵى رۆژى یەکى حوزەیران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، هەردوو سکاڵاکەى یەکخستووە و بەم نزیکانە بڕیارێکى فەرمان سالارى لەبارەیانەوە دەردەکات، بەڵام بەهۆى سەفەرى حەجى ژمارەیەک ئەندامى دادگا هێشتا بڕیارەکەى نەداوە.
سامان عەلى یەکێک لە سکاڵاکارانى دۆسیەکە رۆژى یەکشەممە بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، چاوەڕواندەکرێت دادگاى فیدراڵى لەم هەفتەیەدا بڕیارێک بدات بەشێوەیەک ماوەیەک دیارى بکات بۆ حکومەتى هەرێم تا تەوتینى مووچە جێبەجێ بکات، بۆ چارەسەرى ریشەیی کێشەى مووچە.
سکاڵاکاران هەفتەى رابردوو لەگەڵ تەیف سامى وەزیرى دارایی عێراق کۆبوونەوە، کە تێیدا تەیف سامى جەختى لە جێبەجێکردنى تەوتینى مووچە کردەوە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
سامان عەلى باسى لەوەکرد، تەیف سامى بەروونى پێیوتوون کە ناردنى مانگانەى نزیکەى ترلیۆنێک دینار بۆ مووچە بۆ هەرێمى کوردستان کێشەى سیولە بۆ بەغداد دروستدەکات، بەڵام ئەگەر تەوتین جێبەجێ بکرێت ئەو کێشەیە دروستنابێت، بەو پێیەى ئەوکات بەژمارە پارە دەخرێتە سەر هەژمارى بانکى فەرمانبەران و بەشێوەى کاش پارە رەوانەى هەرێم ناکرێت.
سکاڵاکاران هەروەها هەفتەى رابردوو پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامى سەردانى دادگاى فیدراڵیان کرد بۆ بەدواداچوونى دۆسیەکەیان و دادگاش ئاگادارکردنەوە کە هەفتەى داهاتوو بڕیار لەسەر سکاڵاکەیان دەدات و دۆسیەکە یەکلایی دەکاتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژى یەکشەممە لەتیف رەشید سەرۆک کۆمارى عێراق و جاسم عەبود سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى کۆمار کە دەست سبەى کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و دادگای فیدراڵی کراوەتەوە.
سەرۆک کۆمار جەختی لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە، بەو پێیەی گرەنتى چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکانە. لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ خەرجکردنی مووچەى فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەرکردنی ئەم پرسە بەپێی دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆکى دادگاى فیدراڵى جەختى لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی دادگای فیدراڵی کردەوە بەپێی دەستوور و یاسا و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵک، لەگەڵ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسا.
جگە لە سکاڵای فەرمانبەران و مامۆستایان، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى لە دادگاى فیدراڵى کردووە رونکردنەوەى پێبدات لەبارەى جێبەجێکردنى بڕیارەکەى، بەو پێیەى دادگا لە بڕیارەکەیدا جەختیکردووەتەوە کە دەبێت مووچە لە پشکى هەرێم خەرج بکرێت، لەکاتێکدا پشکى هەرێم لە بودجە تەواو بووە.
بەکر حەمەسدیق پارێزەری کەیسی ساڵى رابردووى مووچەخۆران لە دادگای فیدڕاڵی بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا، ئەم پرسە لە بڕیارەکەى دادگادا جیایە کە باڵادەستە بەسەر یاساى بودجەدا، بەو پێیەى لە بڕیارەکەدا پرسی مووچە خراوەتە دەرەوەى یاساکە
وتیشى "دادگا دەتوانێت بە بڕیارێکى وەلائى بڕیارەکەى تەیف سامى کە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانیشە هەڵیوەشێنێتەوە، چونکە ئەوە پێچەوانەى بڕیارى دادگاى فیدراڵییە، ئەوەش ماناى گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاى جێبەجێکردنى بڕیارەکە".
بەکر حەمە سدیق پێیوایە، بڕیارەکەى تەیف سامى پێچەوانەى دەستور و یاساى راژەى فەرمانبەران و بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵییە کە هیچ جۆرە شیکردنەوەیەک هەڵناگرێت.
رونیشیکردەوە، بڕیارەکەى دادگا ئیمتیازەکەى لەوەدایە، کە مووچەى لەپشکى هەرێم لە بودجە جیاکردووەتەوە، بە جۆرێک کە عێراق ناچاردەکات راستەوخۆ لە رێگەى تەوتینەوە ئەو بڕە پارەیە بنێرێت و لە پشکى هەرێم بیبڕێت.
بڕیارەکەى ساڵى رابردووى دادگاى فیدراڵیی 20 لاپەڕەیە و پێنج بڕگە لە خۆ دەگرێت، کە یەکێکیان تایبەتە بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و تەوتینى مووچە.