ترەمپ دەیەوێت ئێران ناچاربکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ

#کۆشکی سپی#دۆناڵد ترەمپ#ئەمەریکا#ئێران#ئیسرائیل#بەرنامەی ئەتۆمی
14 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 14 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کۆشکی سپی سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی رازییان بکات ئەم هەفتەیە کۆبونەوەیەک لەنێوان عەباس عەراقچی و ستیف ویتکۆڤ رێکبخات سەبارەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکانی.
Primary Asset

سبەی

کۆشکی سپی سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەی رازییان بکات ئەم هەفتەیە کۆبونەوەیەک لەنێوان عەباس عەراقچی و ستیف ویتکۆڤ رێکبخات سەبارەت بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکانی.

پێگەی ئەکسیۆس لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە: کۆشکی سپی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە کۆبونەوەیەک لەنێوان ستیف ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆکی تیمی شاندی دانوستانی ئەمەریکا و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانی ئەو وڵاتە، رێکبخات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی کە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و راگرتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران لە خۆدەگرێت.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، تائێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر کۆبونەوەکە نەدراوە، بەڵام بەشێکە لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە و ئەنجامدانی رێککەوتن.

بەرپرسێکی ئەمەریکی لەوبارەیەوە وتوویەتی: "تاوتوێی کۆبونەوەکە دەکرێت بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت، ئەو کۆبونەوەیە خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆ بەشداریی ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران".

بەرپرسەکەی ئەمەریکا رایگەیاندوە: ترەمپ وای دەبینێت ئەو بۆمبە تێکشکێنەرانەی ئەمەریکا هەیەتی بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لای ئیسرائیل نییە، بەتایبەت بۆ لەناوبردنی وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ کە لە قوڵایی شاخەکانی شاری قوم بونیاتنراوە.

ترەمپ پێیوایە؛ ئەوە خاڵی لاوازی ئێرانە بۆ ئەوەی ناچاربێت لەگەڵ ئەمەریکا بگاتە رێککەوتن، ئەمەریکییەکانیش دەیانەوێت گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، بەڵام تائێستا دڵنیانیین لەوەی کە ئەو چەکە ئێران ناچار دەکات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە سازش بۆ ئەمەریکا بکات.

هەرچەندە تائێستا ترەمپ رەتیکردوەتەوە بەشداریی راستەوخۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بکات، بەڵام ئەوەش روونە کە نایەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لەگەڵئەوەشدا نەتەنیاهۆ فشاری لێدەکات کە بەشداریی بکات لە جەنگەکە و لایەنی کەم بۆ لەناوبردنی ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ.

لەبەرامبەردا تائێستا دۆناڵد ترەمپ پێداگریی دەکات کە لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن، لاوازی دۆخی ئێرانیش بە دەرفەت دەزانێت بۆ گەیشتن بەو دەستکەوتە.

سەرەڕای هەوڵەکانی، ترەمپ بە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال هەموانی توشی شۆک کرد، کاتێک شەوی رابردوو داوای لە دانیشتوانی تاران کرد شارەکەیان چۆڵ بکەن.

پێش ئەو داواکارییە، دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی کۆبونەوەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان لە کەنەدا (جی7) ترەمپ کۆبونەوەکەی بەجێهێشت و گەڕایەوە واشنتن بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی لەسەر شەڕی ئیسرائیل و ئێران بێت.

ئەو دوو هەنگاوە و تەقینەوەکانی تاران و چەند راپۆرتێکی رۆژنامە ئیسرائیلییەکان و بڵاوکراوەی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی کە رەنگە ئەمەریکا ببێتە بەشێک لە جەنگەکە.

ئەلێکس فایڤەر وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەریکا ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: ئەمەریکا نەبوەتە بەشێکی شەڕەکە و لە دۆخی چاودێریی و بەرگریی خۆیدا و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی دەکات.

هاوکات، پێت هێگسێس وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: تائێستاش سەرۆک ترەمپ کاردەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، چونکە سەرۆک هیوای بەوە هەیە ئاشتی بەرقەرابێت.

بەپێی سەرچاوەکان، ئیدارەی ترەمپ گفتوگۆی لەسەر پێشنیازی گفتوگۆ و کۆبونەوە لەگەڵ ئێران کردووە، لە کۆبونەوەی وڵاتانی حەوتیش ترەمپ ووتی: "بەتەلەفۆن گفتوگۆ کراوە، بەڵام باشترە روبەڕوو قسەبکرێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی