چەکدانانی پەکەکە.. هەنگاوێکی رووکەشانەیە یان سەرەتای دەستپێکی قۆناغێکی نوێ

#تورکیا#پەکەکە#چەکدانان#خەباتی چەکداریی#ئۆجەلان#ئەردۆغان
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • تورکیا بە ووردیی و وریایەوە چاودێری ئەو پرۆسەی چەکدانانە دەکات کە بڕیارە سەرەتای ئەم مانگە، لە مەراسیمێکدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دابنێن، وەک دەستپێشخەریی و هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنگرەی 12ـی پەکەکە کە تایبەت بوو بە کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداریی.
Primary Asset

سبەی

تورکیا بە ووردیی و وریایەوە چاودێری ئەو پرۆسەی چەکدانانە دەکات کە بڕیارە سەرەتای ئەم مانگە، لە مەراسیمێکدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دابنێن، وەک دەستپێشخەریی و هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنگرەی 12ـی پەکەکە کە تایبەت بوو بە کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداریی.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرەتای ئەم مانگە ژمارەیەک گەریلای پارتەکە لە مەراسیمێکدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی، چەکەکانیان دادەنێن وەک هەنگاوی سەرەتای پڕۆسەی کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداریی کە لە دوایین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری لێدرا، تورکیا سەرەڕای ئەوە تائێستا هەنگاوی کردەیی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆسەیەی چەند مانگێکە دەستی پێکردووە، بە گومانەوە لە پرۆسەکە دەڕوانێت و چاودێریی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرۆسەکە ئاشکرای کردووە، رێوڕەسمی چەکدانانەکە بۆ دروستکردنی متمانەیە، ئەوەش دوای زیاتر لە چوار مانگ لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ کۆتایی هێنانی بە خەباتی چەکداریی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی، بڕیاریشە لەم چەند رۆژەدا پەیامێکی نوێی ئۆجەلان لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەکەوە بڵاو بکرێتەوە. 

ئەو روداوەکەی کە زۆرینەی میدیاکان چاوەڕوانی دەکەن، بڕیارە لەنێوان 3 بۆ 10ـی ئەم روبدات و 20-30 گەریلا دوای دانانی چەکەکەیان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی پێشتر خەباتی چەکدارییان لێ ئەنجامداوە، نەک وەک ئەوەی پێشتر باس دەکرا کە جوای چەکدانان خۆیا رادەست دەکەن یان دەگوێزرێنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.

ئەنقەرە چاوەڕوانی ئەو پڕۆسەیەیە وەک تاقیکردنەوەیەکی سیاسی و ئاسایش، نەک کۆتایی ئەو رێگایەی کە زیاتر لە 40 دەیەیە چاوەڕوانیەتی رووبدات و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی پەکەکە بهێنرێت بە یەکجاریی. 

مەتین کۆرکوماز، توێژەری تورکیی لە کاروباری ئاسایش و ئیتنی دەڵێت: تورکیا بە گومانەوە لە هەر جووڵە و هەنگاوێکی پەکەکە دەڕوانێت. پێشتریش لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دووجار ئەو پڕۆسەیە بەرێوەچووە، بەڵام نەگەیشتووەتە کۆتایی.

بەوتەی ئەو توێژەرە، ئەوەی پرۆسەکە جیادەکاتەوە لە جارانی پێشوو، بونی فشارێکی نێودەوڵەتییە، لەسەر تورکیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ناکۆکی تورکیا و کورد، بەتایبەتی دوای ئەو پرۆسەی سەربازییە گەورانەی کە لە ماوەی رابردوودا لەسەر سنورەکانی تورکیا رویاندا.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، چاوی لەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەتەوەی کورد لە ناوخۆی وڵاتەکەی ئاسایی بکاتەوە، دوای نیو سەدە لە خەبات و پێکدادانی چەکداریی پەکەکە.

لە کۆبونەوەی ئەم دوایەی لەگەڵ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" ئەو نیەتەی خۆی نیشانداوە بۆ گەڕانەوەی پڕۆسەی ئاشتی بۆ سەر رێڕەوی ئاسایی خۆی کە لە ساڵی 2015 وەستاوە.

لەلایەکی ترەوە، ستیڤن کۆک، شارەزای کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی پێیوایە، کە تورکیا دۆخی جیۆسیاسی هاوشێوەی سوریا و عێراق دەقۆزێتەوە بۆ فشارخستنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی کە بە رێگەی سەربازیی ناتوانێت کێشەی کورد لە وڵاتەکەی چارەسەر بکات، بۆیە ئیستا کرانەوەی زیاتر هەیە بۆ هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە، ئەگەر بەشێوەیەکی رەمزییش بێت.

لایەنی بەرامبەریش کە پەکەکەیە، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی تردایە بەوەی کە سەرجەم باڵە سەربازییەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک دادەنێت، یان جارێکی تر لە ژێر ناوێکی دیکەدا دەست بە خەباتی چەکداریی دەکاتەوە.

سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان چەندجارێک جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پرسەکە پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتیی هەیە و بۆ ئەوەش پێویستە کەناڵی جیاوازی پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییە کوردییەکانی تورکیا بکرێتەوە. لەلایەکی ترەوە کۆتایی بە پرۆسەی ئیمراڵی بهێنرێت و ئۆجەلان پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ بەرپرسان و رۆشنبیران و کەسانی ئاسایی هەبێت و ئاگاداری رووداو پێشهات و هەنگاوەکان بێت.

بە ڕای چاودێران، سەرکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری ئەمجارە پەیوەستە بە دوو رەگەزی سەرەکییەوە، ئەویش نیەتی هەردوولایەنی تورکیا و پەکەکە و توانایان بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی خوێناویی رابردوو، دووەمیش گۆڕانکاریی و زەمینەی هەرێمیی، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵی هێزە گەورەکان لە دووبارە داڕشتنەوەی.

لە نائامادەیی دیدگایەکی روون بۆ چارەسەری هەمەلایەنە و دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد لە تورکیا، ئەو هەنگاوە سەرەڕای سروشتی رەمزی خۆی، رەنگە تەنها لە دەستپێشخەرییە رووکەشەکاندا سنووردار بمێنێتەوە کە نەتوانن جەوهەری پەیوەندییە گرژەکانی ئەنقەرە و کورد بگۆڕن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی