هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان و عێراق دەستیان پێکردەوە

#هێرش#مووشەک#درۆن#بێجی#کەرکوک
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • شەوی رابردوو زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بە کاتیۆشا و فڕۆکەی بیفڕۆکەوان کرایە سەر کامپێکی زاخۆ و فڕۆکەخانەی کەرکوک و پاڵێوگەی بێجی، لەسەر ئاستی باڵاش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی پێکهێنراوە.
Primary Asset

سبەی

شەوی رابردوو زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بە کاتیۆشا و فڕۆکەی بیفڕۆکەوان کرایە سەر کامپێکی زاخۆ و فڕۆکەخانەی کەرکوک و پاڵێوگەی بێجی، لەسەر ئاستی باڵاش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی پێکهێنراوە.

هێرش بۆ سەر کامپێکی زاخۆ

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان لە هەولێر بڵاوی کردەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تەممووزی 2025، کاتژمێر 00:30، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکارێ لە سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.

هێرشی کاتیۆشا بۆ سەر کەرکوک

سەرچاوەیەکی ئاسایشپارێز ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکوک بیستراوە، دواتر دەرکەوتووە کە کەوتنەخوارەوەی چەند موشەکێک بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکوک، کە زیانی بە ماڵێکی نزیک روداوەکە گەیاندووە و بەهۆیەوە دوو برینداری لێکەوتوەتەوە.

بەپێی سەرچاوەکە؛ هێرشەکانی زیانێکی ئەوەتۆی نەخستوەتەوە و کارەکانی فڕۆکەخانەکە ئاساییە و هیچ رێگرییەکی بۆ دروست نەبووە.

هەر لەوبارەیەوە رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەکیانەی کە کەرکوکیان کردە ئامانج.

ووتیشی: " هێرشەکان دوای کوشتنی ژمارەیەکی چەکداری داعش لە سنورەکە ئەنجامدراوە".

ئیدارەی فڕۆکەخانەی کەرکوک بڵاوی کردە کە سەرجەم جومگەکانی فڕۆکەخانەکە لە کاری ئاسایی خۆیدایە و رێڕەوی مرۆیی و ژێرخانی فڕۆکەخانەکە لە کاری ئاسایی خۆیاندان و هیچ زیانێکی ئەوەتۆیان پێنەگەیشتووە.

هێرشی درۆن بۆ سەر پاڵێوگەی بێجی

لەلایەکی ترەوە، عادل ئەلدەج قائیمقامی بێجی رایگەیاند: پاڵێوگەی بێجی بە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و زۆرینەی فڕۆکەکان لەلایەنی سیستمی بەرگری پاڵێوگەکە خراوەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی ماڵی و گیانی لێنەکەوتوەتەوە.

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە: دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پاڵیۆگەی بێجیان پێکاوە و بەهۆیەوە زیان بەر بەشێکی پاڵێوگەکە کەوتووە.

لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە

سەرچاوەیەکی ئاسایشپارێز رایگەیاند: لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی شەوی رابردوو کە فڕۆکەخانەی کەرکوک و پاڵیۆگەی بێجیان لە پارێزگای سەڵاحەدین کردە ئامانج.

ئەرکی لیژنەکە لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکان و سەرچاوەی هێرشەکان و ئەو سەکۆیانەی کە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لێوە هەڵدراوە.

دەستپێکردنەوەی هێرشە مووچەکی و درۆنە خۆکوژەکان، دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلە و لەوکاتەوە ئەوە دووەم هێرشە بکرێتە سەر فڕۆکەخانە و پاڵێوگەکانی عێراق.

لەناوبردنی دوو راداری عێراق

هەفتەی رابردووش زنجیرەیەک هێرش بە درۆن کرایە سەر سەربازگەکانی عێراق و بنکەکانی ئەمەریکا. هێرشەکانی بە درۆن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ئەنجامدران. رادارێکی فەڕەنسی لە سەربازگەیەکی عێراق لەناوبرا.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە؛ هێزەکانی ئەمەریکا روبەڕوی هێرشی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بونەتەوە کە کرابونە سەر بنکەکانیان لە نزیک فڕۆکەخانی بەغداد و رۆژئاوای عێراق.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، لە هێرشێکی ترسنۆکانە و خیانەتکارانەدا، لە کاتژمێر 2:15 بەیانی تا 3:45 بەیانی رۆژی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووکی خۆکوژی چەندین شوێن و بنکەی سەربازی عێراقیان کردە ئامانج. ئەم هێرشە زیانێکی بەرچاوی بە سیستەمی رادارەکانی بنکەی تاجی لە باکوری بەغداد و بنکەی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقاڕ گەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی لێبکەوێتەوە.

بەپێی راگەیاندنی شانەی راگەیاندنی جەنگی، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو گەیشتونەتە ئاسمانی بەغداد و یەکێکیان خراوەتە خوارەوە و یەکێکیشیان لە بنکەی سەربازیی تاجی باکوری بەغداد کەوتوەتە خوارەوە.

لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی جەنگی ئاشکرای کردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە سیستمێکی راداری کردوەتە ئامانج کە بەشێکە لە سیستمی بەرگری ئاسمانی، کە هێشتا نەخراوەتە کار.

لە لایەکی ترەوە سەرچاوەیەکی ئاسایشپارێز ئاشکرای کرد؛ سیستمێکی راداری دیکە لە بنکەی ئیمای عەلی ئاسمانی لە پارێزگای زیقار کردوەتە ئامانج و بە تەواوەتی لەناوی بردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو رادارە لە چەند رۆژی رابردوودا درۆنێکی دروستکراوی ناوخۆیی خستوەتە خوارەوە کە ئەرکی درۆنەکە سیخوڕیی و کۆکردنەوەی زانیاریی بووە.

هەمانڕۆژ سیستمی بەرگری ئاسمانی لە بنکەی عەین ئەسەد، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستوەتە خوارەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی