سبەى
سەرۆک وەزیرانی عێراق رەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت لەبارەى شێوازى مامەڵەکردنى لەگەڵ پێشێلکردنى ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە و دەڵێت، مامەڵەى واشنتن لەو بارەیەوە رەنگە پەیوەندییەکانیان وەک دوو هاوبەش لەبارببات، جەختیشدەکاتەوە دەسەڵاتى ئێران بە خێرایی ناڕوخێت.
رووخانى دەسەڵاتى ئێران
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى (بی بی سی) رایگەیاند، "دەسەڵاتى ئێران بەو شێوەیەی کە وێنا دەکرێت، لاواز نییە کە دەوترێت ئەگەری هەیە بە خێرایی بڕووخێت. بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی قووڵە و لایەنگر و پشتیوانێکی زۆری هەیە".
وتیشی "یەک خەسڵەت هەیە کە نەتەوەی ئێران جیا دەکاتەوە، ئەویش خۆشەویستى نیشتیمانە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆن لە کاتی ئەم شەڕەدا لە تەنیشت دەسەڵاتەوە ڕاوەستان. گوێمان لە کەسایەتییە ناسراوەکان بووە کە بە هەمان شێوە ئەو کارەیان کردووە".
لە وەڵامى ئەگەرى روخانى دەسەڵاتى ئێران و کاریگەری لەسەر عێراق، سودانی دەڵێت "هەر ئاگرێک لە هەر شوێنێکی ناوچەکەدا هەڵبگیرسێت، بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە. هیچ کەسێک لە ئاگرێکی لەو شێوەیە بێبەری نابێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق "نیگەرانییەکی ڕاستەقینەی هەیە" کە ڕەنگە شەڕەکە لە تەواوی ناوچەکە بڵاوبێتەوە.
پێشبینى عێراق بۆ شەڕى 12 رۆژە
هەرچەندە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بۆ زۆرێک لە ئێرانیەکان وەک سوپرایزێک بوو، بەڵام حکومەتی عێراق ئاماژەکانی بینیبوو کە هەڵمەتێکی سەربازی لە ڕێگادایە.
سودانی وتی "لە ماوەی 48 کاتژمێری پێش جەنگدا، هەموو هەڵسەنگاندنەکان - ئاسایش، سیاسی و تەنانەت میدیاکانیش ئاماژەیان بەوەدەکرد کە کردەوەی سەربازی لە ئارادایە".
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق دراوسێکانی خۆی لە مەترسییەکانی ئەو جۆرە دەستدرێژییە ئاگادار دەکاتەوە.
پێشێلکردنى ئاسمانى عێراق
لە میانەی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەندین جار ئاسمانی عێراقیان بەکارهێنا بۆ بۆردومانکردنی ئامانجەکان لە قوڵایی خاکی ئێران، کە سودانی بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی وەسفی کرد. عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵاى لەسەر ئیسرائیل تۆمار کرد لەو بارەیەوە.
هەروەها بەغداد دژایەتی خۆی بۆ پێشێلکارییەکی لەو شێوەیە دەربڕی، بەڵام هیچ کەسێک نەیتوانی ڕێگری لە فڕینی فڕۆکەکانى ئیسرائیل بکات لە ئاسمانی عێراقدا.
سودانی رونیکردەوە، "سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی گونجاومان نییە بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە لەڕاستیدا عێراقی ڕاکێشا بۆ شەڕێک کە لایەنێک نەبووە تێیدا".
جەختیشیکردەوە، بەردەوام دەبن لەسەر پلانەکانیان، رێگە نادەن هیچ وڵاتێک - جا ئیسرائیل بێت یان هەر کەسێکی تر - ئاسمانی عێراق پێشێل بکات، هەموو ڕێگەیەکیش بۆ ئەو ئامانجە بەکاردەهێنن.
سودانی دووپاتی کردەوە کە عێراق بەشێکى لە سیستەمێکى ڕادار وەرگرتووە و ئەمساڵیش بەشی زۆری ئەو سیستمە وەردەگرێت، هەروەها لە کۆریاى باشوریشەوە سیستمى پێشکەوتوویان پێدەگات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەخنەی لە مامەڵەی ئەمەریکا لەگەڵ پێشێلکارییەکانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراق گرت.
روونیشیکردەوە، کاتێک سوپای پاسدارانی ئێران مووشەکی بەرەو خاکی عێراق هەڵدا، بنکە ئەمەریکییەکانی لەوێ کردە ئامانج، وەک تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، یان کاتێک گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە هەرێمى کوردستان کردە ئامانج، ئەمەریکا بە بەردەوامی و بە توندی ئێرانی تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە تاران رێزى لەسەروەری دراوسێیەکەی نەگرتووە. بەڵام کاتێک هاتە سەر ئیسرائیل وەڵامی نەدایەوە.
سودانی هاوڕایە لەسەر ئەوەی کە ئەمە "پێوەرێکی دوو فاقییە" و مامەڵەیەکى لەو شێوەیە لەلایەن ئەمەریکاوە دەکرێت هاوبەشى لەنێوان بەغداد و واشنتۆن لەبارببات.
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەمەریکا بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە هێرش دەکاتە سەر ئێران، سودانی وتی "نەخێر بە هیچ شێوەیەک".
ئاماژەی بەوەشکرد، "نەدەبوو ئەمەریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە بچێتە ناو شەڕەکەوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری شەڕەکە. ڕێک ئەوە ڕوویدا و ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە هۆشداریمان دەدا لە دژی".
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها رایگەیاند، حکومەتەکەی خاڵە لاوازەکانی ژێرخانی بەرگریی وڵاتەکەی دەستنیشانکردووە و لە ئێستاوە دەستیکردووە بە کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە کۆریای باشوور و فەرەنسا. بەڵام دوای پەرەسەندنی ئەم دواییە بڕیاریدا پرۆسەکە خێراتر بکات.
بێدەنگى گروپە چەکدارەکان
لە جەنگى 12 رۆژەدا عێراق هێمن بوو و هیچ کاردانەوەیەک لەلایەن هیچ گروپێکی چەکداری عێراقی لایەنگری ئێرانەوە دەرنەکەوت.
سودانی دەڵێت ئەم ئارامییە بە پلەی یەکەم بەهۆی ئەوەوە بوو کە حکومەت پاراستنى عێراقى لەپلەى یەکەمى ئەولەویەتى کارەکانیدا دانابوو، لەگەڵ پەیڕەوکردنى سیاسەتى "دیپلۆماسی هاوسەنگ".
رونیشیکردەوە، "هەندێک ڕێوشوێنی ناوخۆییمان گرتووەتەبەر لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی بۆ سنووردارکردنی هەر کردەوەیەک کە بتوانێت عێراق بۆ شەڕ ڕابکێشێت".
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەڕەشەی ئاشکراتر لە لایەن هەندێک گرووپی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە ڕوویدا، وەک کەتائیبى سەید شوهەدا کە سەرکردەکەی هەڕەشەی بە ئامانج گرتنى هێزەکانی ئەمىریکاى کرد تا بە ناچاری عێراق جێبهێڵن.
کاتێک پرسیار لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرا سەبارەت بەو جۆرە هەڕەشەیە، وتی "بەیاننامە و وتارێکی زۆر هەبووە، بەڵام کاتێک باس لە کردار دەکرێت، دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لەوێن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "نێردەی دیپلۆماسی بیانی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان پارێزراون، بەڵام کەسێک کە بەیاننامەیەک و تویتێک بڵاودەکاتەوە، وێنەی ڕاستەقینە نیشاننادات، کە ئەویش دەستگرتنی توندی دەوڵەتە بەسەر گۆڕەپانی ئەمنیدا".
لە کاتێکدا حکومەت هەوڵدەدات وڵات لە ململانێکان دوور بخاتەوە، بەغداد بە ناردنی "هۆشداری گرنگ و ڕوون" بۆ دۆست و هاوپەیمانانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، پەیڕەوی لە "دیپلۆماسییەکی هێمن" کردووە.
سودانی دەڵێت "بۆ نموونە لێدوانێکی گرنگ لەلایەن باڵاترین دەسەڵاتی ئایینی شیعەوە لە نەجەف هەبوو، کە بۆ یەکەمجار هەندێک دەربڕین بەکارهێنران، وەک ئەوەی شتەکانی ناوچەکە دەتوانن لەکۆنترۆڵ دەربچن".
"ناتەنیاهۆ کێشەیە"
هەرچەندە شەڕى ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە، بەڵام عێراق هێشتا نیگەرانە لە ناسکی ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەتایبەت کە هیچ رێککەوتنێکى ئاشتى لەنێوانیان واژۆنەکراوە.
سودانی ئاماژە بەوە دەکات کە پرسە هەڵپەسێردراوەکان- وەک پەیوەندی ئێران و ئەمەریکا، مشتومڕی بەردەوام لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و شەڕی غەززە، دەتوانێت هەڕەشە لە ئاگربەستەکە بکات. بەڵام بوونى بنیامین ناتانیاهۆ لە سەرۆکایەتی حکومەتی ئیسرائیل کێشەیە.
رونیشیکردەوە "ئەمە مایەی نیگەرانییە بۆ هەموو ناوچەکە، بەو پێیەی ستراتیژیی مانەوەی ئەم کەسایەتییە بڵاوکردنەوەی شەڕ و ململانێکانە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، بەمەش کێشە لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات".
دەشڵێت "ئاگربەست لە غەززە و لوبنان نەکراوە و ئیسرائیل هەرکاتێک بیەوێت هێرش دەکاتە سەر سوریا، ئەمەش هۆکارێکی دروستە بۆ نیگەرانی".
سودانی هیواى خواست کە هەمان سیناریۆ لەگەڵ ئێران دووبارە نەبێتەوە.