ئەردۆغان تیمەکەى راسپارد “هەڵسەنگاندن” بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بکەن

#ئەردۆغان#فڕۆکەخانەی سلێمانی#
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • تورکیا لە نیسانى 2023 ەوە گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى راگرتووە، بەتۆمەتى بوونى چالاکى پەکەکە لە سنورى پارێزگاکە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانى خۆجێی سلێمانى بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە.
Primary Asset

سبەى

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا وەزیرە پەیوەندیدارەکان و تیمەکەى راسپارد، هەڵسەنگاندن بۆ هەڵگرتنی سزاکانی وڵاتەکەى لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتى سلێمانی بکەن و لەئەنجامەکەى ئاگادارى بکەنەوە، ئەوەش بەوتەى ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق کە لەگەڵ وەفدێکى پەرلەمان لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەتەوە.

ئەمڕۆ وەفدێکى پەرلەمانى عێراق بەسەرۆکایەتى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمان لە تورکیا لەگەڵ  رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا کۆبوونەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى مەشهەدانى کە دەست سبەى کەوتووە.

کاروان یاروەیس ئەندامى وەفدەکە رایگەیاند، "لەکۆبوونەوەکەدا داواکاری خەڵکی سلێمانیمان گەیاند سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی".

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەردۆغان پێی راگەیاندوون کە وەزیرە پەیوەندارەکان و تیمەکەی رادەسپێرێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تا هەڵسەنگاندنی خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش بکەن.

تورکیا لە نیسانى 2023 ەوە گەشتە ئاسمانییەکانى بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى راگرتووە، بەتۆمەتى بوونى چالاکى پەکەکە لە سنورى پارێزگاکە، هەرچەندە دەسەڵاتدارانى خۆجێی سلێمانى بەردەوام ئەو تۆمەتە رەتدەکەنەوە.

تا ئێستا تورکیا چوار جار ماوەى سزاکەى درێژکردووەتەوە، کە دواترینیان تا تەمموزى ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دواتر ئەو وڵاتە لەسەر بنەماى هەڵسەنگاندنى نوێ بڕیار لەسەر پرسەکە دەدات.

ئارمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان پێشتر رەتیکردبووەوە سزادانى فڕۆکەخانەى سلێمانى لەلایەن وڵاتەکەیەوە سیاسی بێت و وتى"هۆکارەکە پرسی نیگەرانی ئەمنییە، ئەمەبابەتێکی کارگێڕییە، تورکیا چەند چاوەڕوانییەکی هەیە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم چاوەڕوانییانە و رەواندنەوەی ئەم نیگەرانییانە، دڵنیام لە بابەتی فڕۆکەخانەکە، ڕێکخستنێک دەکرێت". 

بەڵام سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ سبەى ئاماژەى بەوەدا پرسەکە بەتەواوى سیاسییە.

لەدواى داخستنى ئاسمانى تورکیا بەرووى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، چەندینجار بەرپرسانى سلێمانى و یەکێتى لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا گفتوگۆیان کردووە بۆ هەڵگرتنى سزاکە بەڵام سەرجەمیان بێ ئەنجام بوون.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى رۆژى 18 ى ئایار لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لەگەڵ بوونى دیالۆگى ناوخۆیی لە تورکیا لەبارەى پڕۆسەى ئاشتییەوە، داوایانکردووە یالۆگى ناوچەیی لەنێوان تورکیا و وڵاتانى تر بەتایبەتى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ چارەسەرى پرسە هەڵواسراوەکان، لەناویاندا پرسی داخستنى گەشتە ئاسمانییەکان بەرووى سلێمانیدا، وەک بەشێک لە پڕۆسەى چارەسەرى کێشەکان.

وتیشى "پێویستە دەسەڵاتدارانى هەرێم و عێراق وەکو یەک تیم کاربکەن بۆ چارەسەرى تێبینییەکانى تورکیا کە تێبینى یاسایی و خزمەتگوزاریی و کارگێڕى نین تا ئێمە وەڵامى بدەینەوە، بەڵکو تێبینى ئەمنى و سەربازى و زانیاری و سیاسیین کە بەو لایەنانە وەڵام دەدرێتەوە".

بەهۆى داخستنى ئاسمانى تورکیا بەرووى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، فڕۆکەخانەکە زیانێکى زۆرى بەرکەوتووە و گەشتەکانیشى بەشێوەى مانگانە بەرێژەى 40% کەمبووەتەوە.

ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆک وەزیرانى پێشووى تورکیا مانگێک لەمەوبەر سەردانى سلێمانى کرد و دوتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى خەبەر تورک باسى لەوەکرد، گەورەترین داواکارى سلێمانى بریتییە لە دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکانى لەگەڵ تورکیا و ئەویش بەڵێنیداوە لە تورکیا باسى ئەو پرسە بکات.

دەشڵێت، پێویستە تورکیا بەرووى سلێمانیدا بکرێتەوە و هەرگیز رێگە نەدرێت بکەوێتە ژێر کاریگەرى هێزى دیکەوە و پێویستە بە شێوەیەکى هاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ سلێمانى و هەولێر بکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی