وەزارەتی کارەبا: بەهۆی کەمبونەوەی غازی ئێرانەوە 3800 مێگاوات کارەبامان لەدەستدا

#کارەبا#عیراق#ئێران#هاوین#تەمموز#گەرما
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند: لەیەکەم رۆژی مانگی تەمموز و هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 50 پلە لە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق، بەهۆی کەمبونەوەی غازی سروشتیی ئێرانەوە زیاتر لە 3800 مێگاوات کارەبا کەمبوەتەوە و ئەوەش هاوینەکەی ئەوەندەی تر قورس کردووە.
Primary Asset

سبەی

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند: لەیەکەم رۆژی مانگی تەمموز و هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 50 پلە لە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق، بەهۆی کەمبونەوەی غازی سروشتیی ئێرانەوە زیاتر لە 3800 مێگاوات کارەبا کەمبوەتەوە و ئەوەش هاوینەکەی ئەوەندەی تر قورس کردووە.

سەعد فەریح، بەڕێوەبەری سوتەمەنی لە وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند: لە چەند سەعاتی رابردوودا، ئاستی هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و گەیشتوەتە نیوە و بۆ (25 ملیۆن پێ سێجا) دابەزیووە، لەکاتێکدا بەپێی گرێبەستی نێوان هەردوو وڵات رۆژانە (55 ملیۆن پێ سێجا) هاوردە دەکرا.

کەمبونەوەی غازی سروشتی ئێران، ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لەکارخستووە کە پێشتر بەو غازە کاریان دەکرد و بەهۆیەوە تۆڕی کارەبای نیشتیمانی عێراق 3800 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە.

وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە: ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو سوتەمەنییەی لەدەستدراوە و هەوڵ دەدەن ئەو وێستگانە بەبەکارهێنانی سوتەمەنی گاز بەگەڕبخەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، لەو فشارانە تێدەگەین کە لەسەر هاوڵاتیان دروست بووە لەم کەشە گەرم و نائاساییەی عێراقی گرتوەتەوە، لە هەوڵی بەردەوامیشدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییەی لەسەریان درووست بووە.

راگرتنی غازی ئێران بۆ عێراق

دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ ئەو بڕیاری لێخۆشبوونەی راگرت کە بەهۆیەوە رێگەی بە عێراق دەدا غازی سروشتی بۆ دابینکردنی کارەبا لە ئێران بکڕێت، دەرفەتی 120 رۆژی بە عێراق دابوو، جێگرەوەی غازی ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا بدۆزێتەوە.

ئەمەریکا پێیوابوو، بە نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی نێوان ئێران و عێراق بۆ کڕینی کارەبا و غاز، عێراق سەربەخۆیی زیاتر لە رووی وزە و کارەباوە بەدەستدەهێنێت، کە زۆر پشت بە ئێران دەبەستێت و ناچاری دەکات بۆ هاوینی 2025 لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت یان دەرچەی دیکە بدۆزێتەوە.

هەروەها ئامانجێکی دیکەی ئەمەریکا ئەوەبوو هەموو سەرچاوەکانی پارەدارکردنی ئێران وشک بکات، کە عێراق دەروازەیەکی سەرەکیی ئێران بۆ ساغکردنەوەی سوتەمەنی و هەناردەکردنی بەشێکی زۆری سوتەمەنییەکەی بۆ ئەو وڵاتە بەناوی دابینکردنی غازەوە، بەوەش دۆلارێکی باشی دەستدەکەوێت، کە بەپێی سزاکانی ئەمەریکا، قەدەغەیە ئێران لە هیچ سەرچاوەیەکەوە دەستی بە دۆلار و سەرچاوەی داهات بگات.

شارەزایان پێیانوایە فشارەکانی سەر عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بۆ ئەم قۆناغە گونجاو نییە، چونکە بەوهۆیەوە عێراق 40%ی وزەی کارەبای هاوین لەدەست دەدات و ناشتوانێت دەستوبرد ئەو دۆسیەیە چارەسەر بکات و جێگرەوەی کارەبا و غازی ئێران بۆ ئەم هاوینە دابین بکات.

هاوینێکی گەرم لە عێراق دەستیپێکرد

ئەو سزا ئابووریانەی کە چاوەڕوان دەکرێت، ئەمەریکا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر عێراق دەردەکەوێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەو سزایانە لە هاوینی گەرمی ئەمساڵدا عێراق بێکارەبا بکات و گەرما تاقەت پڕوکێنەکەی بیسوتێنێت.

سزاکەی ئەمەریکا، عێراق ناچار دەکات بە دوای سەرچاوەی دیکەی دابینکردنی وزەی کارەبادا بگەڕێت، بەتایبەتی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی عێراق بە وڵاتانی کەنداو و لەناویاندا ئوردن، ئەوەش شمشمێرێکی دوو سەرەیە سەرچاوەی دیکەی کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات و کاریگەرییە ئابورییەکی لەسەر ئێرانیش زیاد دەبێت بەوەی سەرچاوەیەکی داهاتی ووشک دەکات.

لەدەستدانی 8000 مێگاوات 

بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی کڕینی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەن عێراقەوە، ئەوا 8000 مێگاوات کارەبا لەدەستدەدات، هەرچەندە داوایکردووە ئەمەریکا رێگەی پێبدات هاوشێوەی ئیدارەی بایدن شەش مانگ شەش مانگ گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام پێناچێت وەڵامی ئەمجارەی واشنتن ئەرێنی بێت، بۆ ئەوەش عێراق پێویستی بە دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەیە، چونکە ئیدارەی ترەمپ سوورە لەسەر سەپاندنی ئەوپەڕی سزا و فشار بەسەر ئێراندا بۆ ئەوەی ناچاری بکات مل بە داواکارییەکانی بدات.

لەدەستدانی 40%ـی کارەبای نیشتیمانی

لەئێستادا خواستی عێراق لەسەر وزەی کارەبا دەگاتە زیاتر لە 45 هەزار مێگاوات کارەبا و لە وەرزی هاویندا زۆر زیاتر دەکات، بەڵام لەئێستادا عێراق توانای بەرهەمهێنانی تەنها 27 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، هەر لە بنەمادا کورتهێنانی زیاتر لە 40% دەبێت بە سەرچاوەی غازی ئێرانیشەوە، ئەگەر ئەو غازەش ببڕێت هاوینێکی قورس و گەرم و بێکارەبا چاوەڕوانی ناوەڕاست و باشوری عێراق دەکات.

6 ملیار دۆلار

پێشتر ئاستی هاوردەکردنی غازی ئێرانی لەلایەن عێراقەوە گەیشتبووە 50 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا و تێچووەکەشی لەنێوان 5 بۆ 6 ملیار دۆلاری ساڵانەدایە، ئیدارەی ئەمەریکا بەردەوام چاوی لە پارە زۆرەیە کە دەچێتە خەزێنەی عێراقەوە و دەیەوێت بەهەر رێگایەک بێت بەری پێبگرێت و ئەو سەرچاوە گەورەیەش ووشک بکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی