وردەکاریی کەوتنەخوارەوەى دوو درۆن لە سنورى سلێمانى؛ وتەبێژى هێزەکانى حەفتا: درۆنەکان خراونەتە خوارەوە

#سلێمانى#درۆن
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوو درۆن لە سنورى سلێمانى کەوتنەخوارەوە
  • ئەحمەد لەتیف وتەبێژى هێزەکانى حەفتا لە سلێمانى بۆ "سبەى": یەکێک لە درۆنەکان لە نزیک تاسڵوجە خراوەتە خوارەوە
  • ئەحمەد لەتیف: درۆنەکەى دیکە لە دەرەوەى بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى حەفتا خراوەتە خوارەوە
  • وتەبێژى دەزگاى ئاسایش: رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە
Primary Asset

سبەى

دوو درۆن لە سنورى سلێمانى کەوتنەخوارەوە، کە یەکێکیان نزیک بووە لە بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى حەفتاى یەکێتى، وتەبێژى هێزەکانى حەفتا دەڵێت هەردوو درۆنەکە خراونەتە خوارەوە.

ئەمشەو دوو دەنگى بەهێز لە سنورى تاسڵوجە و لە نزیک بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى حەفتاى یەکێتى بیسترا و بەپێی گرتەیەکى ڤیدیۆیی دەردەکەوێت کە دوکەڵ لە شوێنەکان بەرزدەبێتەوە.

ئەحمەد لەتیف وتەبێژى هێزەکانى حەفتا لە سلێمانى بە "سبەى" راگەیاند، دەنگەکان دەنگى خستنەخوارەوەى دوو درۆن بوون لە نزیک تاسڵوجە  و بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى حەفتا، بەبێ ئەوەى هیچ زیانێکى گیانى و ماددیان لێبکەوێتەوە.

هاوکات، سەرچاوەیەکى ئەمنى بۆ "سبەى" ئاماژەى بەوەدا، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

لاى خۆیەوە، عەقید سەلام عەبدولخالق  وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر دوو درۆن لەناوچەی تاسڵوجەی سنوری سلێمانی کەوتنە خوارەوە و دەستبەجێ تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی