تێکشکاندنی موشەکە بالیستییەکانی ئێران بۆ هەر شەوێک 287 ملیۆن دۆلار لەسەر ئیسرائیل دەکەوێت

#موشەکە بالیستییەکانی ئێران#ئیسرائیل#تێکشکاندن#287 ملیۆن دۆلار
6 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر هێشتا بەردەوامن و کاراکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیش بۆ تێکشاندنی موشەکەکانی ئێران بۆ هەر شەوێک ملیۆنان دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە دەکەوێت.
Primary Asset

سبەی

هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر هێشتا بەردەوامن و کاراکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیش بۆ تێکشاندنی موشەکەکانی ئێران بۆ هەر شەوێک ملیۆنان دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە دەکەوێت.

دوای ئەوەی لە 13ی حوزەیرانەوە ئیسرائیل دەستی کردووە بە هێرشکردنە سەر ئێران، ئێرانیش بە موشەکی بالیستی و موشەکی هایپەرسۆنیک بەرپەرچی ئیسرائیل دەداتەوە، ئەوەش ئیسرائیلی ناچار کردووە سیستمی بەرگریی ئاسمانی چالاک بکات.

هەرچەند لە ڕێگای سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە، ئیسرائیل توانیوویەتی ژمارەیەک لە موشەکەکان لە ئاسمان تێک بشکێنێت، بەڵام سیستمەکە نەیتوانیووە ڕێگە لە کەوتنە خوارەوەی دەیان موشەکی ئێرانی بگرێت. 

چۆن موشەکەکانی ئێران تێک دەشکێندرێن؟

زۆربەی موشەکەکانی ئێران لە ڕێگای سیستمەکانی Arrow 2 و Arrow 3 تێک دەشکێندرێن.

لە کاتێکدا سیستمی Arrow 3 دەتوانێت بە ڕێژەی لە سەدا 90 سەرکەوتوو لە تێکشاندنی موشەکەکاندا، مەزەندە دەکرێت توانای دەستوەردانی سیستمی بەرگریی THAAD بە ڕێژەی لە سەدا 40 بێت.

ملیۆنان دۆلار لەسەر ئیسرائیل دەکەوێت

*Globes* کە ڕۆژنامەیەکی ئابورییە لە ئیسرائیل، لە هەواڵێکدا ئاماژەی بە ئەوە داوە کە خەرجی سیستمی بەرگریی ئاسمانی زۆر لەسەر بودجەی ئیسرائیل دەکەوێت، بە جۆرێک تەنیا تێکشکاندنی یەک ئامانج لە ڕێگای گومبەزی ئاسنینەوە نزیکەی 30 هەزار دۆلار، لە ڕێگای سیستەمی دارلاستیکی داود 700 هەزار دۆلار، لە ڕێگای سیستەمی Arrow 2 یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار و لە ڕێگای Arrow 3یش دوو ملیۆن دۆلار دەکەوێت. 

بە ئەو جۆرەش بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بە موشەکی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل لە شەوێکدا نزیکەی 287 ملیۆن دۆلار دەکەوێت.

سیستمی بەرگریی ئیسرائیل لە چی پێک دێت؟

سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەپێی مەودای هەڕەشەکان لە چوار چینی جیاواز پێک دێت.

سیستمی گومبەزی ئاسنین (4-70 کیلۆمەتر) لە بەرامبەر هەڕەشە مەودا نزیکەکان، دارلاستیکی داود (40-300 کیلۆمەتر) بۆ هەڕەشە مەودا مامناوەندەکان، سیستەمی Arrow 2 (نزیکەی 500 کیلۆمەتر) بۆ هەڕەشە دوورمەوداکان و سیستەمی Arrow 3 (نزیکەی 2.400 کیلۆمەتر) بۆ هەڕەشە کیشوەربڕەکان بەکار دەهێندرێن. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی