سبەى
ئیسرائیل لەماوەى شەش رۆژدا زیاتر لە هەزار ئامانجى لە ئێران پێکاوە، ئێرانیش زیاتر لە 1400 موشەک و درۆنى ئاڕاستەى ئەو وڵاتە کردووە.
شەڕى نێوان هەردوو وڵات بەرەبەیانى زووى رۆژى هەینى 13 ى حوزەیران دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە. هەردوو وڵات لەو شەش رۆژدا بەسەدان موشەک و درۆنیان ئاڕاستەى یەکتر کردووە.
هێرشەکانى ئیسرائیل
سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەوە، زیاتر لە هەزار و 100پێگەیان لە ئێران کردووەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە تاران دەنگی تەقینەوە بیسترا، لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە بۆردومانکردنى ئێران. سوپای ئیسرائیل هۆشداریی چۆڵکردنی بۆ ناوچەیەکى دیکە دەرکرد لە کاتێکدا هەڵهاتنى خەڵک لە پایتەختی ئێران بەردەوام بوو.
ئیسرائیل دەڵێت، شەوى رابردوو هێرشی کردووەتە سەر شوێنێکی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج و چەند شوێنێکی دروستکردنی چەک.
بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە، تا ئێستا لانى کەم 240 کەس لە ئێران کوژراون و زیاتر لە لە هەزار و 270 کەسى دیکەش برینداربوون،
هێرشەکانى ئێران
ئێران بە درێژایی شەش رۆژى شەڕ، زیاتر لە 400 موشەکى بالیستى و هەزار و 100 درۆنى ئاڕاستەى ئیسرائیل کردووە.
بەپێی میدیاکانى ئیسرائیل، زیاتر لە 20 موشەکى ئێرانى لەناوچە جیاجیاکانى ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە و 200 درۆنیش گەیشتونەتە خاکى ئیسرائیل. تا ئێستاش 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 500 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئێران شەوى رابردوو دوو هیرشى مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار مووشەکی هایپەرسۆنیکی فەتاح-١ی بەکارهێناوە.
ئێران لەسەرەتاى شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 هێرشى موشەکى و درۆنى بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە.
ژمارەی ئەو مووشەکانەی ئیسرائیل لە هەر هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کەمیکردووە. ئێران ڕوونکردنەوەى لەسەر ئەو پرسە نەداوە، بەڵام ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، زیاتر لە یەک لەسەر سێى مووشەکهاوێژەکانی ئێرانی لەناوبردووە.