هێزێکی سوپای سوریا
سبەی
پێگەیەكی هەواڵیی ئاشكرایكردووە سوریا سێ هەزار سەربازی رەوانەی سنوری عێراق كردووە، ئەمەش لە ترسی دزەكردنی گروپە عێراقییەكان بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و ئێران.
پێگەی "زە ناشناڵ" لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی سوریاوە بڵاویكردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی سوریا سێ هەزار سەربازیان ناردووەتە سەر سنوری عێراق، بۆ رێگریكردن لە هەر دزەكردنێكی گروپە چەكدارەكانی عێراق كە ئێران پشتیوانییان دەكات، ئەمەش بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل.
ئەوەش لەكاتێكدایە سەرچاوەیەكی بەرپرسی ئەمنیی عێراق، بەدووری زانیوە هیچ جموجوڵێكی گروپە چەكدارەكانی عێراق لە سنوری سوریا هەبێت. بەڵام وەك راپۆرتەكە ئاماژەی پێداوە ئەمە یەكەمجارە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لەدوای رووخانی رژێمەكەی ئەسەد لە كۆتایی ساڵی رابردوو، بەوشێوەیە سەرباز لە سنوری عێراق بڵاوە پێبكەن، ئەوەش دوای پێكدادانی نێوان گروپێكی چەكداری عێراقی و سوپای سوریا دێت لە شەممەی رابردوو، رێك دوای رۆژێك لە دەستپێكردنی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران.
بەوتەی بەرپرسانی سەربازیی سوریا، ئەو هێزەی ناردوویانەتە سنوری عێراق، لە چەند یەكەیەكی پیادە و درۆن پێكدێت، هێزەكەش لە ناوچەی تەدمورەوە نێردراون، هەروەها چەند یەكەیەكی سەربازیش نێردراونەتە ناوچەكانی نزیك روباری فوڕات كە هاوسنوری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە.
بەرپرسێكی ئەمنیی سوری هۆكاری ناردنی ئەو هێزەی بۆ سنوری عێراق بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، كە دەیانەوێت كۆنترۆڵی سنورەكان بەهێز بكەن، دەشڵێت "چونكە سەرچاوەی گومان و نائارامییە".
بەڵام بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقی لەوبارەیەوە بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوەپێكردنی هێزی سوریا نیشانداوە و دەشڵێت "ئاگادار نین هیچ گروپێكی عێراقی لەسەر سنوری سوریا جموجوڵی هەبێت، سوریەكانیش ئاگاداری شتێكی لەوشێوەیەیان نەكردووینەتەوە".
ئەو سەرچاوە ئەمنییەی عێراق ئەگەری چوونە ناو سنوری سوریای لەلایەن گروپە عێراقیەكانەوە بەدوور زانیوە، هۆكاری چوونی ئەو هێزەی سوریاشی بۆ فشار كردنە سەر هێزە كوردیەكان گەڕاندووەتەوە، دەشڵێت "بەهۆی ئەو پێكدادانەوەیە كە شەممەی رابردوو لەنێوان هێزە كوردیەكان و هێزی سوپای سوریا لە دەروازەی ئەلبوكەمال روویداوە".