بەرنامەی ئەتۆمی ئێران؛ ئەمەریکا بناغەکەی دانا و هەر خۆشی لەناوی برد

#ئێران#ئەمەریکا#بەرنامەی ئەتۆمی ئێران#ئیسرائیل#دۆناڵد ترەمپ#بنیامین نەتەنیاهۆ
12 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی هاتنى بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی راگەیاند، ئەو بەرنامەیەى نزیکەى 68 ساڵ لەمەوبەر ئەمەریکا خۆى بەردى بناغەکەى دانا.
Primary Asset

بەرنامەی ئەتۆمی ئێران

سبەی

بەرەبەیانی 22ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی هاتنى بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی راگەیاند، ئەو بەرنامەیەى نزیکەى 68 ساڵ لەمەوبەر ئەمەریکا خۆى بەردى بناغەکەى دانا.

1957: ئەمەریکا و ئێران، رێککەوتنی هەماهەنگیی ئەتۆمی سڤیلییان وەک بەشیک لە بەرنامەی "ئەتۆم بۆ ئاشتی" واژۆ کرد.

1967: سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی تاران دروستکرا، لەلایەن رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرا.

1967: ئەمەریکا بڕی پینج کیلۆگرام و 500 گرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە ئێران بەخشی کە بڕی پێنج کیلۆگرام و 165 گرام ئایزۆتۆمی شکاوی تێدایە و بەکاردێت وەک سووتەمەنی بۆ ریاکتۆرێکی توێژینەوە، هەروەها واشنتن بڕی 112 گرام ماددەی پلوتۆنیۆمی بە تاران بەخشی کە 104 گرام ئایزۆتۆپی شکاون کە بەکاردەهێنرا وەک سەرچاوەی دەستپێکردن بۆ ریاکتۆری توێژینەوە.

1970: ئێران بە سەرکردایەتی محەمەد رەزا شا پەهلەوی، بە هاوکاری ئەمەریکا و رۆژئاوا پلانی دروستکردنی 20 وێستگەی کارەبای ئەتۆمی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا داڕشت. لە 1974، لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا دەست بە دروستکردنی وێستگەی کارەبایی بوشەهر کرا.

1974: ئێران یاسای وزەی ئەتۆمی دەرکرد، بەوەش رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی دامەزراند. یاساکە دەسەڵاتی بە رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەدا بۆ پەرەپێدان و سەرپەرشتیکردنی هەموو بابەتەکانی وزەی ئەتۆم لە وڵاتەکە وەک:

دروستکردنی وێستگەکانی وزەی کارەبا

بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم لە سێکتەرە جیاوازەکان

بەرهەمهێنانی ماددەی خام کە پێویستە بۆ پیشەسازی ئەتۆمی

دروستکردنی ژێرخانی زانستی و تەکنیکی

1974: شای ئێران بڕی یەک ملیار دۆلاری بە قەرز بە فەڕەنسا بەخشی بۆ دروستکردنی ناوەندێکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە فەڕەنسا، تا لە بەرامبەردا ئێران بڕی 10% یۆرانیۆمی پیتێندراوی ناوەندەکە بەدەستبهێنێت. ئەوەش یەکەمجار بوو لە مێژوویدا، ئێران ببێتە خاوەنی ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێندراوە.

1979: دوای رووخانی شا لە 1979، بۆ ماوەیەک بەرنامەی ئەتۆمی راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، گرێبەستەکانی تایبەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمپانیا رۆژئاواییەکان هەڵوەشاندەوە. 

1982: بەرنامە ئەتۆمی ئێران دەستی پێکردەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریدا بە بەکارهێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، نەک پشتبەستن بە یۆرانیۆمی هاوردەکاراوی وڵاتانی دیکە.

1985: ئێران، سوریا و لیبیا رایانگەیاند، پێویستە پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدەن بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی ئیسرائیل.

1989: ئێران بە فەرمی یاسای رێسای سەلامەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە تیشکدەرەکان پەسەند کرد.

1990: ئیران دەستیکرد بە گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت (روسیای جاران) بۆ دروستکردنەوەی ناوەندی کارەبای بوشەهر.

1993: چین دەستیکرد بە هاوکاریکردنی ئێران بە بەخشینی ریاکتۆرێک بە سەنتەری پلازما فیزیک لە زانکۆی ئازاد.

1995: ئێران رێککەوتنێکی 800 ملیۆن دۆلارى لەگەڵ وەزارەتی وزەی ئەتۆمی سەربازی روسیا واژۆ کرد بۆ کارکردن لەسەر چەند بەشێکی ناوەندی ئەتۆمی بوشەهر.

2002: ئەمەریکا، ئێرانی تۆمەتبارکرد بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم.

2003: ئێران دەستپێشخەریی دانوستانی لەگەڵ ئەمەریکا کرد و رایگەیاند ئامادەیە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە وڵاتەکە ئامانجی دروستکردنی چەکی ئەتۆم و کۆمەڵکوژ نییە، بەڵام لەلایەن ئەمەریکاوە رەتکرایەوە.

2004: بەپێی راپۆرتەکانی چاودێری چەکی ئەتۆمی جیهانی، هیچ بەڵگەیەک نییە، ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروستکردبێت، بەڵام ئەمەریکا باوەڕی بە راپۆرتەکان نەبوو، چونکە ئێران پێداگیر بوو لە هەبوونی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، لە کاتێکدا رۆژئاوا دەیانەویست تاران رابگرێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

2005: یەکێتی ئەوروپاى ئاگادارکردەوە کە هەوڵنادات چەکی کۆمەڵکوژ دروست بکات، هەروەها هەماهەنگی دەکات بۆ شەڕی تیرۆر و سەقامگیری ناوچەکە، بەڵام ئەمەریکا ئەوەى رەتکردەوە.

ئابی 2005: عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بە فەتوایەکە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی حەرام کرد، ئەوەش بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشارەکانیان بۆ سەر ئێران کەم بکەنەوە.

2006: ناکۆکییەکان لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بەشێوەیەکی دراماتیکی پەرەیسەند، لە دانوستانەوە گۆڕا بۆ ئابڵوقەت نێودەوڵەتی.

نیسانی 2006: ئێران رایگەیاند، بۆ یەکەمجار سەرکەوتوو بوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

کانوونی یەکەمی 2006: دوای ئەوەى ئێران داواکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم رەتکردەوە، ئەنجومەنەکە دەنگیدا لەسەر ئابڵوقە خستنە سەر تەکنەلۆژیای تایبەت بە ئەتۆم.

2007: ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی زیاتر بوون. ئێران رایگەیاند کە زیاتر پەرەیان بە بەرنامەی ئەتۆمی داوە، لە وەڵامدا ئەنجومەنی ئاسایش ئابڵوقەی زیاتری خستە سەر ئێران.

2008: بڕیاری 1803ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرچوو، ئابڵوقەی زیارە خرایە سەر سێکتەرە جیاوازەکانی ئێران.

2009: باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداریی بە ئێران دا و دوای لێکردن دانوستانی رژد بکەن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی سزای توندی ئابووری دەبنەوە.

2011: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران قۆناغی گرنگی بڕی. دواجار یەکەم وێستگەی ئەتۆمی ئێران لە بوشەهر دەستی بە کارەکانی کرد. هەروەها رێکخراوی چاودێری ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران کار لەسەر بەرنامەیەکی نهێنێ دەکات بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم.

کانوونی دووەمی 2012: ئێران بە فەرمی رایگەیاند، لە ناوەندی ئەتۆمی فۆردۆ دەستیان کردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

لە ئازاری 2013: ئەمەریکا دەستی کرد بە دانوستانی نهێنی لەگەڵ ئێرانییەکان لە عوممان.

تشرینی دووەمی 2013: ئێران و وڵاتانی 5+1 گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتی.

تەمموزی 2014: وادەی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 درێژکرایەوە بۆ تشرینی دووەمی 2014.

تەمووزی 2015: ئێران و وڵاتانی 5+1 گەیشتن بە رێککەوتن. رێککەوتنەکە بریتیی بوو لە هەڵگرتنی ئابڵوقەی ئابووری لەسەر ئێران، لە بەرامبەردا ئێران بەرنامەی ئەتۆمی سنوردار دەکات.

نیسانی 2018: بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکیدا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەی پێویستی خستەڕوو، ئاماژە بەوە کرد ئێران بە نهێنی دەستی کردووە بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

ئایاری 2018: دۆناڵد ترەمپ، تاکلایەنانە لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.

2021: پەرلەمانی ئێران بڕیاریدا بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20%، ئەوەش پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی بوو.

لە 13ـی حوزەیرانی 2025: ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو"ـی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێکرد و زیانێکی زۆر بە ناوەندەکان گەیاند، هەروەها ژمارەیەکی زۆر زانای ئەتۆمی ئێرانی کوشت.

لە 22ـی حوزەیرانی 2025: ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانی بێپێشینەی کردە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتانز و ئەسفەهان. دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە توانیویانە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی لەناو ببەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی