
کێڵگەیەکی نەوت
سبەی
نرخی نەوت لە مامەڵەكانی بەیانی ئەمڕۆدا بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی تۆماركرد، ئەوەش بەهۆی ترسی تێكچوونی بازاڕ پاش هێرشی ئەمەریكا بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران.
ئێران نۆیەم دەوڵەتی بەرهەمهێنی نەوتە لە جیهان، رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا نیوەی ئەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات و نەوتەكەی دیكەش لەناوخۆدا بەكاردەهێنێت.
لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەكەی دوێنێی ئەمەریكا، بەپێی وتەی چاودێران یەكێك لە بژاردەكانی هەوڵی داخستنی گەرووی هورمزی ستراتیژییە، كە پێنج یەكی بەرهەمی نەوتیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. بەوەش پێشبینی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت دەكرێت.
ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی نەوتی جیهان، هەریەك لە خاوی برێنت و خامی رۆژئاوای تێكساس زیاتر لە 4% بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، ئەمەش بەرزترین نرخی نەوتە لە مانگی كانوونی دووەمەوە تۆماركرابێت.
خاوی برێنت لەكاتی كردنەوەی بازاڕی نەوت گەیشتە 79 دۆلار و 20 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك، نەوتی رۆژئاوای تێكساسیش گەیشتە 75 دۆلار و 98 سەنت.
پسپۆڕانی ئابوری لە بانكی "MUFG" هۆشداری دەدەن لەوەی هیچ دڵنیاییەك لەبارەی ماوە و ئەنجامی ئەم شەڕەی دەستیپێكردووە نییە، بۆیە سیناریۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە نزیكەی 10 دۆلار بەدوور نازانن.
ئەوان پێشیان وایە ئەو شۆكە ئابورییەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت روودەدات، زیاتر كاریگەری خراپی لەسەر بازاڕی ئاسیا دەبێت، كە پشت بە هاوردەكردنی وزە دەبەستێت، ئەمەش كەشی رەشبینی سەبارەت بە بازاڕ زیاتر دەكات.
بەوتەی كریس ویستۆن، لە دامەزراوەی "پیپەرستۆن" ئێران توانی بەبێ داخستنی گەرووی هورمز، زیانێكی گەورەی ئابوری بە جیهان بگەیەنێت.
كریس ویستۆن دەشڵێت " بە پەكخستنی ئەو گەرووە لۆجیستییەی جیهان، بەشێوەیەكی گشتیی تێچووی گواستنەوەی دەریایی بۆ نەوت و غاز بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە".
