داواكاریی و پەیامێك لە خامنەییەوە بۆ پوتین؛ سەرۆكی روسیا: هەوڵدەدەین هاوكاری گەلی ئێران بكەین

#ئێران#روسیا#ئیسرائیل#ئەمەریکا#عێراق#خامنەیی#پوتین
6 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"دەستدرێژی بۆسەر ئێران هیچ پاساوێكی نییە، هەوڵدەدەین هاوكاری گەلی ئێران بكەین".
Primary Asset

خامنەیی و پوتین

سبەی

ئەمڕۆ عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بە نوێنەرایەتی خۆی ناردە مۆسكۆ، ئەوەش بۆ داواكردنی هاوكاری زیاتر لە ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا.

ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"دەستدرێژی بۆسەر ئێران هیچ پاساوێكی نییە، هەوڵدەدەین هاوكاری گەلی ئێران بكەین".

لەلایەن خۆیەوە، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:"جوڵەی ئەمەریكا و ئیسرائیل ناشەرعییە، سوپاسی هاوڕێ روسەكانمان دەكەین كە ئەو كارانەیان شەرمەزار كردووە".

بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵا بۆ "رۆیتەرز" وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیامێكی خامنەیی داوەتە پوتین، لە نامەكەدا خامنەیی داوای هاوكاری لە سەرۆكی روسیا كردووە.

پێشتر كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا "كرملین" سەركۆنەی هێرشەكانی ئەمەریكای بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران كرد، لەوبارەیەوە دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كرملین رایگەیاند"ئاڵۆزیەكی نوێ لە ناوچەكە روویدا، بێگومان ئێمە سەركۆنەی دەكەین و بەداخین بۆ روودانی".

بەوتەی سەرچاوە ئێرانییەكان بۆ "رۆیتەرز" ئێران لەمكاتەدا لە پشتیوانی روسیا بۆ ئێران رازی نییە، دەیەوێت پوتین هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و ئەمەریكا.

تائێستا سەرچاوەكان سروشتی ئەو هاوكاریانەیان ئاشكرا نەكردووە كە تاران داوای لە مۆسكۆ كردووە.

پێشتر پوتین پێشنیازی كردبوو كە نێوبژیوانی ئەمەریكا و ئێران دەكات، هەروەها رایگەیاندبوو "پێشنیازی مۆسكۆمان پێداون بۆ چارەسەری ئاڵۆزیەكان و گرەنتیكردنی دەستگەیشتنی ئێران بە وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە و مەدەنی".

روسیا هاوپەیمانی ئێرانە، پێشتر رۆڵی هەبووە لە دانوستانە ئەتۆمیەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا، بەوپێەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە و مافی "ڤیتۆ" ی هەیە، یەكێكە لەو دەوڵەتانەی واژۆی لەسەر رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا كرد لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران، بەڵام ساڵی 2018 ئەمەریكا تاكلایەنە لە رێككەوتنەكە كشایەوە.

لەلایەكی دیكەوە، لەكاتی یەكتربینینی ڤلادمیر پوتین و عەباس عەراقچی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنیی بە ڤلادمیر پوتینەوە كردووە، بەپێی راگەیەندراوی پەیوەندییەكەش باسیان لە دۆخی ناوچەكە و جیهان كردووە.

سودانی لە تەلەفۆنەكەدا، سەركۆنەی هێرشی ئیسرائیلی بۆسەر ئێران كردووە، لەگەڵ بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ گورز وەشاندن لە ئێران، داواشی كردووە لە رێگەی هەوڵی دیپلۆماسییەوە جەنگ رابگیرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی