سبەى
کۆمارى ئیسلامى ئێران هێرشى موشەکى کردە سەر بنکەکانى ئەمەریکا لە عێراق و قەتەر و کوەیت و بەحرەین، لە وەڵامى هێرشەکەى ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى وڵاتەکەى.
سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دوای دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، هێرشێکی وێرانکەرمان بۆ سەر بنکەی عودەیدی ئەمریکا لە قەتەر دەستپێکرد".
تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی “مژدەى سەرکەوتن” بنکەی عەدید و بنکەکانی ئەمەریکای لە عێراق کردووەتە ئامانج.
هاوکات پێگەى ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران شەش مووشەکی بەرەو بنکەی عەدید هەڵداوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەڵێت "ئۆپەراسیۆنەکانمان دوورە لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر دەوڵەتی دۆستى قەتەر و گەلەکەی".
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاند "بەرگری ئاسمانی قەتەر وەڵامى هێرشێکی مووشەکیی دایەوە کە بنکەی ئاسمانی عەدیدى کردبووە ئامانج".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکە هیچ کوژراو و بریندارێکی لێنەکەوتەوە".
وەزارەتەکە دووپاتیکردەوە کە ئاسمانی قەتەر و خاکی قەتەر سەلامەتە و هێزە چەکدارەکانی قەتەر هەمیشە لە ئامادەباشیدان.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران هیچ سەربازێکى ئەمەریکی لە قەتەر بریندار نەبووە.
ئێران لە رێگەى دوو کەناڵى دیبلۆماسییەوە و پێش چەند کاتژمێرێک لە هیرشەکە ئەمەریکا و قەتەرى لە هێرشەکە ئاگادارکردبووەوە، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.
قەتەر ئیدانەی هێرشەکەى کرد و و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و ئاسمانی قەتەر و یاسا نێودەوڵەتییەکانی وەسف کرد، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەى ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەى قەتەر دەڵێت، "قەتەر مافی خۆیەتی وەڵامی ڕاستەوخۆی بداتەوە بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ سروشت و قەبارەی دەستدرێژییە ئاشکراکان و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان".
هێرشەکەى ئێران دواى رۆژێک هات لە هێرشەکەى ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانى ئێران.
عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران رۆژى دووشەممە بەڵێنیدا "وەڵامى یەکلاکەرەوەى" هێرشەکانی ئەمەریکا بدەنەوە.
لە وتارێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئێران پەخشکرا، موسەوی جەختیکردەوە "پێشێلکردنی خاکى وڵاتەکەمان بێ وەڵام نامێنێتەوە".