سبەى
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا سوپاسى ئێرانى کرد کە پێشوەختە لە هێرشەکەیان بۆ سەر بنکەى سەربازى ئەمەریکا لە قەتەر ئاگاداریکردوونەتەوە و دەڵێت هێرشەکەیان زۆر لاواز بووە.
ترەمپ دواى ماوەیەکى کەم لە هێرشەکەى ئێران لە تۆڕى تروس سۆشیال نوسیویەتى، ئێران 14 موشەکى ئاڕاستەى بنکە سەربازییەکەیان لە قەتەر کردووە و 13 موشەکیان تێشکێنراون، هیچ ئەمەریکییەک بەهۆى هێرشەکەوە بریندار نەبووە.
هەروەها سوپاسى دەسەڵاتدارانى تارن دەکات کە پێش هێرشەکە ئاگاداریکردوونەتەوە و دەشڵێت، “پیرۆزبایی لەجیهان دەکەم و ئێستا کاتى ئاشتییە”.
کۆمارى ئیسلامى ئێران دووشەممە هێرشى موشەکى کردە سەر بنکەى سەربازى ئەمەریکا لە قەتەر، لە وەڵامى هێرشەکەى ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى وڵاتەکەى.
سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دوای دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، هێرشێکی وێرانکەرمان بۆ سەر بنکەی عودەیدی ئەمریکا لە قەتەر دەستپێکرد".
تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی “مژدەى سەرکەوتن” بنکەی عەدید و بنکەکانی ئەمەریکای لە عێراق کردووەتە ئامانج.
هاوکات پێگەى ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران شەش مووشەکی بەرەو بنکەی عەدید هەڵداوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەڵێت "ئۆپەراسیۆنەکانمان دوورە لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر دەوڵەتی دۆستى قەتەر و گەلەکەی".
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاند "بەرگری ئاسمانی قەتەر وەڵامى هێرشێکی مووشەکیی دایەوە کە بنکەی ئاسمانی عەدیدى کردبووە ئامانج".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکە هیچ کوژراو و بریندارێکی لێنەکەوتەوە".
وەزارەتەکە دووپاتیکردەوە کە ئاسمانی قەتەر و خاکی قەتەر سەلامەتە و هێزە چەکدارەکانی قەتەر هەمیشە لە ئامادەباشیدان.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران هیچ سەربازێکى ئەمەریکی لە قەتەر بریندار نەبووە.
ئێران لە رێگەى دوو کەناڵى دیبلۆماسییەوە و پێش چەند کاتژمێرێک لە هیرشەکە ئەمەریکا و قەتەرى لە هێرشەکە ئاگادارکردبووەوە، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.
قەتەر ئیدانەی هێرشەکەى کرد و و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و ئاسمانی قەتەر و یاسا نێودەوڵەتییەکانی وەسف کرد، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەى ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەى قەتەر دەڵێت، "قەتەر مافی خۆیەتی وەڵامی ڕاستەوخۆی بداتەوە بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ سروشت و قەبارەی دەستدرێژییە ئاشکراکان و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان".
هێرشەکەى ئێران دواى رۆژێک هات لە هێرشەکەى ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانى ئێران.