سبەی
ڕۆژنامەی یەنی شەفەق'ی نزیک لە ئاک پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنی هێزە کوردییەکانی وەک پژاک و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، سوپای پاسداران چەک بەسەر ئەو تورکە ئازەرانەدا دابەش دەکات کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین.
یەنی شەفەق ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025 بڵاویکردەوە، جگە لە پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) کە پشتیوانی خۆی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاگەیاندووە و داوا لە خەڵک دەکات ڕاپەڕینی سەرتاسەری بکات، پژاکیش کە تورکیا بە باڵی ئێرانی پەکەکەی ناو دەبات و پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەو بەشێک نییە لەو شەڕە و بێلایەنە، لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لە ئەگەری لاوازبوونی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و دروستبوونی هەر جۆرە بۆشایییەکی ئەمنی بە هۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەپێی رۆژنامەکە، بە هۆی ئامادەکارییەکانی ئەو دوو هێزە کوردییەوە، سوپای پاسداران هاتووەتە سەر هێڵ و لە بنکەکانی سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت لە ورمێ چەک بەسەر تورکە ئازەرەکان و فارسەکاندا دابەش دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن ئەو هێزانە بێنە ناو شارەکانەوە.
لەمبارەیەوە محەمەد پاکپور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە خەڵک بۆ بەشداریکردن لەو سەفەربەرییە سەردانی بنکەکان دەکات و دوای نیشاندانی ناسنامە چەکیان پێ دەدرێت و خۆبەخشانە هێڵی بەرگری دروست دەکەن.
بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە هەر لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیران، بەشێک لە شرۆڤەکاران و میدیاکانی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەمەریکا و ئیسرائیل پشتیوانی لە پژاک دەکەن بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئامانج لەو هێرشانەیش دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و لکاندنی باکوری خۆرئاوای ئێرانە بەو دەوڵەتەوە.
ئەو شرۆڤەکار و میدیایانە سەرنج دەخەنە سەر ناوچەکانی وەک ورمێ، نەغەدە و خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زۆر لەمێژە تورکی ئازەری بۆ هێندراون، باس لەوە دەکەن کە گوایە پژاک دەیەوێت دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بگۆڕێت و تورکە ئازەرەکان پاکتاو بکات.
ژمارەیەک لە چاودێران باس لەوە دەکەن ئامانج لە زەقکردنەوەی ئەم بابەتە کە خۆی دوورە لە ڕاستییەوە، بۆ ئەوەیە لە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاری لە ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، تورکیا هاوشێوەی قوبرس دەستوەردان بکات بە پاساوی پاراستنی تورکە ئازەرەکان.
پژاک ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025 وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنها بۆ نانەوەی ئاژاوە دەنگۆی لەم جۆرە بڵاو دەکرێتەوە و هەرکاتێک دەستی دەرەکی هاتووەتە ناو پەیوەندییەکانی کورد و تورکە ئازەرەکانەوە، ئەوا ئاژاوە لەنێوان هەردوو گەل نراوەتەوە و ئەمەش بە سودی ڕژێمی ئێران تەواو بووە.
پژاک داوا لە ڕێکخراوە مەدەنی و مرۆییەکانی کورد و تورکە ئازەرەکانیش دەکات، لەو دۆخەدا دامەزراوەی هاوبەش لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن کە هەردوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری لێ دەژین.