سبەى
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا جەختدەکاتەوە لەسەر پێویستى مانەوەى نرخى نەوت بە نزمى و دەڵێت ئەوانەى دەبنە هۆکارى بەرزبوونەوەى نرخ لەبەرژەوەندى دوژمن کاردەکەن.
ترەمپ رۆژى دووشەممە لە هەژمارى خۆى لە تروس سۆشیال رایگەیاند، پێویستە هەمووان نرخى نەوت بەنزمى بهێڵنەوە و چاودێرى دۆخەکە دەکات.
هەروەها هۆشدارى دەداتە ئەوانەى کە دەبنە هۆکارى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهان و تۆمەتباریان دەکات بەوەى لەبەرژەوەندى دوژمنەکانیان دەجوڵێنەوە و دەڵێت پێویستە ئەو کارە نەکەن.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا ناوى هچ کۆمپانیا و وڵاتێکى نەبردووە، بەڵام پێدەچێت ئاڕاستەى قسەکانى روو لە بەشێک لە کۆمپانیاکانى پیشەسازى نەوتى وڵاتەکەى بێت، بەتایبەت کە هەندێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵدا هۆشدارییان دابوو کە ڕەنگە ناچاربن بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە بەهۆی باجەکانی ترەمپ و بەرزبوونەوەی ئاستى بەرهەمهێنانى وڵاتانى ئۆپیکەوە.
شەوی یەکشەممە نرخی نەوت بەڕێژەی ٤% بازدانی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بە خێرایی رووى لە نزمبوونەوە کردەوە، چونکە سەرنجەکان لە کاردانەوەی سوپای ئەمەریکاوە گۆڕا بۆ چۆنیەتی کاردانەوەی ئێران.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت کە پێوەرێکى نێودەوڵەتییە، بە ڕێژەی 0.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 77 دۆلار و 17 سەنت. هێشتا بەرزترە لە پێش دەستپێکردنى شەڕى ئیسرائیل و ئێران.
ئێرانییەکان لەدواى هێرشەکەى ئەمەریکا، داخستنی گەرووی هورمز کە کەناڵێکی سەرەکی بازرگانی کەشتیوانییە و ڕۆژانە بەشێکی زۆری نەوتی جیهان لەرێگەیەوە هەناردە دەکرێت، وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی چاوەڕوانکراو باس دەکەن، لەئەگەرى لەو شێوەیەشدا نرخى نەوت روو لە بەرزبوونەوەى زیاتر دەکات.
ئێران نۆیەم دەوڵەتی بەرهەمهێنی نەوتە لە جیهان، رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا نیوەی ئەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات و نەوتەكەی دیكەش لەناوخۆدا بەكاردەهێنێت.
پسپۆڕانی ئابوری لە بانكی "MUFG" هۆشداری دەدەن لەوەی هیچ دڵنیاییەك لەبارەی ماوە و ئەنجامی ئەم شەڕەی دەستیپێكردووە نییە، بۆیە سیناریۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە نزیكەی 10 دۆلار بەدوور نازانن.
ئەوان پێشیان وایە ئەو شۆكە ئابورییەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت روودەدات، زیاتر كاریگەری خراپی لەسەر بازاڕی ئاسیا دەبێت، كە پشت بە هاوردەكردنی وزە دەبەستێت، ئەمەش كەشی رەشبینی سەبارەت بە بازاڕ زیاتر دەكات.
بەوتەی كریس ویستۆن، لە دامەزراوەی "پیپەرستۆن" ئێران توانی بەبێ داخستنی گەرووی هورمز، زیانێكی گەورەی ئابوری بە جیهان بگەیەنێت.
كریس ویستۆن دەشڵێت " بە پەكخستنی ئەو گەرووە لۆجیستییەی جیهان، بەشێوەیەكی گشتیی تێچووی گواستنەوەی دەریایی بۆ نەوت و غاز بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە".
پێدەچێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ بەکارهێنەرانی ئەمەریکی، ئەمەش کێشەیەکی سیاسی گەورەیە بۆ ترەمپ، کە لە هەڵمەتى دابەزاندنى نرخەکاندا شەڕی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی کرد.
هەروەها هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنەوەی ئابووری ئەمەریکا ئاڵۆزتر دەکات بە زیادکردنی تێچووی بازرگانی، کە دەتوانێت ڕێگری لە گەشەی وەبەرهێنان و هەلی کار بکات.