كۆمسیۆن داواكاری بۆ تۆماركردنی كاندیدەكان درێژ كردەوە

#کۆمسیۆن#عێراق#هەڵبژاردن
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ماوەی دیاریكراوی بۆ وەرگرتنی داواكاری تۆماركردنی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق درێژكردووەتەوە.
Primary Asset

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق

سبەی

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ماوەی دیاریكراوی بۆ وەرگرتنی داواكاری تۆماركردنی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق درێژكردووەتەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ 23 ی حوزەیرانی 2025 بە "سبەی" راگەیاند:"ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی ماوەی وەرگرتنی داواكاری تۆماركردنی كاندیدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق".

وتەبێژی كۆمسیۆن وتیشی "كاتەكە تا كۆتایی دەوامی فەرمی 26 ی حوزەیران درێژكراوەتەوە، ئەمەش كۆتا وادەیە و بەهیچ شێوەیەك درێژ ناكرێتەوە".

بەوتەی جومانە غەلای، تائێستا ژمارەی ئەو كەسانەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان دەركردووە گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 328 هەزار و 73 دەنگدەر. بەوەش هێشتا هەشت ملیۆن دەنگدەر سەردانی ناوەندەكانی تۆماری بایۆمەتریان نەكردووە و مافی بەشداریی كردنی هەڵبژاردنەكانیان نییە، بەوپێیەی (29.118.000) كەس لە عێراق مافی دەنگدانیان هەیە.

لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق، لە نەجەف زۆرترین نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان هەبووە و 74% ی تێپەڕاندووە.

لە (25ـی ئازاری 2025) دەرگای ناوەندەكانی بایۆمەتری كرایەوە و تا 20 ی حوزەیران بەپێی بڕیاری كۆمسیۆن ناوەندەكان كراوە دەبن.

كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدان

لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەكان دەستیان بە مامەڵەی كڕین بە كارتی دەنگدەرانەوە دەستپێكردووە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش هۆشداریی دەداتە دەنگدەران و پارت و قەوارە سیاسییەكان.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لایەنە سیاسییەكان و ژمارەیەك چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردەوە كە پڕۆسەی كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە لەلایەن نوسینگەی ژمارەیەك پەرلەمانتار و كاندیدەوە دەستی پێكردووە، ئەویش لە رێگەی ژمارەیەك دەڵاڵ و نێوەندگیرەوە.

بەپێی ئەو بڵاوكراوانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نرخی یەك كارتی دەنگدان لەنێوان 100 بۆ 400 دۆلارە، ئێستا دەنگدەرە نیوەی پارەكەی وەردەگرێت و دوای دەنگدانیش نیوەكەی دیكەی وەردەگرێت.

عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەبارەوەیەوە رایگەیاندووە: ئامانجی ئەو كارە یاریی كردنە یان بێبەشكردنی دەنگدەرەكەیە لە دەنگدان، هەردوو حاڵەتەكەش سزای یاسایی توندی بەدواوەیە.

هۆشداریی دا لەوەی، كارتی دەنگدان بەڵگەنامەیەكی فەرمییە، بەرپرسیارێتی یاسایی دەكەوێتە سەر خاوەنەكەی لەكاتی مامەڵەكردن پێیەوە، ئەگەر بە بەڵگە بسەلمێنرێت كە مامەڵەی كڕینی پێوەكراوە لەلایەن كاندیدێكەوە لە هەڵبژاردن دووردەخرێتەوە و دۆسیەی ئاڕاستەی دادگای تایبەت دەكرێت و روبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكردووە. بڕیارەكەش پێشوازیی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی لێكەوتەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان بەبێ هیچ هەمواركردنەوە و دەستكاریی و گۆڕینی بڕگەكانی.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2003ـەوە، سیستمی یەك بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان لە چوار هەڵبژاردنی سەرەتادا پەیڕەوكرا، لە دوایین هەڵبژاردنی ساڵی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنحومەنی نوێنەرانی، بەپێی سیستمی فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری كرا.

دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمان

كۆی گشتی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 329 كورسییە، كە 320 كورسی گشتییە. لەو ژمارەیەش 83 كورسی بۆ ژنانە. 9 كورسی بۆ كۆتای پێكهاتەكانە، مەسیحی 5 كورسی، كوردی فەیلی و سابیئە مەندائی و ئێزیدی و شەبەك، هەریەكە و یەك كورسییان هەیە.

لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە 5 كورسی بۆ كۆتای ژنان. هەولێر 16 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 4 كورسی بۆ ژنانە. دهۆك 12 كورسی، 1 كورسی بۆ مەسیحی و 3 كورسی بۆ ژنانە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی