بەكارنەهێنانی ئینتەرنێت لە رێگەی ئامێرە زیرەكانەوە؛ ئاستی تەندروستی دەروونی بەرزدەكاتەوە

#تەندروستی دەروونی#مۆبایل#ئینتەرنێت#زانکۆی تێکساس
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەكارنەهێنانی مۆبایل بۆ ماوەی دوو هەفتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بۆ باشتركردنی تەندروستی دەروونی بۆ ئەوە كەسانەی لە 30ـیەكانی تەمەنیاندان.
Primary Asset

سبەی

بەكارنەهێنانی مۆبایل بۆ ماوەی دوو هەفتە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بۆ باشتركردنی تەندروستی دەروونی بۆ ئەوە كەسانەی لە 30ـیەكانی تەمەنیاندان.

بەپێی توێژینەوەیەكی پرۆفیسۆر ئادریان وارد لە زانكۆی تێكساس لە ئوستن، تەنها دوو هەفتە بەكارنەهێنانی ئینتەرنێت لە رێگەی ئامێرە زیرەكەكەیانی پەیوەندییكردنەوە دەبێتە هۆی كارابوونی زیاتری سێ رەهەندی ئەركی دەروونی، لەوانە وەك: تەندروستی دەروونی، سەرنجدانی باشتر (تەركیز) و هەستكردن بە دڵخۆشی و باڵانسی هەستەكان.

سەبارەت بە ئامێرە زیرەكەكان ئادریان وارد دەڵێت: "لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان بە شێوەیەكی بەرچاو ژیانمان و رەفتارەكانمانی گۆڕیوە،" وارد پرسیار دەكات و دەڵێت: "پرسیارە گەورەكەمان ئەوبوو، ئایا مرۆڤ لەگەڵ بەكارهێنانی مۆبایل بۆ هەموو كایەنی ژیان خۆی دەگونجێنێت؟ داتاكان ئاماژە بەوە دەكەن نەخێر، مرۆڤ ناتوانێت خۆی بگونجێنێت."

توێژێنەوەكە لەسەر 467 كەسی تێكڕا تەمەن 32 ساڵ ئەنجامدراوە. كەسانی بەشدار بە دانانی ئەپڵیكەیشنێك بۆ مۆبایلەكانیان، هەموو ئەو ئەپڵیكەیشنانەی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە كاریان دەكرد لە كارخست، مۆبایلەكانیان تەنها رێگەی بە پەیوەندیی تەلەفۆنی و كورتە نامە دەدا.

لە بری ئامێرە زیرەكەكانی وەك مۆبایل و تابلێت و ئایپاد، بەشداران تەنها لە رێگەی كۆمپیوتەرەوە دەیانتوانی ئینتەرنێت بەكاربهێنن.

ئامانجی توێژینەوەكە ئەو بوو بەشداران لە بەكارهێنانی بەردەوامی ئینتەرنێت دوور بخاتەوە، تەنها رێگەیان پێبدات لە رێگەی كۆمپیوتەرەوە پەیوەندیی لەگەڵ جیهاندا ببەستن.

دوای دوو هەفتە ئەنجامی توێژینەوەكە ئەرێنی بوو لەسەر بەكارهێنەران.

رێژەی 91%ـی بەشدارانی توێژینەوەكە بە لایەنی كەمەوە یەك رەهەندی ئەركی دەروونییان بەرەوپێشچووە، هەروەها رێژەی 71%ـی بەشداران تەندروستی دەروونیان باشتر بوو، بەجۆرێك ئەو كەسانەی بە گیرۆدەی خەمۆكی بوون، بەشێوەیەكی بەرچاو نیشانەكانیان كەمی كرد.

جگە لەو گۆڕانكارییانەی سەرەوە بەكارنەهێنانی ئینتەرنێت لە رێگەی مۆبایلەوە بەشێوەیەكی بەرچاو ئاستی سەرنجدان زیاد دەكات.

توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەكات، رۆژانە بەكارنەهێنانی ئینتەرنێت لە رێگەی مۆبایل ئاستی تەندروستی دەروونی كەسەكە بەرز دەكاتە، واتە تا زیاتر كەسەكە دووربێت لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت لە رێگەی مۆبایلەوە كاریگەرییە دەروونییە ئەرێنییەكان زیاتر لەسەر كەسەكەدا دەردەكەوێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی