سبەی
دوای راگەیاندنی ئاگربەست، بە ماوەیەکی کەم ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر تاران ئەنجامدا، بەیانی ئەمڕۆش دوای راگەیاندنی رازی بوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، ئێران بە موشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. لەبەرامبەردا ئیسرائیل هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی قورس دەکات
دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند دڵی تاران بە ئامانج دەگرین.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: سوپای ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە بە توندی وەڵامی پێشێلکاریی ئێران بۆ ئاگربەست بدەنەوە،" هەروەها دەڵێت: "سوپای ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر دڵی تاران."
شکانی ئاگربەست دوای ئەوە دێت کە بەیانی ئەمڕۆ 24ـی حوزەیران 2025، ئێران دوو موشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، هەرچەندە موشەکەکان زیانیان نەبوو، بەڵام بووە هۆی شکانی ئاگربەست.
ئاگربەستەکەی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیاند. هۆکاری گەیشتن بە ئاگربەستەکەی بۆ هێرشەکەی ئەمەریکا گەڕاندەوە.
بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، درەنگانی شەوی رابردوو (23ـی حوزەیرانی 2025)، دوای ئەوەی لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، ئاگربەستی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیاند.
راگەیەندراوەکەی ترەمپ کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 24ـی حوزەیران راگەیەندرا.
وەک لە هەواڵەکەی نیۆرک تایمزدا هاتووە، ئەو ئاگربەستەی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە، بە نێوەندگیری شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر ئەنجامدراوە.
بەپێی هەواڵەکەی نیویۆرک تایمز، راگەیەندراوی ئاگربەستی ترەمپ بۆ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ چاوەڕوان نەکراو بووە.
هەرچەندە دوای راگەیەندراوەکە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو، بەڵام ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل رازیبوون و پابەندبوونی خۆی بۆ ئاگربەست راگەیاند.
سەبارەت بە هەڵوێستی تاران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” رایگەیاند، "ئەگەر ئیسرائیل لە کاتژمێر 4 بە کاتی تاران هێرشە نایاساییەکانی بۆ سەر گەلی ئێران رابگرێت، ئەوا هیچ نیازێکمان نییە بەردەوام بین لە وەڵامدانەوە."
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، مارک روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فشاری کردووە بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و ژمارەیەک دانوستانیان ئەنجامدا، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن، دواتر ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیرانی 2025، هێرشێکی لەناوکاو و بێپێشینەی کردە سەر ژێرخانە جیاوازەکانی ئیران.
دۆناڵد ترەمپ کە راگەیەندراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" بڵاوکردەوە، پەسنی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی 22ـی حوزەیرانی 2025ـی ئەمەریکای کرد بۆ سەر ناوندە ئەتۆمییەکانی ئێران و بە هۆکاری گەیشتن بە ئاگربەستەی دادەنێت.