
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا
سبەی
دوای ئەوەی مەترسی هەبوو لەسەر شکانی ئاگربەست و بەردەوامی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بە فشاری دۆناڵد ترەمپ ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، لە ژێر فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا بە پاشگەزبوونەوە لە وەڵامدانەوەی دوو موشەکی ئێران.
دوای بەئامانجگرتنی ئیسرائیل بە دوو موشەک، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند کە فەرمانی بە هێزە ئاسمانییەکان کردووە هێرشێکی کاریگەر بۆ سەر ناوەڕاستی تاران ئەنجامبدەن.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، سەرۆکی ئەمەریکا لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" داوای لە ئیسرائیل کرد شەڕ رابگرێت و رایگەیاند: "ئیسرائیل، بۆمبەکان فڕیمەدە خوارەوە، ئەوە پێشێلکارییەکی گەورەی ئاگربەستە. ئێستا فڕۆکەوانەکان بگەڕێنەرەوە ماڵەوە!"
ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، دواتر ترەمپ لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ نەتانیاهۆ کردووە و داوای لێکردووە شەڕ رابگرێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رازیی بووە بە راگرتنی شەڕ.
وەک لە هەواڵەکەی ئەکسیۆس-دا هاتووە ترمپ بە توڕەییەوە قسەی لەگەڵ نەتەنیاهۆ کردووە و داوای کردووە دەستبەجێ هێرشەکان رابگرێت.
هەرچەندە ترەمپ داوای کردبوو لە نەتەنیاهۆ تەواوی هێرشەکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام نەتەنیاهۆ پێیڕاگەیاندووە، ناتوانێت هەمووی بکشێنێتەوە، بە لایەنی کەمەوە دەبێت ئامانجێک بپێکێت لە وەڵامی دوو موشەکەکەی ئێراندا، هەر بۆیە بەهۆی هێڕشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە، تەنها یەک راداری چاودێری بە ئامانجگیرا و تێکشێکنرا.
دواتر دۆناڵد ترەمپ، لە بڵاوکراوەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" دواین هەڵوێستی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئاشکرا کرد رایگەیاند: “ئێران هەرگیز ناوەندە ئەتۆمییەکانی دروست ناکاتەوە!”
ئاگربەستەکەی ترەمپ و هەڕەشەی ئیسرائیل
دوای رازی بوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، ئێران بە موشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. لەبەرامبەردا ئیسرائیل هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی قورسی کرد.
دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند دڵی تاران بە ئامانج دەگرین.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە کە بە توندی وەڵامی پێشێلکاریی ئێران بۆ ئاگربەست بدەنەوە،" هەروەها دەڵێت: "سوپای ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر دڵی تاران."
