
سبەی
جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە هێرشی ئاسمانی و دواتر فشاری ئەمەریکا راگیرا. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە، کێ خۆی بە براوە دەزانێت؟ نەتەنیاهۆ ئامانجەکانی بەدەستهێنا؟ یان ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی راگیران؟ دەستکەوتی ترەمپ چیی بوو؟.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، تاکلایەنە و بە فشارێکی گەورە کۆتایی بە جەنگێکی کورتخایەنی ئاسمانیی و موشەکی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا، لەکاتێکدا مەترسی هەبوو جەنگەکە پەل بۆ ئاڵۆزیی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشێت و تەڕو و وشک پێکەوە بسوتنێنێت.
راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ئەمەریکاوە و گەڕاندنەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لەوکاتەی سەر ئاسمانی ئێران بوون و بەدوای ئامانجی نوێوە بوون، بەڕای چاودێران بەهۆی فشاری راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بووە، سەرەڕای ئەوەی نەتەنیاهۆ نەیدەویست بچێتە ژێرباری داواکەی ترەمپەوە، بەڵام بەپێی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکا، دواجار لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ترەمپ لە نەتەنیاهۆ توڕە بووە و فڕۆکەکانی گەڕاندوەتەوە تەلئەڤیڤ.
فشار و توڕەبوونی ترەمپ
پێگەی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە، ترەمپ راستەوخۆ پەیوەندی بە نەتەنیاهۆوە کردووە و داوای لێکردووە هیچ هێرشێکی دیکە ئەنجامنەدات و ئەو هێرشانەی بڕیاری لێداوە پاشگەزبێتەوە، دوای ئەوە ترەمپ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە تاکلایەنە ئاگربەستی لەنێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند.
بە تویتێک فڕۆکەکانی ئیسرائیل گەڕانەوە
دۆناڵد ترەمپ وەک پرسێکی کەسیی مامەڵەی لەگەڵ راگرتنی جەنگەکە کردووە، راگەیاندنی ئاگربەستی لەسەر بنەمای متمانەی کەسی و راستگۆیی بەڵێن سەیرکردووە.
دوای ماوەیەکی کەم بە ترەمپ راگەیەندرا کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەڕێگاوەن بەرەو ئاسمانی ئێران، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستەکەی راگەیاندووە، بۆیە بڕیاریداوە دەستوەردانی کەسی بکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال، پەیامێکی کورتی بڵاوکردەوە و نووسی: هەرئێستا فڕۆکەکان بگەڕێنەوە.
دوای وەرگرتنی دڵنیایی ترەمپ نووسی: ئیسرائیل هیچ هێرشێکی دیکە ئەنجام نادات، فڕۆکەوانە سڵاوێک لە ئێران دەکەن و دەگەڕێنەوە.
ئامانجی ترەمپ لە راگرتنی شەڕەکە ئەوەبوو، نەیدەویست جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگیرسێت، بەڵام مەترسییەکی ئەتۆمیش لە رێگە بوو، بۆیە پێش ئاگربەستەکە، فڕۆکەی زەبەلاحی گورزوەشێنی (بی 2)ی ناردە ئاسمانی ئێران و بە هاویشتنی مووشەکی تۆماهۆک و کروز لە کەشتییە جەنگیی و ژێردەریاییەکانییەوە، سێ وێستگەی ئەتۆمی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ی کردە ئامانج و پێیوابوو کە مەترسییەکەی رەواندوەتەوە و کاتی ئەوەیە هەر خۆی شەڕەکە رابگرێت.
ئیسرائیل: جەنگ کۆتایی نەهاتووە
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست و پابەندبوونی ئیسرائیل بە بڕیارەکەی ترەمپەوە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: جەنگ کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو گواستراوەتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، ئەویش قۆناغی نێوان جەنگەکانە، کە جوڵەی هێواشە بۆ خاوکردنەوی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
وڵاتانی کەنداو فشاری گەورەیان کرد
یەکەم کاردانەوەی ئێران دژی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا، بە ئامانجگرتنی بنکەی عودەیدی سەربازیی ئەمەریکا بوو لە قەتەر و تەنها یەک موشەک گەیشتە خاکی قەتەر، هەرزوو سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی ئێران پۆزشیان بۆ قەتەر هێنایەوە کە ئامانجەکەیان ئەو دۆستەیان نەبووە، بەڵکو بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بووە لە ناوچەکە، هاوکات خۆ رزگارکردنیان بووە لە شەرمەزارییەک کە ناکرا هێرشی ئەمەریکا بێوەڵام بێت.
وڵاتانی کەنداو کە راستەوخۆ مەترسی لەسەریان دروست بوو، ببنە بەشێکی جەنگ و هێرشە مووشەکییەکان، بەهۆی بوونی دەیان بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە وڵاتەکانیان، دەستیان بە فشارکرد، سعودیە و ئیمارات و قەتەر لە پێشەوەی ئەو وڵاتانە بوون کە فشاری دیپلۆماسییان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کە دان بەخۆیدا بگرێت و هیچ کاردانەوەیەکی دیکەی نەبێت، لە پەیوەندیشدا بوون لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا.
لەگەڵ ئەوەی ئێران هێرشی بۆ سەر قەتەر ئەنجامدابوو، راستەوخۆ ئامادەیی خۆی نیشاندا بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان و رێگەی دیپلۆماسی، بەڵام بە مەرجی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و وەرگرتنی گرەنتی بەوەی ئەمەریکا هێرشی دیکە ئەنجام نادات.
ترەمپ: هێرشکار و ئاشتیخواز
هەر لەسەرەتاوە دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی دابوو لەسەر دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ناڕاستەوخۆ پشتگیریی دەکرد، بۆ ئەوەی رێگریی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکات، کە ئەمەریکا پێنج گەڕی دانوستانی لەگەڵ ئێران بە ناڕاستەوخۆ و لە رێگای عوممانەوە لەوبارەیەوە لەگەڵیدا ئەنجامدابوو.
لە کۆتا رۆژی شەڕیشدا، ئەمەریکا دەستی خۆی وەشاند و دەیان بۆمبی بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا بەردایەوە، رۆژی دواتر هەر خۆیشی ئاگربەستی راگەیاند، لەو سۆنگەیەی کە گورزەکانی ئەمەریکا چۆکی بە ئێران داداوە و ئامادەی سازشە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی.
جوڵەی سنوردار و زیرەکان
بەوتەی شارەزایان، جوڵەکەی ترەمپ زیرەکانە و سنوردار بوو بۆ زیانگەیاندن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەبێ ئەوەی وڵاتەکەی رابکێشێتە ناو جەنگێکی گەورەوە، ئەوەش بەشێک بوو لە تەکنیکێکی بەرفراوانتری ئەمەریکا بۆ سەپاندنی رێککەوتنێکی نوێی بەرنامەی ئەتۆمی بە مەرجی قورستری ئەمەریکاوە، بە هاوبەشی پێکردنی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە.
کێ براوە بوو؟
ئیسرائیل پێیوایە 90%ـی ئامانجەکانی بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لە دوا هەڵمەتیدا بۆ سەر ئێران، هەژموون و باڵادەستی بۆ ئیسرائیل گەڕاندەوە، بەراورد بە جەنگی گەورەی ساڵی 1967، لەگەڵئەوەشدا ئەرکەکەی تەواو نەبووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەسەر چاودێریی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ئێران و پاڵپشتی و هاوکاریی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە.
دۆڕاو و براوەی راستەقینە؟
ئیسرائیل پێی وایە بە لاوازکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ترەمپ خۆی بە براوەی سەرەکیی دەزانێت کە رێگریی کردووە لە جەنگێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەتوانێت وەک کارتی بەهێز بۆ هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت، ئێرانیش خۆی بە براوە دەزانێت کە لەبەرامبەر گەورەترین فشاردا خۆی گرت و سیستمی سیاسی وڵاتەکەی پاراست.
وەڵامی راستەقینەش ئەوەش، کەس لە کۆتاییدا سەرنەکەوت، بەڵکو هاوسەنگی دوودڵی لەنێوان لایەنەکان راگرت، براوەی سەرەکیی "بۆشایی سیاسی، بۆشایی رێککەوتن، نائامادەیی گرەنتی، کێبڕکێی چەک" بوون، کە لە هەرکاتێکی تردا دووبارە ئەگەری تەقینەوەیان هەیە، ئەگەر نەگەنە رێککەوتنی هەمیشەیی ئاگربەست بە چاودێریی نێودەوڵەتی.
