سبەی
بەپێی داتاکانی نووسینگەی ئاماری ئەوروپا Eurostat لەبارەی داهات و هەلومەرجی ژیان بۆ 2024، تورکیا هەژارترین وڵاتە لە ئەوروپا.
نووسینگەی ئاماری ئەوروپا بڵاوی کردووەتەوە ڕێژەی خوار هێڵی هەژاری لە یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ڕابردوو بە بەراورد بە 2023 گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆی ماوەتەوە و هەر لە سەدا 16.2یە.
بەپێی مەزەندەکانی Eurostat ئەمساڵیش ڕێژەی خوار هێڵی هەژاری بە شێوەیەکی سنوردار کەم دەبێتەوە و دادەکشێت بۆ لە سەدا 16.1.
تورکیا هەژارترین وڵاتی ئەوروپایە
بەپێی ئەو داتایانە لەنێو ئەو 29 وڵاتەی ئەندام یان ئەندامی چاودێرن لە یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا هەژارترین وڵاتە.
ئەو وڵاتانەی کەمترین ڕێژەی هەژاریان تیادا تۆمار کراوە بەم جۆرەن: کۆماری چیک لە سەدا 9.5، بەلجیکا لە سەدا 11.5، دانمارک 11.6.
ئەو وڵاتانەی بەرزترین ڕێژەی هەژاریشیان تیادا تۆمار کراوە بەم جۆرەن: تورکیا لە سەدا 22.6، بولگاریا لە سەدا 21.7 و لیتوانیا لە سەدا 21.6.
سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی 18 ملیۆن و 657 هەزار کەس لە تورکیا لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین.
لە سەدا 15.4ی ئەوانەیش لە تورکیا لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین گەنجن.
هەرچەند بەشی زۆری خاکی تورکیا دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا، بەڵام بەشێکی بچوکیشی دەکەوێتە کیشوەری ئەوروپا و تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەندامی چاودێرە و چەندین ساڵە هەوڵ دەدات ببێت بە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.