خۆشتن بە ئاوی گەرم؛ ئاسودەیی كاتیی و زیانی هەمیشەیی بۆ پێست

#ئاوی گەرم#خۆشوشتن
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێكی پێگەی "زە كۆنڤێرزەیشن" پێست ئەركی گرنگی ژیانی ئەنجامدەدات، لەوانەش پاراستنی لە تیشكی سەروو بنەوشەیی، كە لە خۆرەوە دەردەچێت، هەروەها بەرهەمهێنانی ڤیتامین "دی 3" كە هاوكاری ریخۆڵە دەكات كالیسیۆم هەڵبمژێت، هەروەها بەرگری بەرامبەر بەكتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەكان بكات.
Primary Asset

سبەی

كاتێك كەش بەرەو ساردی دەچێت، زۆرێك لە كەسەكان پەنا بۆ خۆشتن بە ئاوی گەرم دەبەن، بەڵام ئەو نەریتە دەكرێت زیانێكی زۆر بە جەستەی مرۆڤ بگەیەنێت، بەتایبەتیش پێست و جوانییەكەی.

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی "زە كۆنڤێرزەیشن" پێست ئەركی گرنگی ژیانی ئەنجامدەدات، لەوانەش پاراستنی لە تیشكی سەروو بنەوشەیی، كە لە خۆرەوە دەردەچێت، هەروەها بەرهەمهێنانی ڤیتامین "دی 3" كە هاوكاری ریخۆڵە دەكات كالیسیۆم هەڵبمژێت، هەروەها بەرگری بەرامبەر بەكتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەكان بكات.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پێست پلەی گەرمیی جەستە رێكدەخات و هەستەكان نیشان دەدات، جگە لەوەی دەتوانێت هەست بە بەركەوتن و فشار و ئازار و پلەی گەرمی بكات.

خۆشوشتنی رۆژانە وادەكات بەرگریی بەرامبەر نەخۆشییەكان پەیدا بكەیت، بەڵام خۆشوشتن بە ئاوی گەرم دەكرێت كاریگەری خراپی هەبێت.

بەپێی راپۆرتەكە پێستی مرۆڤ، لە زیندەوەرە سودبەخشەكان پێكهاتووە، كە پێیان دەوترێت "خانەكانی پێست" یاخود "ستافیلۆكۆكی سەر پێست" كە یارمەتیدەری بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان خانەكانی پێستن، هەروەها هاندەرن بۆ دروستكردنی پرۆتینی دژە میكرۆب.

ئەو زیندەوەرانە پێویستیان بە ژینگەیەكی ترشەڵۆكە كە پلەی ترشیەیتی لەنێوان چوار بۆ شەش پلە بێت، ئەوەش پلەیەكی سروشتییە بۆ پێست.

بەڵام خۆشتن بە ئاوی گەرم پلەی ئەو ترشێتییە بەرزدەكاتەوە، ئەمەش هانی زۆربوونی ئەو بەكتریایانە دەدات كە زیانیان بۆ جەستە هەیە.

بەڵام بەركەوتن و چوونە ناو ئاوی گەرم، وادەكات بەهۆی ئارەقكردنەوەوە جەستە ئاوی زیاتر لەدەست بدات، ئەمەش وادەكات پێست وشك ببێتەوە، ئەمەش هانی گورچیلەكان دەدات زیاتر ئاو بەكاربهێنن.

مانەوە لەناو ئاوی گەرمدا بۆ ماوەیەكی زۆر، وادەكات فشاری خوێن كەم ببێتەوە، لەبەرامبەردا لێدانی دڵ زیاتر دەكات، بۆیە ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكرێت كە بەدەست دابەزینی فشاری خوێنەوە دەناڵێنن، یاخود كێشەی دڵیان هەیە، پێش ئەوەی بەنیازی خۆشوشتن و مانەوەی زۆر بن لەناو ئاوی گەرم، پرس بە پزیشك بكەن.

دوش و خۆشوشتن بە ئاوی گەرم، وادەكات هەست بە خوران بكەیت، ئەویش بەهۆی هاندانی هەوكردن لە پێستدا.

راپۆرتەكە ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات كە پێستێكی هەستیاریان هەیە، لەوانەش كە بەدەست نەخۆشی سوربوونەوەی پێست دەناڵێنن، یاخود زیپكەیان هەیە، خۆیان بەدوور بگرن لە خۆشوشتن بە ئاوی گەرم، چونكە وادەكات پێست وشك ببێتەوە و تووشی خوران ببێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی