قوتابییەكی زانكۆ لە ئیسرائیل لەسەر سیخوڕیكردن بۆ ئێران دەستگیركرا

#ئیسرائیل#ئێران#زانکۆی بێن گوریۆن#سیخوڕیکردن
15 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل "شین بێت"، قوتابییەكی زانكۆیان بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئێران دەستگیركرد.
Primary Asset

زانکۆی بێن گوریۆن لە ئیسرائیل

سبەی

پۆلیسی ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل "شین بێت"، قوتابییەكی زانكۆیان بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئێران دەستگیركرد.

بەپێی راگەیەندراوی هەر یەك لە پۆلیس و شین بێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، هێزەكانی ئاسایشی ئیسرائیل قوتابییەكی زانكۆی بێن گوریۆنی لە شاری بێرشێبا لە باشوری ئیسرائیل بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هێرشكردنە سەر كەسایەتییەكی دیار دەستگیركردووە.

وەك لە راگەیەندراوی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدا هاتووە، دەستگیركراوەكە ناوی بەشار حەسەن قاسم موسایە و تەمەنی 22 ساڵە، لە بەشی سیستمەكانی زانیاریی لە زانكۆی بێن گوریۆن قوتابی بووە.

بەشار حەسەن تۆمەتباركراوە بە هەبوونی پەیوەندییەكی چەند مانگەی بەردەوام لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران.

قوتابییە 22 ساڵانەكە جگە لە تۆمەتی هەوڵدان بۆ هێرشكردنە سەر كەسایەتییەكی دیاری ئیسرائیل، تۆمەتبار كراوە بە رشتنی بزمار لەسەر رێگەی سەرەكی شاری بێرشێبا، هەروەها تۆمەتباریش كراوە بە بڵاوكردنەوەی وتار بۆ دابەشكاریی و رق دروستكردن لە نێوان گروپە جیاوازەكانی ئیسرائیلدا.

بە وتەی پۆلیس، بەشار حەسەن بە هۆی شەڕی غەززەوە لە رێگەی ئایدیۆلۆجییەوە هاندراوە بۆ كارەكانی دژ بە كۆمەڵگەی ئیسرائیل. لە بەرامبەر ئەو كارانەشیدا پارەی لە ئێران وەرگرتووە.

سەبارەت بە چارەنووسی قوتابییەكە، زانكۆی بێن گوریۆن رایگەیاندووە كە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسی بەشار حەسەن بدەن. بە وتەی زانكۆكە ئەگەر تۆمەتەكانی سەر قوتابییەكە بسەلمێندرێت؛ ئەوا بەشار لە زانكۆكە دەردەكەن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی