ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان
سبەی
دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت رایگەیاند بە داهاتی ناوخۆ ناتوانن مووچە بدەن و بژاردەی دیكەیان هەیە و لەهەوڵیشدان بۆ چارەسەری بابەتی مووچە، شاندێكی تەكنیكی حكومەتی عێراق گەیشتە هەولێر.
بەپێی زانیارییەكان ئەمشەو شاندێكی تەكنیكی حكومەتی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوت گەیشتووەتە هەولێر، لە رۆژانی داهاتووش شاندێكی باڵای عێراق سەردانی هەولێر دەكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان شاندەكە لە نوێنەرانی ئەنجومەنی باڵای ئابوریی عێراق و بریكاری وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی عێراق پێكدێت، لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیای سۆمۆ و نەوتی باكور. ئەمەش پێدەچێت بۆ رێككەوتنی یەكجاری بێت لەبارەی نەوت و مووچە، چونكە لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم دوای ئەوەی وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاندبوو كە ناتوانن بە داهاتی ناوخۆ نیوەی مووچەش بدەن، بڕیاردراوە رێككەوتن لەبارەی مووچەوە بكرێت و لەبارەی داهات و نەوتیش لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكرێت.
رۆژی سێشەممە 24-6-2025 واتە رۆژێك پێش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران"سبەی" بە پشت بەستن بە زانیاریی و بەدواداچوون بڵاویكردەوە "هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە دوو بژاردەی لەبەردەمە، یان دەبێت چاوەرێی یەكلابوونەوەی كێشەكانی دادگای فیدراڵی بكات و داواكارییەكانی بەغداد جێبەجێ بكات، یان بە لێبڕینەوە و بەپێی داهاتی بەردەست مووچە دابەش بكات.
رۆژی دواتر واتە 25-6-2025 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی كۆبوەوە و دواتر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" سوپاسی خۆڕاگری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەم، كە لەماوەی رابردوو بە نایاسایی مووچەكانیان لەلایەن بەغداوە راگیرا و ئەمەش كاریگەری لەسەر ژیانیان هەبووە، نەدەبوو پرسی مووچە و قووتی مووچەخۆران تێكەڵ بە بابەتی سیاسی بكرێت، ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بۆ چارەسەری هەموو ئەو گرفتانەی هەیە".
"بژاردەی دیكەمان لەبەردەستە"
مەسرور بارزانی باس لە ئەگەری رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد دەكات و دەڵێت " ئێمە بژاردەی دیكەمان لەبەردەستە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێككەوتن و هەوڵی چارەسەركردنیشی دەدەین".
وتیشی "حكومەتی فیدراڵی پێنج سكاڵای لەبەرامبەر توركیا تۆمار كردووە بۆ وەستاندنی نەوتی هەرێمی كوردستان تەنها یەك سكاڵای بردووەتەوە و چواری دۆڕاندووە، ئێمە ئامادەیی ئەوەشمان دەربڕیوە لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆوە نەوت هەناردە بكەینەوە، هەرێمی كوردستان لە هیچ مافێكی دەستووری خۆی خۆشنابێت و ئەگەر كەسێكیش داوای ئەوە بكات ئەوە ئێمە داوای مافی زیاتر بۆ هاوڵاتیانمان دەكەین".
دەشڵێت "ماوەی دوو مانگە مووچەی فەرمانبەران نەدراوە و ماوەی دوو ساڵیشە نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە ناكرێت، ئەمەش كاریگەریی هەبووە لەسەر كەمبوونەوەی داهات بۆیە نەتوانراوە مووچەی فەرمانبەران دابین بكرێت".
لەبارەی فرۆشتنی نەوتەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی "بەهۆی سكاڵایەكی حكومەتی عێراقەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە، ئەمەش كاریگەریی بەرچاوی هەبووە لەسەر دابەزینی داهات و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكان، بەشێك لەو نەوتەی ئێستا لە كێڵگە نەوتییەكان بەرهەم دەهێنرێت لە بازاڕەكانی ناوخۆ دەفرۆشێتەوە، ئەمەش مافێكی یاسایی خۆیانە بۆ ئەوەی بەرهەمیان بمێنێتەوە".
"پێشتریش كوردستان رێككەوتنی هەبووە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان"
سەبارەت بە رێككەوتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی سەبارەت بە غاز سەرۆكی حكومەت رایگەیاند:" پێشتریش كوردستان رێككەوتنی هەبووە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان، ئێستا دوو كۆمپانیای دیكە رێككەوتنیان لەگەڵ واژۆ كراوە كە ماوەی 15 ساڵە لە ناوچەكە كار دەكەن، ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و هەوڵدەدەین كێشەكانمان بە دانوستان چارەسەر بكەین، هەر بۆیە پێشوازی لە شاندێكی بەغدا دەكەین بۆ كۆبوونەوە و چارەسەری گرفتەكان".
چاوەكان لەسەر دادگای فیدراڵی بوون
چاوەكان لەسەر دادگای فیدراڵی بوون كە پرسی مووچە یەكلابكەنەوە، دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایار تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێك هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردەوە كە چیتر مووچە نانێرێت و پشكی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەڵام پێنجشەممەی رابردوو نۆ دادوەری دادگای فیدراڵی عێراق دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد، سەرۆكی دادگاكەش داوای خانەنشین بوونی كردووە. لەكاتێكدا فەرمانبەران و مووچەخۆران سكاڵایەكیان لەو دادگایە بوو و چاوەڕێ بوون فەرمانسالارییەك لەسەر مووچە دەر بكات و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق بە دابەشكردنی و بەدەركردنی لە كێشە سیاسیەكان ناچار بكات.
راگرتنی نەوتی هەرێم
رۆژی 25ـی ئازاری ساڵی 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "رێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.
حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس رایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە.
جگە لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنقەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.
راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لە هەناردەكردنی نەوت بوو، بەو پێیەی سەرەتای مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا.
نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.
داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان
لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی روون نییە، بەڵام بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ئەو زانیارییانەی پێشتر بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دركاندوویانە، داهاتی ناوخۆ بە بێ داهاتی نەوت زیاترە لە 300 ملیار دۆلار، هەرچەندە ئەو داهاتە بەشێكی مانگانە بە شێوەی كاش ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، داهاتی نەوتیش كە ئێستا بەغداد، هەرێمی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكات روون نییە. جگە لەوەی هاوپەیمانان مانگانە 20 ملیار دینار وەك هاوكاری دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە.
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان بوون پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج (ئایار) وەربگرن، هاوشێوەی چەند مانگی پێشوو لە چاوەڕوانی هات و نەهاتی مووچەدا هێڵرانەوە، تا ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایار، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێك بۆمبەكەی تەقاندەوە و راگەیاند: ئامادەنییە چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق كە رۆژی (28ـی ئایاری 2025) بە واژۆی تەیف سامی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كراوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەی 12.67 لە یاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەی بڕی 13 ترلیۆن و 547 ملیار دیناری رادەستكراوە لەكۆی خەرجی كردەیی.
لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەكۆی 19.9 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و نانەوتی لە ساڵی 2023ـەوە تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دیناری رادەستی بەغداد كردووە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژی دەستور ناوبرد و لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.
دواین مووچە كە بەغداد ناردی
دوایین مووچە كە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان درا، مووچەی مانگی نیسان بوو كە رۆژی 14ـی ئایاری 2025 و بە سێ رۆژ بەسەر سەرجەم وەزارەت و دەستەكان و خانەنیشان دابەشكرا، مووچەی مانگی ئازاریش لە 27ـی ئازار بەهەمان شێوە بە سێ رۆژ دابەشكرا، مووچەی مانگی شوباتیش لە 31ـی ئازار و بە چوار رۆژ دابەشكرا، مووچەی مانگی كانوونی دووەمیش لە 5ـی شوباتی 2025، دابەشكرا.
بەڵێنەكان زۆریان نەخایاند
رۆژی 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند: شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە رێككەوتن. بەڵام ئەو بەڵێن و رێككەوتنەش لەنێوان هەرێم و بەغداد تەنها یەك مانگ بڕی كرد و پرسی مووچە هاتەوە خاڵی سەرەتا.