
یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی عێراق
سبەی
حكومەتی عێراق بڕیاریدا لێكۆڵینەوە لە هێرشەكان بۆسەر بنكە سەربازییەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بكات، كە رۆژی سێشەممە روویدا، تائێستاش هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندووە.
هێرشەكە كە بە درۆنی خۆكوژ ئەنجامدرا، بووە هۆی لەكارخستنی چەند رادارێكی سەربازیی، بەڵام تائێستاش درۆنەكان نادیارن و بكەریان دیار نییە، یەكێك لەو رادارانەی بە ئامانجگیراوە بەمدواییە عێراق لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ دەوڵەتێكی ئەوروپی بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ كڕیونی.
بەیانی رۆژی سێشەممەی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانیكرد بە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكان.
بەوتەی سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، هێرشەكان بە چەند درۆنێكی خۆكوژیی بچوك ئەنجامدراون، بەوەش زیان بەر سیستمی راداری هەردوو سەربازگەی تاجی لە باكوری بەغداد و بنكەی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار كەوتووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانیی بەدواوەبێت.
شەوی شكستهێنانی رادارەكان
تائێستا زانیارییەكان سەبارەت بە ئامانجگرتنی رادارەكان پێچەوانەی یەكترن، هەندێك دەڵێن راداری كۆنی ئەمەریكین، یاخود فەڕەنسی نوێ بوون، هەندێك لە زانیاریەكان دەڵێن ئەو رادارەی لە بنكەی تاجی هێرشی كراوەتەسەر لە بنكەی تاجی لە جۆری " (TPS-77) بووە كە كۆمپانیای "لۆكهید مارتن" ی ئەمەریكی دروستیدەكات و تائێستا نەكەوتووەتە خزمەتەوە.
پێشبینی دەكرێت عێراق ژمارەیەك لەو رادارانەی هەبێت كە بەشێك لە ئاسمانەكەی پێدەپارێزێت، بەڵام ئەو رادارانە ئەگەر لە كاركردندا بن توانای دیاریكردنی درۆن و موشەكی كروزیان هەیە.
گرێبەستی ئەو رادارانە لە ساڵی 2020 كراوە، بەوهۆیەوە پسپۆڕان سەریان سوڕماوە ئەگەر ئەو جۆرە رادارە لە دوو بنكەكە بووبن، چۆن تائێستا نەكەوتوونەتە كار، ئەوەش لەكاتێكدایە لە ئەیلولی 2023 فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند یەكەم راداری فەڕەنسییان خستووەتەكار.
فەرماندەییەكە وتیشی "ئەو رادارانە لە جۆری GM400 فەڕەنسین و ماوەیەكی كەمە هێندراونەتە عێراق".
لە ئابی هەمان ساڵ، شانەی پسپۆڕانی تەكتیكی وردەكاری لەبارەی جۆری رادارە فەڕەنسیەكان بڵاوكردەوە كە حكومەتی عێراق ئامادەبووە گرێبەستی لەبارەوە بكات.
شانەكە رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر گرێبەستی كڕینی چەند رادارێك كردووە لەگەڵ كۆمپانیای "تالیس" ی فەڕەنسی، ئەوەش لەپێناو بەهێزكردنی توانای بەرگریی عێراق و گرێبەستەكەش بەهاكەی زیاترە لە 100 ملیۆن یۆرۆ.
رادارەكان لە جۆرەكانی " (Ground Master GM 400 Radar 3D" ن كە لە پێشكەوتووترین رادارەكانی جیهانن، كە تایبەتن بە ئاشكراكردنی ئامانجە ئاسمانییە مامناوەند و بەرزەكان، دەتوانرێت بە جێگیر و جوڵێندراویش كاری پێبكرێت.
بەڵام كڕینی ئەو رادارانە بووە تاقیكردنەوەیەكی "شەرمەزاركەر" بۆ حكومەتی عێراق، لەكاتێكدا ئیسرائیل بەردەوام بوو لە پێشێلكردنی ئاسمانەكەی، ئەمەش بەپێی راگەیەندراوەكانی حكومەت، چونكە كەموكورتییەكی ئاشكرای سیستمی بەرگریی ئاسمانییەكەی دەرخست.
پێكهێنانی لیژنە
لەم كۆتاییەدا حكومەتی عێراق رایگەیاند "هێزە عێراقیەكان توانیویانە بەرپەرچی هێرشێك بدەنەوە و تێكیبشكێنن كە بۆ سەر چوار پێگەی سەربازیی ئەنجامدراوە".
بەڵام لە راگەیەندراوەكەدا باس لە پێكهێنانی لیژنە دەكات لەبارەی هێرش كردنەسەر ئەو پێگانە، لیژنەكەش لەسەر ئاستی هەواڵگری و باڵایە، بۆ ئاشكراكردنی چۆنیەتی هێرشەكە و لایەنی بكەر. راگەیەندراوەكەش لەگەڵ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو دوای 12 رۆژ لەشەڕ و بۆردومانكردنی یەكتر. دەریدەخات رادارەكان سەركەوتوو نەبوون لە ئاشكراكردنی ئەو ئامانجانە.
كێ لە پشت هێرشەكانەوە بوو؟
هەرچەندە هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكان رانەگەیاندووە، بەڵام لەو كردارانە دەچێت كە پێشتر گروپەكانی پێ تاوانبار كراون، بەڵام بە وتەی عەباس عەرداوی، كە نزیكە لە گروپە چەكدارەكان، هێرشەكان ئامانج لێدان لەو چەكە بووە كە دەكرێت "یارمەتیدەر بێت" بۆ ئیسرائیل.
ئەوەش لەكاتێكدایە پێش چەند رۆژێك لە هێرشەكانی ئیسرائیل، ئەو پەرلەمانتارانەی سەر بە گروپە شیعەكانن، حكومەتیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە نەیتوانیوە سیستمێكی بەرگریی ئاسمانیی بەهێز دابین بكات. پێش چەند كاتژمێرێكیش لە هێرشەكانی ئەمەریكا بۆسەر سێ وێستگە ئەتۆمییەكەی ئێران گروپە چەكدارەكان هەڕەشەی ئەوەیان كرد "حساباتی ورد دەكەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ئەمەریكا بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران".
بەشێك لە گروپە چەكدارەكانیش باسیان لەوە دەكرد، "هەرچەندە ئێران پێویستی بەوە نییە" بەڵام "چاوەڕێی فەرمانی رابەری ئێران دەكەن" بۆ ئەنجامدانی هێرش.
