سبەى
ئیسماعیل قائانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران سەردانى عێراق دەکات، بۆ رێکخستنەوەى گروپە چەکدارەکان و پێکهێنانى ژوورێکی ئۆپراسیۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەى سیخوڕیکردن بەسەر گروپەکان و وڵاتەکەى.
قائانى کە ئەمڕۆ شەممە بۆ دووەمجار لەدواى بڵاوبوونەوەى دەنگۆى کوژرانى لە هێرشەکانى ئیسرائیلدا لە تاران دەرکەوت، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانى “میحوەرى بەرگرى” کۆدەبێتەوە، لەناویاندا گروپە چەکدارە عێراقییەکان و گروپى حوسییەکانى یەمەن و حزبوڵاى لوبنانى و حەماس و جیهاد، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پێگەى "مۆنتیکارلۆ"ى فەڕەنسى.
تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکان، تاوتوێکردنى قۆناغى داهاتووە، دواى شەڕى ئێران و ئیسرائیل.
سەرچاوەیەک لە گروپى چەکداری حزبوڵاى عێراقى دەڵێت، قائانی بەدوای "ڕێکخستنەوەی ڕیشەیی" میحوەرى بەرگرییەوەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئیتر پرسەکان بەو شێوەیەی پێشوو بەڕێوە نابرێن. میحوەرى بەرگرى لەبەر ڕۆشنایی کاریگەرییەکانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری گەورە دەبێتەوە.
وتیشى ژوورێکی ئۆپراسیۆن پێکدەهێنرێت، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی لە لوبنان و ئێران و عێراق. بەتایبەتى کە کە حیزبوڵای لوبنان و ئێران بەتایبەتی، بەهۆی سیخوڕی ئیسرائیلییەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
بەپێی راپۆرتەکە، لەکاتى شەڕى 12 رۆژەى ئێران و ئیسرائیل، نیگەرانی لە نێو گروپە چەکدارەکاندا هەبووە سەبارەت بە چارەنووسی دەسەڵاتى ئێران، بە تایبەت لەگەڵ باسکردنی هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات.
ئێران لە ئێستادا دەیەوێت گروپەکان لەسەر ئاستی سەربازی دڵنیا بکاتەوە. کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناو بزووتنەوەی نوجەبا، کە گروپێکى عێراقییە و نزیکە لە سوپای پاسدارانی پاسدارانی ئێرانەوە پێیانوایە، ئەم جوڵە خێرایە بەرەو میحوەری بەرگرى، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئێران پلانی هەیە بۆ بەهێزکردنی چالاکییەکانی میحوەرەکە لە قۆناغی داهاتوودا، کە جیاواز دەبێت لە قۆناغی پێش شەڕی ئێران و ئیسرائیل.
گروپە چەکدارەکانى عێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین، کە خۆیان وەک میحوەرى بەرگرى دەناسێنن، لەشەڕى 12 رۆژەى ئیسرائیل و ئێراندا بێدەنگى خۆیان پاراست، لەکاتێکدا پێشتر بۆماوەى ساڵانێکى زۆر لەلایەن ئێرانەوە بەکارهێنران بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
ئەو گروپانە لەلایەن فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانەوە سەرپەرشتى دەکرێن کە لەدواى کوژرانى قاسام سولەیمانییەوە لەلایەن قائانییەوە فەرماندەیی دەکرێت.
عەلى خامنەیی، رابەرى باڵاى ئێران ساڵی ٢٠٢٠، ئیسماعیل قائانی وەک فەرماندەی فەیلەقى قودسی سوپای پاسداران دەستنیشان کرد، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا لە بەغداد.
خامنەیی لە فەرمانى دەستبەکاربوونیدا، قائانی بە یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی سوپای پاسداران لە سەردەمی "بەرگریی پیرۆز" (ئەو دەستەواژەیەی ئێرانییەکان بۆ وەسفکردنی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەکاریدەهێنن) وەسفکرد.
قائانی لە ساڵی 1957 لە شاری مەشهەد لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کردووە و بەشداری شەڕی ئێران و عێراقی کردووە. لەو ماوەیەدا بووە دۆستێکى نزیکى قاسم سولەیمانی.
قائانی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا تیرۆرکردنى سولەیمانی لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک جێگری ئەو، بەرپرسى دۆسیەى ئەفغانستان و پاکستان و ئاسیای ناوەڕاست بووە.