کێ شوێنى دەگرێتەوە؟ سەرۆکى دادگاى فیدراڵى عێراق خانەنشینکرا

یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى: جاسم عەبود سەرۆکى دادگا فیدراڵى بەهۆى بارى تەندروستییەوە داواى خانەنشینبوونى کردووە و داواکەى پەسەندکراوە و دادوەر مونزير ئیبراهیم حوسێن وەک سەرۆکى دادگاى فیدراڵى کاندیدکراوە.
Primary Asset

سبەى

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى خانەنشینکردنى سەرۆکى داگاى باڵاى فیدراڵى عێراقى پەسەندکرد و دادوەرێکى بۆ جێگرتنەوەى کاندیدکرد، ئەوەش دواى کەمتر لە 10 رۆژ لە تەقینەوەى کێشەکانى ناو دادگاکە کە بەهۆیەوە سەرجەم ئەندامان و سەرۆکەکەى داواى دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد.

 ئەنجومەنەکە رۆژى یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست “سبەى” کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، جاسم عەبود سەرۆکى دادگا فیدراڵى بەهۆى بارى تەندروستییەوە داواى خانەنشینبوونى کردووە و داواکەى پەسەندکراوە و دادوەر مونزير ئیبراهیم حوسێن وەک سەرۆکى دادگاى فیدراڵى کاندیدکراوە.

مونزیر ئیبراهیم حەسەن تەمەن 62 ساڵ کە چاوەڕواندەکرێت ببێتە سەرۆکى نوێی دادگاى فیدراڵى عێراق، پێشتر ئەندامى یەدەگى دادگاى فیدراڵى و جێگرى سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەى فیدراڵى بوو، خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرایە لە یاسا، لە ساڵى 2018 ەوە لە دادگاى پێداچوونەوە کاردەکات.

رۆژى 19 ی حوزەیرانی ئەمساڵ، نۆ ئەندامى دادگای فیدراڵی عێراق دەستلەكاركێشانەوەیان پێشکەشکرد، كە شەشیان ئەندامی سەرەكیی و سیانیان یەدەگ بوون، ئەوەش بەهۆى ناڕازى بوونیان لە جاسم عەبود سەرۆکى دادگا، چەند رۆژێک دواتریش سەرۆکى دادگا هەمان هەنگاوى ناو دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکرد.

دەستلەکارکێشانەوەى دادوەرەکان پێش چەند كاتژمێرێك هات لە دانیشتنێكی یەكلاكەرەوە لەسەر دوو پرسی گرنگ، كە ئەوانیش پرسی مووچەى  مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پرسی دۆسیەی رێککەوتنى خۆر عەبدوڵڵا بوون.

پێش دەستلەکارکێشانەوەى ئەندامانى دادگاى فیدراڵى، دادگاکە تاوتوێکردنى دوو تانەى سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانى رەتکردەوە لەبارەى بڕیارى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى خۆر عەبدوڵا بۆ رێکخستنى کەشتیوانى لەنێوان عێراق و کوەیت.

دادگا 22 ى ئایارى بۆ تاوتوێکردنى تانەکان دیاریکرد، پاشان دوایخست بۆ 30 مانگ، دواتر بۆ 22 ى حوزەیران و ئێستاش بۆ 25 ى حوزەیران دواخراوە.

لەتیف رەشید سەرۆک کۆمارى عێراق رۆژى یەکشەممە داوایەکى هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەتى رەتکردەوە بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەک بەمەبەستى تاوتوێکردنى کێشەى نێوان دادگاى فیدراڵى و دادگاى پێداچوونەوە.

ئەوەش دواى ئەوەهات کە سەرۆکى دادگاى فیدراڵى لە 19 ى حوزەیران داواى لە پەرلەمان کرد کۆبوونەوەیەک بەبەشدارى سێ سەرۆکایەتییەکە و هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت لەو بارەیەوە ئەنجام بدات، بەڵام سەرۆکى پەرلەمان داواکەى رەتکردەوە، بەپاساوى ئەوەى دادگا سەربەخۆیە.

بەپێی ئەو یاسایانەى کارەکانى دادگای فیدراڵی ڕێکدەخەن، دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکان دەخرێتە بەردەم سەرۆکەکەی، ئەویش پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەکات. دووەمیان مافی ئەوەی هەیە دەستلەکارکێشانەوەکە پەسەند بکات یان پەسەندکردنی دوابخات تا هۆکار و پاڵنەرەکانی دەزانرێت، یان ڕەوانەی دەستەى چاودێری دادوەری بکات بۆ بڕیاردان.

دواى پەسەندکردنى داواى دەستلەکارکێشانەوە، دەخرێتە بەردەم سەرۆکی کۆمار بۆ دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی. پاشان کاندیدی نوێ بۆ پڕکردنەوەی پۆستە دادوەرییە بەتاڵەکانی ناو دادگاکە دەستنیشان دەکرێن. ئەم کاندیدانە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی چاودێری دادوەری و داواکاری گشتی کاندید دەکرێن و هەڵدەبژێردرێن. پاشان کاندیدە هەڵبژێردراوەکان دەخرێنە بەردەم سەرۆکی کۆمار بۆ دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی، ئەمەش زەمینە بۆ دەستنیشانکردنیان بۆ پۆستەکانیان خۆش دەکات.

 بەڵام ئەو یاسایانە، وردەکاری تایبەت سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکانی یان هەڵبژاردنیان لە ماوەی دیاریکراودا لەخۆناگرن. دادگاکە بەپێی ئەو یاسایانە کاردەکات کە پێش داڕشتنی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ دەرچووە، دواتر بەشێوەیەکی کاتی هەموار کراوەتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی