سبەى
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، گومانێکی تەواويان هەیە لە پابەندبوونی ئيسرائيل و ئەمەریکا بە بەڵێنەکانیان، لەوانەش ئاگربەست و جەختیکردەوە، ئامادەن وەڵامی توندی هەر هێرشێک بدەنەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکى نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێران، جەنەراڵ عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سەبارەت بە شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا و هەروەها پرسە ناوچەیی و دووقۆڵییەکان پەیوەندییەکى تەلەفۆنی لەگەڵ خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعوودیە ئەنجامداوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا موسەوی رایگەیاند، هێرشى ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر خاکی ئێران سەرەڕای کۆت و بەندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە کاتێکدا کە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا لە ئارادایە روویداوە.
وتیشى "ئەم دوو رژێمە نیشانیاندا کە پابەندی هیچ رێسا و نۆرمێکی نێودەوڵەتی نین و ئەمەش لە شەڕی سەپێنراوی 12 ڕۆژەدا بۆ جیهان سەلمێندرا".
"ئێمە دەستپێشخەری شەڕەکە نەبووین، بەڵکو بە هەموو توانامانەوە وەڵامی دەستدرێژکارەکەمان دایەوە، گومانێکی تەواومان هەیە لە پابەندبوونی دوژمن بە بەڵێنەکانیەوە، لەوانەش ئاگربەست، ئامادەین وەڵامێکی توندی بدەینەوە ئەگەر دەستدرێژییەکە دووبارە بکاتەوە"، جەنەراڵ سەید عەبدولڕەحیم موسەوی وایوت.
لاى خۆیەوە، وەزیری بەرگری سعودیە رایگەیاند، حکومەتی سعودیە لە ئیدانەکردنی دەستدرێژیەکان نەوەستاوە و هەوڵی زۆری داوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستدرێژی.
هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی ڕاوێژکارییەکان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و ڕۆڵی گرنگی ئێران و سعودیە لە گەیشتن بەو ئامانجە کردەوە.
رۆژی 24 ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئاگربەستی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیاند، بەوەش كۆتایی بە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئەو دوو وڵاتە هێنا.
ئەگەری هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران هەیە؟
ئەوەی ئیسرائیل و ئێران تا ئێستا لەسەری ڕێککەوتوون تەنها ئاگربەستە، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی. بەشێک لە شارەزایان پێیانوایە دوو ئەگەر چاوەڕوانى گرژییەکانى تاران و رۆژئاوا بە گشتى تاران و تەلئەبیب و واشنتن بە دیاریکراوى دەکات.
یەکەم ئەگەر دەستپێکردنەوەی پشکنینەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەستنی پەیماننامەیەکی نوێ لەگەڵ ئێران- هاوشێوەی رێککەوتننامەی ساڵی 2015 ، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
بەڵام ئیسرائیل پێشتر هەوڵی تێکدانی هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی نێوان ڕۆژئاوا و ئێرانی داوە و پێناچێت ڕێککەوتنێکی نوێ قبوڵ بکات. هەروەها ترەمپ چەندجارێکى جەختیکردووەتەوە کە ڕێگە نادات بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێبکاتەوە.
بەوتەى بەشێک لە شارەزایان، ئەگەر ئەم گرژییە بنەڕەتییە بەردەوام بێت، رەنگە سەرهەڵدانى خولێکی دیکەی شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران، تەنیا پرسی کات بێت.