تەنیایی؛ پەتای بێدەنگی سەدەی 21

#
9 مانگ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەر شەش کەس لە جیهاندا یەکێکیان بەدەست تەنیایی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت.
  • لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی 100 کەس لە جیهاندا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبنە قوربانی دەرئەنجامە جەستەیی و دەروونییەکانی تەنیایی
  • تەنیایی درێژخایەن پەیوەندی بە مردنی ساڵانە زیاتر لە 871 هەزار کەسەوە هەیە
  • لە جیهانێکدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان هەرگیز لەیەکترمان جیا ناکەنەوە، تەنیایی لە هەڵکشاندایە
Primary Asset

سبەی

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەر شەش کەس لە جیهاندا یەکێکیان بەدەست تەنیایی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت. 

تەنیایی کێشەیەک کە ساڵانە نزیکەی 870 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. لێکەوتە دەروونی و جەستەییەکانی پەیوەستن بە نەخۆشییەکانی وەک جەڵتەی دڵ، شەکرە، بیرچوونەوە، خەمۆکی. گروپە لاوازەکانی وەک هەرزەکاران، بەتایبەتی لە وڵاتانی کەم داهات زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەتوانرێت ئەم قەیرانە بە پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵ بکرێت.

بەپێی راپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، نزیکەی یەک لە شەش کەس لە جیهاندا هەست بە تەنیایی درێژخایەن دەکەن؛ بە بڕوای شارەزایان تەنیایی بوەتە قەیرانێکی شاراوە و مەترسییەکی جددی بۆ سەر تەندروستی گشتی.

مردنی بێدەنگ لە سایەی گۆشەگیریدا

ئەم ڕاپۆرتە شۆککەرە نیشان دەدات کە تەنیایی درێژخایەن پەیوەندی بە مردنی ساڵانە زیاتر لە 871 هەزار کەسەوە هەیە ئەمەش بەو مانایەیە کە لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی 100 کەس لە جیهاندا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبنە قوربانی دەرئەنجامە جەستەیی و دەروونییەکانی ئەم قەیرانە بێدەنگە. 

زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم، نەخۆشی بیرچوونەوە، خەمۆکی توند و تەنانەت خۆکوشتنیش تەنها هەندێک لە دەرئەنجامە ناسراوەکانی تەنیایین.

 بۆچی لە سەردەمی پەیوەندیکردندا تەنیاتر بووین؟

لە جیهانێکدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان هەرگیز لەیەکترمان جیا ناکەنەوە، تەنیایی لە هەڵکشاندایە. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەوەی گرنگە کوالیتی پەیوەندییە مرۆییەکانە نەک چەندایەتییەکە. ئەو پەیوەندییانەی کە قووڵی و هاوسۆزی و مانایان نییە، ناتوانن بۆشایی سۆزداریی پڕبکەنەوە.

هەرزەکاران؛ قوربانیی لەبیرکراوی تەنیایی

توێژینەوە نوێیەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 20%ـی هەرزەکاران لە جیهاندا هەست بە تەنیایی دەکەن. ئەم رێژەیە لە وڵاتانی کەم داهات زیاترە. دابڕانی کۆمەڵایەتی لە تەمەنێکی بچووکدا دەبێتە هۆی خراپی ئاستی ئەکادیمی و کەمی خۆبەگەورەزانین و خەمۆکی و کێشەی رەفتار و کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتییان هەبێت.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیازی ئەوە دەکات کە حکومەتەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تاکەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا پێکەوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی تەنیایی کۆمەڵایەتی. دروستکردنی کەشی گشتی بۆ کارلێکی کۆمەڵایەتی (وەک کتێبخانەکان، یانە ناوخۆییەکان و پارکەکان)، فێرکردنی تواناکانی پەیوەندیکردن لە قوتابخانەکان و بەهێزکردنی چالاکییە گروپییەکان دەتوانێت لەم ئاراستەیەدا کاریگەر بێت.

لە لایەکی ترەوە، کردارە سادەکانی تاکەکەسی دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە کەمکردنەوەی هەستەکانی گۆشەگیری: پەیوەندیکردن بە هاوڕێیەکی کۆن، پیاسەکردن لەگەڵ دراوسێیەک، یان تەنانەت گوێگرتن بە بەزەییەوە بۆ ناسیاوێک.

شارەزایان هۆشداریی دەدەن، ئەگەر تەنیایی بە کێشەیەکی تەندروستیی جددی هەژمار نەکرێت، لێکەوتەکانی نەک هەر مەترسی لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی ملیۆنان کەس دروست دەکات، بەڵکو بارگرانییەکی قورسی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەخاتە سەر حکومەتەکان.

لە جیهانێکی بەڕواڵەت پەیوەندیداردا، قەیرانی تەنیایی بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. بەڵام ئەم قەیرانە بەڕێوەدەچێت، بە مەرجێک بە جددی وەریبگرین و بە ئیرادە و هاوسۆزی بەکۆمەڵ، پەیوەندییە مرۆییەکان بگەڕێنینەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی